Print WWW.SBEIY.COM
 سەگی ئەفغانی، جیاوازە لەوانی تر
06/05/2015 10:54:59
(سبەی):
سەگی ئەفغانی یەكێكە لە كۆنترین زنجیرە سەگەكان كە لەجۆرە جیاواز و كەموێنەكانەو بەپێى لێکۆڵینەوەکان چوار هەزار ساڵ بەرلە زاین لە شاخەكانی ئەو وڵاتە ژیاوە، سروشتی لاشەی لاوازە، بەڵام خێرایە ئەمەش هۆكارە بۆئەوەی راوچیەكی لێهاتوبێت.
یەكێك لەو خەسڵەتانەی ئەم سەگەی لەجۆرەكانی دیكە پێ جیادەكرێتەوە توكە زۆرەكەیی و رەنگەكانیەتی كە چەند رەنگێكی وەك رەش و ئاڵتونی و قاوەیی و خۆڵەمێشی و سپی هەیە، راوچیەکى لێهاتوە و لەتوانایدایە ئاسك و بزن و بەراز راو بكات و شێوەی روخساری جوانە و بۆ پارێزگاریكردن لە مەڕوماڵات بەكاردەهێنرێت و زۆرێك لە گیاندارە دڕندەكان لێی دەترسن و بەهۆیەوە ناتوانن نزیكی ئاژەڵەكان بكەون.
سەگی ئەفغانی لەش و لاری زەعیفە و باڵای بەرزە، كە (25 بۆ 29) ئینج دەبێت و كێشی (45 تا 60) رەتڵە، زۆربەیان رەنگیان سپییە و بەوەجیادەكرێنەوە كە توكێكی زۆر بەلەشیانەوە هەیە، بەڵام رەنگە خۆڵەمێشیی و شینكیی و بێجیی و زیویەکەى بەناوبانگترینیانە، ئەگەرچی لەئەمریكا و ئەوروپا كەم راوبەم جۆرە سەگانە دەكرێت، بەڵام لای ئەوروپیی و ئەمریكیەكان جێگەی بایەخەو رەواجێكی زۆری هەیە و لای ئەفغانیی و میسریە كۆنەكانیش جێگەی بایەخ بوە.
ئەم جۆرە سەگانە لە خێزانی (سایت هاندە)ن و تونای بڕینی (35 بۆ 40) میلی هەیە لە سەعاتێکدا و كێشی نێرەكانیان (60) رەتڵە و مێیەكانیشیان (50) رەتڵ دەبن ، یەكێكی دیكە لە خەسڵەتەكانی ئەم سەگە ئەوەیە كە پێویستیەكی زۆری بە راهێنان نییە، چونكە زو فێری راوكردن و پاسكردن دەبێت.
سەگی ئەفغانی (12 بۆ 14) ساڵ دەژیی و هاوشێوەی جۆرەكانی دیكەی سەگ لەكاتی چونە تەمەنیەوە روبەڕوی چەندان گرفتاری وەك كەم بینین و كەم بیستن و هەوكردنی جومگەكان و شێرپەنجەو نەخۆشیەكانی دڵ دەبێت.