Print WWW.SBEIY.COM
 عەبادی: تەنانەت ئەگەر تیرۆریشم بکەن!
16/12/2014 11:25:25
عەبدولرەحمان راشد
لەعەرەبییەوە: لاوک ئەمجەد


ئایا نامەکە بۆ نەیارەکانی بو، یاخود هاوڕێک بۆ هاوپەیمانەکانی، کاتێک چەند رۆژێک پێش ئێستا بەڕونی وتی تەحەدایان دەکەم تەنانەت ئەگەر ئەوە ببێتە هۆی تیرۆرکردنی؟، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە یەک کاتدا شەڕی چەند بەرەیەک دەکات.

شەڕی "داعش" و گروپە تیرۆریستییەکان دەکات، کە وەکو خانەی شێرپەنچە لە رۆژئاوا و باکوری عێراق بڵاوبونەتەوە، هەروەها دەیەوێت هەڵمەتەکانی هاندان لە دژی رابگرێت لەلایەن نوری مالیکی سەرۆکی حکومەتی پێشو، سەرۆک وەزیرانی دورخراوە.

هەروەها لەبەرەی سێیەمەوە پاککردنەوەی وڵات لەگەورەترین پرۆسەی گەندەڵی و لەوانەشە لەسەر ئاستی جیهان بێت، کە زۆربەی داهاتەکانی وڵاتی گرتوەتەوە و هەڕەشەی مایەپوچبونی لێ دەکات، بەتایبەتیش دوای دابەزینی نرخی نەوت.

عەبادی رون بو لەوەی پرۆسەی پاککردنەوە، مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەکات، وەک ئەوەی قسەکانی بۆ کەسانی دیاریکراو بێت و تەحەدا دەکات لەوەی لەراوەدونانی ئەو کەسانە، تەنانەت ئەگەر باجەکەشی تیرۆرکردنی بێت. لەڕاستیشدا ژیانی کەوتە مەترسییەوە لەو ساتەوەختەی کە رەزامەندی دەربڕی لەسەر کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لە مانگی ئابی رابردودا، لەوکاتەی کاندیدەکانی تر ناوەکانیان بڵاوکرایەوە، لەترسی مالیکی خۆیان شاردەوە کە ئەو کات رەتیدەکردەوە واز لە پۆستەکەی بهێنێت.

یەکێکیان رویکردە لەندەن و لەوێ رایگەیاند، کە ئەگەر ئەو ئەرکەی پێ راسپێردرێت، ئەوا رەتیدەکاتەوە.

دوەمیش رویکردە بەیروت و سێیەمیش وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە، تەنها عەبادی مایەوە کە بە جورئەتەوە ئەو تەحەدایەی قبوڵکرد، بەو هۆیەشەوە مالیکی وەدەرنا و نیشانیدا کە ئەو تاکە کاندیدە و پاشەکشە ناکات، تەنانەت هۆشداریشی پێدرا لەلایەن مەرجەعی شیعەکان و ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا.

عەبادی بەپەلە دانرا، تەنانەت رێورەسمەکەش کورت بو، وێنەی مەراسیمی سوێندخواردنەکەش خراپ بو، لەو ساتەوە ئەرکە مەترسیدارەکەی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دەستیپێکرد، کە نازاندرێت ئەو فیشەکە ستەمکارە لەکوێوە دێت.

ئەوەی ئاگاداری وردەکاری شەڕەکانی دژ بە داعش بێت، دەزانێت قەبارەی تەحەدییەکە چەندەو سەری سوڕ دەمێنێت لە فراوانبونی چەقەکەی، و چۆن زیاتر توندوتیژ بوە، هەروەها هیچ ئاسۆیەکی نزیک نیە بۆ سەرکەوتنی هێزەکانی عێراق وێڕای ئەو هاوکارییانەی کە دەکرێت لەلایەن ئەمەریکاوە.

ئەمڕۆ جەنگی گەورە دژ بە "داعش" دەکرێت، کە لەوانەیە پێشتر هێزەکانی ئەمەریکا لەکاتی جەنگی "قاعیدە" روبەڕویان نەبوبێتەوە، ئەوەش پرسیاری جدی دەهێنێتە پێشەوە لەبارەی تواناکانی عێراق لەبەرگریکردن لەناوچە هەڵگەڕاوەکان، قەیرانەکەش هۆکاری سەرەکی شکستەیەکە، لەگەڵ گەندەڵی و سەرکردایەتی مالیکی کەوایکرد هەرێمە سوننەکان ئامادەکاری بکەن، لەهەمان کاتیشدا سوپایەکی لاواز لەسەر بنەمای مەحسوبیەت و کەسایەتی و تائیفی دروستکرا، عەبادی بەڵێنی ئەوەیدا کە بەردەوام دەبێت لە چاکسازییەکان، کە مالیکی دوای خۆی وڵاتێکی گەندەڵی جێهێشت، کە دەوترێت مالیکی ملیارەها دۆلاری داوەتە کەسەکان، لەگەڵ گرێبەستی وەهمی لەچوارچێوەی پرۆسەیەکی بەرفراوان و رێکخراودا.

عەبادی بژاردەی زۆری نیە، چونکە شەڕەکە پەیوەندیدارەو گرنگە بۆ مانەوەی رژێمەکەی ئێستا، بەوپێیەی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی، هیچی کەمتر نیە لە جەنگی دژ بە داعش.

چونکە حکومەتەکەی توشی مایەپوچبون و روخان دەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ سەرچاوەیەکی دارایی هەبێت کە بتوانێت لەفەرمانبەرەکان و چالاکییەکان و جەنگە چارەنوسازەکەیدا خەرجی بکات، هەروەها پارە دزەپێکراوەکان دەچێتە لای لایەنە سیاسییەکان و ئەوانیش رکابەری حکومەت دەکەن بۆ روخاندنی، هەمو ئەمانەش لەکاتێکدا دەکرێت کە زۆربەی عێراقییەکان هیچ کارێکی حکومییان نیە و دەوڵەتیش جێبەجێکردن ئەرکەکانی بەرامبەر بە هاوڵاتیان لەپاشکەشەدایە، وەکو فێرکردن و چارەسەرکردن و پرۆژە بەڵێندراوەکان، کە جگە لەچەند یاریگایەک، هیچی دیکە دروست نەکراوە، لەگەڵ هەندێک دامەزراوە کە لەبەسرە دروستکراوە.

بێگومان عەبادی رۆحی لەسەر شانی داناوە، سەرکێشی زۆر دەکات، لەهەمان کاتیشدا نەیارەکانی دەترسن لەوەی ئازاری بدەن، ئەوەش دوای ئەوەی فەزیحەکانیان لەسەر زمانی هەمو کەسێکە و بوەتە جێگەی توڕەیی جەماوەر.

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت