Print WWW.SBEIY.COM
 هەمومان پێکەوە ئەم رێگەیەمان بڕی
17/12/2014 17:04:47
حیکایەتی رێگاکەی پارتی داد و گەشە پێدان

ئیسماعیل چاغلار
لەفارسییەوە: هیوا مەجید خەلیل

پێشەکی وەرگێڕ:
کۆماری تورکیا هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا هەنوکە زۆر بەزمی و نزمی سیاسی بە خۆوە بینیوە. ئەوەی کە لەهەمویان گرنگترە دەکرێت بە دەسەڵات گەیشتنی پارتێکی ئیسلامی بێت کە لە ٢٠٠٢یەوە فەرمانڕەوایی ئەم وڵاتە دەکات. لەیەکەم قۆناغی بە دەسەڵات گەیشتنی ئەم پارتە، سەرکردەکانی لەوتارەکانیاندا جەختیان بە پابەند بون بە سیستەمی سکۆلار/لائیکی دەسەڵات و کۆمەڵگای تورکیا دەکردەوە. دواتر ئەم نەبرەیە لەبیر کراوە و دەنگۆی دەستکاریی لەدەستوری تورکیا هاتەکایەوە. لەسێیەمین قۆناغی دەسەڵاتدارێتی ئەم پارتە وەها دیارە کە سەرکردەکانی هێدی هێدی پشت لە بەڵێنی پابەندی بە دەوڵەتی سیکۆلار دەکەن. ئەم هەنگاوانەی پارتی دادو گەشەپێدان و بە تایبەتیش تۆمەتبارکردنی بە پێوەندی لەگەڵ گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی وەک داعش بوە هۆی لەدەستدانی پشتگیریی بۆ بەدەستهێنانی کورسی ئەندامێتی کاتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە لایەک و بون بە خەونی چونە ناو یەکێتی ئەوروپا لە لایەکیترەوە. ئەم بابەتەش لە ١٥-١٢-٢٠١٤ راستەوخۆ لە وتارەکانی ئەردۆگان لەئەزمیر ئاماژە پێدرا کاتێک کە ئەردۆگان وتی چونە ناو یەکێتی ئەوروپا چیتر بۆ ئێمە گرنگ نییە. لەڕوی نێودەوڵەتیشەوە پەیوەندییەکانی تورکیا لەسەردەمی ئەم پارتەدا بە نزمترین ئاستی خۆی گەیشتوە بە تایبەتیش لەگەڵ ئیسرائیل و کۆمەڵگای رۆژئاوایی.

دەکرێت ئەم پێشهاتانە هەم دەرهاوێشتەی سیاسەت و گوتاری ئاک پارتی بن لە لایەکەوە و هەمیش لە لایەکیترەوە خۆیان ببنە هۆکاری زۆرتر جەخت کردنە سەر شوناسی ئایینی لەلایەن ئاک پارتییەوە. ئاک پارتی بە باشی دەزانێت کە ناتوانێت چیتر بچێتە ناو یەکێتی ئەوروپاوە یاخود زۆرتر چاوەڕوان بێت. هەر بۆیەش ئەلتەرناتیڤی وەرچەرخان بەرەو رۆژهەڵاتی ئیسلامی هەڵبژاردوە. لەم رێگەیەشەوە ١ ئەگەری زۆرتر لەسەر دەسەڵات مانەوەی هەیە. ٢ بەشێکی باشی دەنگی کورد بۆ خۆی دابین بکات. ٣ بەشە سونەکانی جیهانی ئیسلام وەک وڵاتی پێشڕەو سەرکردەی جیهانی ئیسلامی سوننە بڕواننە تورکیا، بە تایبەتیش دوای تێکچون و قوڵبونەوەی پەیوەندی نێوان جیهانی عەربدا، (کە لەوانەیە ئەم خاڵە کاریگەیی نێگەتیڤی لەسەر داهاتووی کورد بە گشتی و کوردەکانی ئەم پارچەیە بە تایبەتی دروس بکات) ٤. گشت ئەمانە پێگەیەکی ئابوری بەهێز بەتورکیا دەبەخشن و ئەگەری ئەوەشی لێدەکێتەوە بە هۆی ئەم قورساییەی کە لە رێگەی ئەم خاڵانەی سەرەوە باسکرا، دوبارە رۆژئاوا وەک سەردەمی جیهانی دو جەمسەریی باوەش بۆ تورکیا بکاتەوە هەم بە حوکمی پێگە جیۆپولیتکەکەی و هەمیش بە حوکمی زۆرتر کرانەوەیی ئەم وڵاتە بە بەروارد بە وڵاتانیتری موسوڵمان نشینی رۆژهەڵاتی ناڤین. ئەم وتارەی خوارەوە ئەگەرچی ماوەیەک بە سەر مێژوی نوسینیدا تێپەر بوە بەڵام هێشتا بۆ زانینی ئەوەی کە چۆن ئاک پارتی لەماوەیەکی کورتدا سەرکەوت و بناغەی کۆمەڵایەتی ئەم پارتە زۆرتر لە چ بەشێک پێکهاتوە، جێگەی بایەخە. زیاد لەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە زۆر گرنگە رەوتی سیکۆلاریزەکردنی کۆمەڵگاکانی موسوڵماننشین هەم بە سود وەرگرتن لەئەزمونی رۆژئاوا، هەمیش هێدی هێدی، (نەک بە مانای زۆر خاو) و هەمیش لەهەمویان گرنگتر هەڵقوڵاوی تێڕوانینەکی ناوخۆیانەی رەخنەگرو نوێ بۆ ئایین بێت. لەرێگەی ئەم وتارەوە دەکرێت درک بە دروشمەکانی هەنوکەی ئەردۆگان بکەین. دروشمەکانی وەک 'موسڵمانان کێشوەری ئەمریکایان دۆزیوەتەوە'، 'ژن و پیاو یەکسان نین'، 'گەڕانەوەی شێوازی نوسینی عوسمانی' و.... ئەم وتارانە هەم سەرچاوە لە باکگراوەندی سەرکردەکانی ئاک پارتی وەردەگرن، هەمیش موخاتەبی جیهانی ئیسلامی دەکات. کە ئەگەر دەستکەوتی کورتخایەنی بۆ ئاک پارتی هەبێت، بەڵام لەوانەشە کارەساتی زۆر جیددی لەدرێژخایەندا بۆ سەرتاپای کۆمەڵگای تورکیا بە دویدا بێت. لەوەرگێڕانی ئەم بابەتەدا پەراوێز و سەرچاوەکان ئاماژە پێنەدراون تەنیا ئەو پەراوێز گرنگانە نەبێت کە لە ناو دو کەوانەدا و لەناو خودی دەقەکەدا هێنراونەتەوە.

دەقی بابەتەکە:
پارتی دادو گەشەپێدان بە بەدەستهێنانی ٦٣.٣٤٪ دەنگەکان لە هەڵبژاردنەکانی نۆڤەمبەری ٢٠٠٢دا سەرکەوتنی بەدەستهێناو توانی بە بێ گرێدانی هاوپەیمانی حکومەت پێکبێنێت. بەو پێیەی کە راپرسی و بۆچونی شارەزایانی سیاسی، باس لەئەگەرەکانی سەرکەوتنی ئەم پارتەیان دەکرد، بۆیە سەرکەوتنی پارتی دادو گەشەپێدان لەناکاو و چاوەڕوان نەکراو نەبو. لەگەڵ ئەمەشدا سەرکەوتنی پارتێک کە تەنیا یەک ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەرباز دەبو، ئەویش لەیەکەم ئەزمونی هەڵبژاردنەکانیدا، پرسیارێک بو کە ماوەیەکی دور و درێژ و تەنانەت تا هەنوکەش زۆر کەسی بەخۆوە سەرقاڵکردوە. سەرهەڵدانی پارتەکە لەناخی ئیسلامی سیاسیداو سەرکەوتنی لەبەرەو پێشبردنی ستراتیژیەتی رێکخستنی پارتایەتی لەلایەک و هەروەها سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری و سیاسی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩-٢٠٠٠دا لە لایەکیترەوە، دو رونکردنەوەی سەرەکی بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری سەرەوە پێکدێنین.

لەم نوسراوەدا، سەرەڕای رێککەوتنێکی رێژەییانە لەسەر ئەم دو رونکردنەوەیەو بە گەڵاڵەکردنی دو پرسیاری سەرەکی و پەیوەست بە زەمینە کۆمەڵایەتی و مێژوییەکانی سەرکەوتنی پارتی داد و گەشە پێدان، شرۆڤەکەی خۆمان دەخەینەڕو. خستنەڕوی شیکارییەکی کۆمەڵایەتی و مێژویی پوخت، سەبارەت بە هۆکارەکانی پێشکەوتنی پارتی داد و گەشە پێدان، بە بێ تێگەیشتن لەپەرچەکرداری بەشە پارێزگارەکەی کۆمەڵگا لەهەمبەر هەوڵەکانی سیکۆلاریزەکردنی تورکیا، لەدوای دامەزراندنی کۆمار تورکیاو وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە مومکین نییە: بەشە پارێزگارەکەی کۆمەڵگا لە چ بوارێک لەگەڵ رەوتی سێکۆلاریزەکردنی کۆمەڵگادا هاودەنگ و دژی کامانە بوار بون؟ ئەم بەشەی کۆمەڵگا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان چ ڕیکارێکیان گرتەبەر؟ لەپاڵ ئەم شیکارییە بونیاتیەدا، بۆ پاراستنی دور بینینی سیاسی، پێویستە روداوی ٢٨-٢-١٩٩٧ کە لەتورکیا بە کودەتای پۆست مۆدێرن ناوبانگی دەرکردو بارەدۆخی سیاسی هەڵقوڵاو لەم کودەتایە بخەینە بەر باس و هەڵسەنگاندن.

رەگە مێژوییەکان:
رێفۆرمیستەکانی عوسمانی بەمەبەستی پاراستنی ئیمپراتوری، لە ١٣ نۆڤەمبەری ١٨٣٩دا بە گردکردنەوەی یاساکانی چاکسازی ناسراو بە 'تەنمزیمات' رایانگەیاند کە گشت گروپە نەژادی و ئایینیەکانی ئیمپراتوری عوسمانی لەڕوی مافەوە یەکسان دەبن. ئەم کردەوەیە بەچاو پۆشین لە سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی، بە مانای لەدەستدانی پێگە باڵاکەی دانیشتوانی موسوڵمانی سونەی ئاناتۆڵیا دەهات کە زۆرینەی دانیشتوانی پێکدێنا. ئەم بەشەی دانیشتوان هێشتا لەگەڵ چاکسازییەکانی تەنزیمات را نەهاتبون کە جارێکیتر بەهۆی چاکسازییەکانی سێکۆلار لەدوای راگەیاندنی سیستەمی کۆماریی، بون بە هاوڵاتیە نەخوازراوەکانی دەوڵەتی نوێ. پۆشاک و سیمبولە ئایینیەکان کە تا پێش راگەیاندنی کۆمار لەبۆنە کۆمەڵایەتیەکاندا خاوەن جیاوک و پێگەی باڵاتر بون، دوای راگەیاندنی کۆمار وەک بەڵگەنامەی تاوان هەژمار دەکران. رەخنەگرتنیش لەم بارودۆخە نە تەنیا تاوان بو، بەڵکو لەوانە بو رەخنەگریش تا پەتی سێدارە بڕوات. (بۆ نمونە عاتف ئەفەندی کە مامۆستای دوا ناوەندی بو، دو ساڵ پێش هاتنی یاسای كڵاو بەبەتێکی بە ناوی 'کڵاو و لاساییکردنەوە لەرۆژئاوا' نوسیبو لەساڵی ١٩٢٦دا بەپێی یاسای دادگای سەربەخۆیی لەسێدارە درا). تێگەشتن لەم جۆرە بارودۆخە بۆ تورکە سونیەکان کە هەر لەسەردەمی سەلجوقیەکانەوە لەگەڵ چەمکی ئایین و دەوڵەت- واتە وابەستە بونی ئایین و دەوڵەت بە یەکترەوەو لەهەمانکاتدا لێک جیایی هەردوکیان- راهاتبون سەخت بو.

بەشی سونەی پارێزگار لەهەمبەر ئەم بارودۆخە نەخوازرا و پێش بێنی نەکراوەدا، پەنایان بۆ بەرگریی نەرێنی برد. بەرگریی نەرێنی واتە دوورە پەرێزی لە ژیانی کۆمەڵایەتی نوێ کە بە هۆی خەسڵەتە سیکۆلارەکەیەوە توانایی مانەوەی لەم بەشە لە دانیشتوانی سەندبوو. هۆکاری ئەوەی کە بەرگری ئەم دەستەیە شێوازی نەرێنی لە خۆگرت، ئەوە بوو کە بە پێی تێگەشتنی کلاسیکی لە ئایین و دەوڵەت ملکەجی بۆ فەرمانڕەوا، بە واتا کلاسیکیەکەی ملکەجی بۆ 'اولوالامر' لەبناغە سەرەکییەکانی ئایین هەژمار دەکرێت. هۆکارێکیتر لە لەمپەرەکانی بەرگری ئاکتیڤانەی سونیە پارێزگارەکان بریتی بو لەلاوازی روحی و جەستەیی خەڵکی ئاناتۆلیا بە هۆی شەڕە بەردەوامەکانی پێش ١٩٢١ تا بە کۆتا هاتنی شەڕی سەربەخۆیی کە زۆرتر لەدە ساڵی خایاند. ئاکتای بەرگری نەرێنی کە لە دەرنجامی ئەم بارودۆخە و خۆپەرێزی لەژیانی کۆمەڵایەتی هاتەکایەوە بە پرۆسەی 'دیاسپۆرای سیمبۆلیک' ناو بردوە. بە بۆچونی ئاکتای جیا بونەوە لەمێژوگەرێتی ئیسلامی و داب و نەریتەکانی ئیمپراتوری عوسمانی لەهۆکارەکانی هاتنەکایەوەی ئەم 'دیاسپۆرای سیمبولیک' بوە. بۆ رونکردنەوەی زۆرتری ئەم بارودۆخە، بە سوودە کە باس لە هەندێ قۆناغی ژیانی خەیرەدین کارامان، ماموستای ئیلاهیاتی ئیسلامی بکەین.

 کارامان کە یەکەمین نەوەی مامۆستایانی قوتابخانەکانی 'ئیمام و خەتیب' بو، دەنوسێت کە لەسەردەمی خوێندنی لە دواناوەندیدا، مامۆستاکانی ئەو و هاو پۆڵییەکانی دەبرد بۆ 'ماڵی گەل' لە شار و ئەوانیان ناچار دەکرد کە بە تێکەڵاوی لەگەڵ کچاندا سەما بکەن، چونکە لەو سەردەمەدا سەمای تێکەڵاو بە یەکێک لە هێماکانی مۆدێرنیتە هەژمار دەکرا. زیاد لەمەش یەکێک لە ماموستاکانی کارامان- کە کارامان بە نهێنی لە لای ئەو فیرە وانەی ئایینی دەبو- لە ترسی لە رێگەلادانی ئەخلاقی، نەیهێشت کوڕەکەی لە قوتابخانەی حکومی بخوێنێت.

ئیسلام بە چاو پۆشین لە رۆڵەکەی لەژیانی رۆژانە و کاروباری حکومەتدا، لە رووی تیۆرییەوە بناغەی بۆنەکان و پەیوەندی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگای عوسمانی پێکدێنا. تەنانەت 'ماردین'یش کە پەیوەندی نێوان سەنتەر و ناوچە لادێی و پەروێزخراوەکانی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای ئایینی شرۆڤە دەکات، چەمکاندنی ئەم جۆرە تەنگژەیە دەکات لە ژێر ناونیشانی تەنگژەی ناوەند- پەراوێز و دان بە رۆڵی تیۆریانەی ئیسلام دەنێت. ماردین ئەو دۆخەی کە ئاکتای بە 'دیاسپۆرای سیمبۆلیک' ناو دەبات بە شێوازەکیتر دەردەبڕێت. ئەو دەنوسێت کە بە دامەزاندنی سیستەمی کۆماری، پەیوەندی نێوان نوخبە و خەڵک کە چوارچێوە تیۆریەکەی لەسەر بنەمای ئیسلام دامەزرا بو، پچڕا. هەر بۆیەش ئەو کەسانەی کە هەستیاریی ئایینی ئیسلامیان هەبوو چونە ناو "قۆزاخەی کۆمەڵایەتی- social cocoon "دا.

بەڵام ئەو کەسانەی کە رویان لەم خۆ نەفیکردنە لەژیانی کۆمەڵایەتیدا کرد، ئەم بارودۆخەیان بە بارودۆخێکی کاتی دەزانی کە دەرباز دەبێت. ئیسمائیل کارا بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەم خۆ نەفیکردنە، باس لە خەیال و شرۆڤەی ئەم خەیاڵە دەکات کە لە نێوان ئیسلامییەکاندا بوە بە ئەفسانەیەکی بە ناو و بانگ. شایانی باسە باوکی ئیسمائیل کارا کە خەتیبی مزگەوتی گوندێکی لەئەستۆ بو، لەو کەسانە بو کە بۆ پاراستنی شێوازی ژیانی ئیسلامی چوونە ناو 'قۆزاخی کۆمەڵایەتی' هەڵبژاردبو. خەیاڵەکە پەیوەستە بە شێخ رەحمی بابا کە لە سەردەمی عەبدولحەمیدی دوەمدا پلەی شێخولئیسلامی هەبو. لەیەکێک لەساڵانی کۆتای دەیەی ١٩٣٠دا، شێخ رەحمی بابا بانگەشەی هاوڕێیەکانی کرد بۆ یەکێک لەگوندەکانی ئاناتۆڵی بۆ خوێندنی 'قەهریە' . لە دژی کاربەدەستانی سیستەمی کۆماری بە تایبەتیش مستەفا کەماڵ (قەهریە بۆنەیەکی ئایینیە لەئاینزای نەقشەبەندیدا کە تێیدا، بەشداربوان بۆ لەناوبردنی کەسێک یان گروپێک وشەی 'یا قەهار' کە یەکێک لەسیفەتەکانی خوایە دوبارە دەکەنەوە). بەڵام خوێندنی قەهریە بەهۆی یەکێک لە خەونەکانی شێخ باباوە تێک دەچێت. شێخ بابا لە خەونەکەیدا دەبینێت کە پێغەمبەری ئیسلام نەخشەی جیهانی لە پێش خۆی داناوە و خەریکی دابەشکردنی جیهانە. لەسەر نەخشەکەدا ناوچەی ئاناتۆلی بە رەنگی رەش دەبینرێت و دیوارێکی ئەستور بەڵام نزم بە دەوریدا کێشراوە. کاتێک کە لەسەر نەخشەکە نوێرەی دابەشکردنی ئاناتۆلی دێت، مستەفا کەماڵ کە بە شەرمنانە و گۆشەپەرێزانە لەسەر نەخشەکە وەستاوە ئاماژە دەکات و دەڵێت " ئێرە بیدەن بە ئەو". شێخ رەحمی و هاوڕێکانی بەم شێوەیە شڕۆڤەی ئەم خەیاڵە دەکەن: رەشبونی رەنگی ئاناتوڵی لەسەر نەخشە و دیوارە دەورە دراوەکەیدا، نیشانەی روداوێکی ناخۆشە. بەڵام کورت بونی دیوارکە بە مانای دەرباز بوونی ئەم دۆخە دێت. زیاد لەمەش خودی پێغەمبەر بو کە ئاناتولی بە مستەفا کەمال بەخشی. هەر بۆیەش شێخ و هاوڕێکانی لە خوێندنی قەهریە چاوپۆشیان کرد.

لەڕاستیدا، گروپە خاوەن هەستیاریی و مەیلی ئیسلامی لەیەکەمین هەلی رەخساو بەرەو هەنگاونان بۆ سەر پانتایی گشتی کۆمەڵگا هەنگاویاننا و لە لەم پانتایەدا بونی خۆیان نمایشکرد. لەڕوانگەی 'پارتی کۆماریخوازی گەل'ەوە کە بە هۆی دەرەنجامەکانی شەڕی دوەمی جیهانی و لەژێر گوشاری نێودەوڵەتی رازیبو بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی فرە حزبی، هەڵبژاردنەکانی ١٩٤٦ لەتورکیادا بە خاڵی وەرچەرخان هەژمار دەکرێت.  ئەگەرچی دەرەنجامە فەرمییەکان پارتی کۆماریخوازیی گەلی بە دەرچو هەژمار کرد، بەڵام پشتگیریی دەنگدەران لەپارتی دیموکرات لەهەڵبژاردنەکەدا کە لەئەدەبیاتی سیاسی تورکیا بە دروشمی "هەڵبژاردنی شەفاف، هەڵاوێردکردنی نهێنی" ناو دەبردرێت، پارتی کۆماریخوازی گەلی ناچار کرد کە بە سیاسەت و رێبازە حزبیەکەیدا بچێتەوە، بە تایبەتیش لە بوارە ئایینیەکاندا.

لەهەفتەمین کۆنگرەی پارتی کۆماریخوازی گەل لەساڵی ١٩٤٧دا، پرسە ئایینیەکان، بابەتی سەرەکی کۆنگرە بون. لە ساڵی ١٩٤٩دا، هەندێ لە مەرقەدە پیرۆزەکان بەڕوی خەڵکدا کرایەوەو لەهەمان ساڵدا لە هەندێ شار قوتابخانەکانی ئیمام و خەتیب کرانەوە. ئەم پارتە بەم هەنگاوانە هەوڵیدا کە پەرچەکرداری توندی خەڵک لەهەمبەر ئەم جۆرە قەدەغەکاریانە کەم بکاتەوە. سەرەڕای گشت ئەم هەوڵانە، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٥٠دا، ئەو کەسانەی کە لە 'دیاسپۆراکانی سیمبولیک' یان لە 'قۆزاخەی کۆمەڵایەتییەکان'ی خۆیاندا دەژیان، سەرەڕای ئەوەی کە بە تەواوی قەناعەتیان بە دروشمەکانی پارتی دیموکرات نەهێنابو، بەڵام بە باشی دەیانزانی کە دەنگ بە کام پارتی سیاسی بدەن. هەر بۆیەش لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٥٠دا پارتی دیموکرات بە بێ هاوپەیمانی سەرکەوتنی مسۆگەر کرد.

پارتی دیموکرات کە درکی بە رۆڵی یەکلاکەرەوەی ئایینی کردبو، لە وەڵامدانەوە بۆ داخوازیی ئەو مرۆڤانەی کە لەناو 'قۆزەخە کۆمەڵایەتیەکان'دا دەژیان، بواری ئازادیی ئایینی کە لە لایەن پارتی کۆماریخوازی گەلەوە دەستپێکرابو، برەوی پێدا. سەبارەت بە چاکسازیی ئایین، پارتی دیموکرات بەپێی ریزبەندی مێژویی هەستا بە کردنەوەی پوڵەکان، قوتابخانەکانی ئیمام و خەتیب و دوا بەدوای پەرەسەندنی قوتابخانەکانی پەروەردەی زانستە ئایینەکان لەلایەن پارتی کۆماریخوازەوە، پارتی دیموکراتیش لە هەفت پارێزگادا، قوتابخانەی ئیمام و خەتیبی کردەوە. لەم قوتابخانانەدا کە سەرەڕای قورئان و حەدیس و فیقهە، وانەکانی وەک فیزیا، کیمیا و زیندەوەرزانیش دەخوێندرا، وەک گشت دامەزراوە پەروەردەییەکان لەدو بەشی ناوەندی و باڵا (دواناوەندی) پێک دەهاتن.

قوتابخانەکانی ئیمام و خەتیب بۆ ئەو کەسانەی کە پەروەردەی ئایینی لە قوتابخانە حکومییەکان بە کافی نەدەزانی یا خود ژینگەی ئەخڵاقی ئەم جۆرە قوتابخانانەیان بە پەسەند نەدەزانی، بە واتایەکیتر دورە پەریز بوون لە ژیانی کۆمەڵایەتی و چوبونە ناو 'قۆزاخی کۆمەڵایەتی' خۆیاندا، بە هەلێکی گونجاو هەژمار دەکرا. قوتابخانەکانی ئیمام و خەتیب یەکێک لە فاکتەرە سەرکیەکانی کۆتایی هێنان بە خۆ نەفیکردنی ئەو کەسانە بوو کە خاوەن هەست و مەیلی ئایینی بوون. هەروەها ئەم قوتابخانانە بواری گەڕانەوەی ئەم بەشەی کۆمەڵگا بۆ سەر شانۆی کۆمەڵایەتی فەراهەم کرد. چونکە لە لایەکەوە خوێندنەوەی وانە ئایینیەکان لەم قوتابخانانەدا هەم نیگەرانییە مەعنەوییەکانی ئەم کەسانەی لەبەین دەبرد و هەمیش لە لایەکیترەوە هەر وەک قوتابخانە حکومییەکان وانەکانی وەک فیزیا و کیمایا و زیندەوەرزانی دەخوێندران. ژمارەی قوتابخانەکانی ئیمام و خەتیب کە لە سەڵی ١٩٥١دا بە هەفت قوتابخانە و ٨٧٦ قوتابی دەستی پێکرد، لە ساڵی ١٩٦٠دا واتە دوایین ساڵی دەسەڵاتدارێتی پارتی دیموکرات گەیشتە ١٩ قوتابخانە و ٢٩٢٢ قوتابی.

پشتگیریی خەڵک لە قوتابخانەکانی ئیمام و خەتیب تەنیا بە مەبەستی ناردەنی منداڵەکانیان بۆ ئەم قوتابخانانە نەبوو. ئەوان تێچونی بنیاتنای قوتابخانە و پێداویستییە پەروەردەکانیشیان لە ئەستۆ دەگرت. تەنانەت روودانی دوو کودەتا (کودەتای ١٩٦٠ و ١٩٧١) نەیتوانی ببێتە لەمپەر لەبەردەم زیاد بوونی ژمارەی قوتابخانەکانی ئیمام و خەتیب و خوێندکارانی. لە ساڵی ١٩٧٣دا دەرچوانی قوتابخانەکانی ئیمام و خەتیب رێگەیان پێدرا کە لە زانکۆکان وەربگیردرێن.  ئەگەرچی هەنۆکە قوتابخانەکانی ئیمام و خەتیب لە سەر ئاستی ناوەندیدا چاڵاکیان نییە و دەرچووانی ناتوانن بچن بۆ زانکۆکان بەڵام ئەم قوتابخانانە تا هەنۆکەش بونی خۆیان پاراستوە.

بە سەیرکردن لە لیستی ناوی دەرچوانی قوتابخانەی ئیمام و خەتیبی ئیستانبوڵ (سەردەمی چاڵاکی ١٩٦٥-٧٥) دەکرێت پەی ببردرێت بە پەیوەندی نێوان 'دیاسپۆرای سیمبولیک' و 'قۆزاخی کۆمەڵایەتی' لەگەڵ ئەم جۆرە قوتابخانانە و پێگەی پارتی دادو گەشەپێدان لەرێڕەی ئەم پرۆسەیدا. زۆرێک لە دەرچوانی قوتابخانەی ئیمام و خەتیبی ئیستانبوڵ، ئەمڕۆکە لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی ئیسلامگەراکان و بە تایبەتیش پارتی داد و گەشەپێدانن.

پێگەکان:
قەدیر توپ باش شارەداری ئیستانبوڵ لە پارتی داد و گەشەپێدان
ئەحمەد شیسمان سەرۆکی وەقفی ئەنسار
یوسف زیاعودین سولا، سەرۆکی وەقفی ئوندەر
عەلی ئێبیش نوێنەری پێشوی پەرلەمان و راوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆگان
عەلیرەزا دەمیرجان، شارەزای بابەتە ئایینیەکان، شارەداری بی ئۆغلو لە پارتی داد و باوکی مسباح دەمیرجان
محەمەد عەلی شاهین وەزیری پێشوی داد و سەرۆکی ئەنجومەنی ئێستا
رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک وەزیر
عوسمان دەولی ئۆغلو ، شارەداری باغچە لەروی ئیستانبول لە پارتی داد و گەشەپێدان
یەحیا باش شارەداری پیشوی گون گۆرەن، ئەندام پەرلەمان
یوسف تولون، شارەداری ساری یێر لە پارتی داد و گەشە پێدان
نەسرەت بایراکدار، شارەداری پیشوی بی ئۆغلو، نوێنەری ئێستای پەرلەمان لە پارتی داد و گەشە پێدان
عەبدوڵرەحمان ئەسمەرار، دامەزرێنەری موسیاد
نوری ئال بایراک، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ئیستانبوڵ لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤-٢٠٠٣
مەحیەدین گەمیجی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرانی (سەرۆکایەتی) کۆمپانیای کلتور و هونەر و سەرۆکی وەقفی بیرلیک
راگیب گول تەکین سەرۆکی دەستەی بەڕیوەبەرانی (سەرۆکایەتی) ئاسکون
ئیبراهیم سولماز سەرۆکی پێشوی وەقفی ئۆندەر
محەمەد سمکین شارەوانی پێشوی کارتال

ئەمە خۆی لەخۆیدا نیشان دەدات کە چۆن مرۆڤی خاوەن مەیلی ئایینی، هەر بە دیتنی کولانەی ئیمکانی بەشداریکردن لە شانۆی ژیانی کۆمەڵایەتی لە 'قۆزاخە کۆمەڵایەتیەکان'یان دەردێن و هاوشانی بەها خوازراو و رێز لێگیراوەکان لە لایەن خۆیانەوە دێنە ناو ژیانی کۆمەڵایەتیدا. لە ناو قوتابخانەکانی ئیمام و خەتیبدا خوێندنی پەروەردەی ئایینی لە پاڵ پەروەردەی فەرمی حکومی کە لە ئامرازاکانی بونی دەوڵەت لە ناو پانتای گشتیدا هەژمار دەکرا، لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە بە بابەتێکی کاتی و گوزەرا هەژمار دەکرا. ئەم بەشەی هاوڵاتیان کە رێگەی چارەسەریان لە بە دەسەڵات گەیشتنی تاکی 'باوەڕمەند' و 'خاوەن ئەخڵاق' ، 'جێگەی متمانە' و هاوڕا لەگەڵ خۆیان دەزانی، بە باشی سودیان لەم هەلەی بەدەستهاتو وەرگرت. بونی یەکێک لە قوتابخانەکانی ئیمام و خەتیب لەئیستانبوڵ دەربڕی جوڵە و پێشڕەویی ئیسلامگەراکان لە پەراوێزەوە بۆ ناوەند بو.

لەیەکەمین دێرەکانی ئەم بابەتەدا پرسیارمان کە بۆچی پارتی داد و گەشەپێدان دوای دەرباز بونی تەنیا یەک ساڵ لە دامەزراندنی و لە یەکەمین ئەزمونی هەڵبژاردنیدا، توانی بە بێ هاوپەیمانی دەسەڵات بگرێتە دەست. ئەم دێرانەی سەرەوە وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە. ئەگەرچی پارتی داد و گەشە پێدان لە ساڵی ٢٠٠١دا دامەزرا، بەڵام بناغەی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵی موخاتەبکرای ئەم پارتە، دیاردەیەکی سیاسییە کە مێژوی شکڵگرتنی بۆ سەرەتاکانی سێکۆلاریزەکردنی تورکیا دەگەڕێتەوە. ئەم بناغە کۆمەڵایەتیەش بە لانیکەمەوە لە رووی تیۆرییەوە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پەیوەندی کۆمەڵایەتی دامەزراوە. هەروەها بەها ئیسلامیەکان وەک پردێک لەنێوان بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادا کاری دەکرد. بەڵام موخاتەبی سەرەکی ئەم بەهایانە ئەو بەشەی کۆمەڵگا بو کە بە هۆی مەیلە ئیسلامیەکەیانەوە چوبونە ناو قۆزاخی خۆیانەوە.  بەڵام لە رێگەی ئامرازگەلێکی وەک قوتابخانەکانی ئیمام و خەتیب هەوڵی گەڕانەوە بۆ پانتای ژیانی کۆمەڵایەتیان دەدا. خوێندنەوەی ریشە کۆمەڵایەتییەکانی پارتی دادو گەشە پێدان لە رەهەندی مێژوی کۆمەڵایەتییەوە سودمەندە. لەگەڵ ئەمەشدا لەپێناو شیکردنەوەیەکی پوخت و تەواو، پێویستە خوێندنەوەی بارودۆخ و ئەو ستراتیژیانە بکرێت کە لە کۆتایی دەیەی ١٩٩٠ بوە هۆی سەرهەڵدانی پارتی داد و گەشەپێدان لە پانتای سیاسیدا.

بارودۆخی سیاسی تورکیا لە دەیەی ١٩٩٠ و پێشکەوتنی پارتی داد و گەشە پێدان
ئەگەر گریمانەی پێگەی کۆمەڵایەتیی پارتی دادو گەشەپێدان بە شەپۆڵەکانی ژێر ئاو بکەین، بەڵام سەرهەڵدان و پێشکەوتنی ئەم پارتە هاتنە سەر ئاوی ئەم شەپۆڵانە نەبو. پارتی داد و پارتی دایکی نیشتیمان کە هەردوکیان خاوەن مەیلی راستیی میانڕەو بون، دیاردەگەلێک بون کە بە هۆی سەرکەوتنی شەپۆلەکانی ژیر ئاو لە سەکۆی سیاسیدا سەریانهەڵدا. هەر دوو پارتەکە ئەزمونی پارتی دیموکراتیان لەبەرچاو گرت. هەروەها پێویستە باس لەرەوتێکی سیاسیش بکەین کە سەرەرای دروشمە ئیسلامییەکانی بەهۆی روانگەکانییەوە لەپانتای ئابور و دادی کۆمەڵایەتی لە رەوتی راستی میانڕەو جیا دەکرایەوە. ئەم رەوتە سیاسییە بریتی بوو لە 'روانگەی نەتەوەیی National Outlook'. حزبی سیستەمی نەتەوەیی وەک یەکەمین پارتی سیاسی ئەم رەوتە، ئەگەرچی لە ساڵانی ١٩٧٠دا لە سەکۆی سیاسی تورکیادا سەریهەڵدا، بەڵام کاریگەریی ئەم رەتە لەسەر پانتای سیاسی تورکیا لە ساڵانی ١٩٩٠دا دەرکەوت.

پارتی ریفاح وەک نوێنەری رەوتی روانگەیی نەتەوەیی لە ساڵانی ١٩٩٠دا سەرەتا لە هەڵبژاردنەکانی گشتی ساڵی ١٩٩٤، توانی ١٤،١٩٪ دەنگەکان مسۆگەر بکات. دواتر لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٥ی پەرلەماندا توانی بە بەدەستهێنانی ٣٨،٢١٪ دەنگەکان، لەگەڵ پارتی رێگەی راست، حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکبهێنن. ئەم هاوپەیمانییە کە بۆ یەکەمین جار لە مێژوی کۆماری تورکیادا بوە هۆی بەدەسەڵات گەیشتنی کەسێکی ئیسلامگەرا، واتە نەجمەدین ئەربەکان، هۆی نارەزایەتی سوپا لێکەوتەوە کە بە بیانوی پاسەوانی کردن لە سیستەمی سیکۆلاری تورکیا و پاراستنی ئاسایش هەوڵی بەدەوامیدان بە دەستڕۆیی خۆی لە سیاسەتدا دەدا. لە دەرەنجامدا، سوپا لە روداوی ٢٨-٢-١٩٩٧دا کە لەئەدەبیاتی سیاسی تورکیا بە کودەتای پۆست مۆدێرن ناوی دەرکرد، حکومەتی ئەربەکانی ناچار بەدەست لەکارکێشانەوەی کرد.

نابێت وەها وێنا بکرێت کە ئامانجی کودەتای پۆست مۆدێرن تەنیا بریتی بو لەدور خستنەوەی پارتی ریفاح. وەستان لە دژی پارتی ریفاح بۆ سوپا کە هەوڵی مانەوەی دەستڕۆیی و کاریگەی خۆی لەسیاسەتدا دادە، هەلێکی بێ هاوتا و رێزپەڕی هێنایە کایەوە. مشتومڕەکانی سوپا لەگەڵ مەسعود یەلماز سەرۆکی پارتی دایکی نێشتیمان، کە لە دوای هەرسهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی پارتی ریفاح و پارتی رێگەی راست بە سەرۆک وەزیریی گەیشتبوو، تەنیا یەکێکە لە نموونەکانی سوپا بۆ پاراستنی دەستڕۆێی خۆی. لە ساڵی ٢٠٠١دا حوسێن کیوریک ئۆغلو سەرۆک ئەرکانی ئەو کاتی دەستەی سوپا  لە ناو مێوانداریەکی فەرمیدا رایگەیاند " ئاسەوارەکانی روداوی ٢٨ی شوبات تا هەزار ساڵ بەردەوام دەبێت". بەم پێیەش ئەو ئاشکەرای کرد کە ئامانجی روداوی ٢٨ی شوبات، تەنیا بە لە کار لادانی پارتی ریفاح سنوردار نەبووە.  یاشار بیوک ئانت سەرۆکی دواتری ئەرکانی سوپا لە ساڵی ٢٠٠١دا بەم شێوەیە قسەکەی حوسێن کیوریک ئۆغلوی شرۆڤە کرد: " فێرکردنی سیستەمی هزرکردنەوەی ئاتا تۆرکگەرایی گرنگە. بەڵام هاوئاهەنگی لە رەفتار و شێوازی ژیانی گونجاو لەگەڵ ئەم سیستەمە هزرییە گرنگترە. ئەو وڵاتانەی کەخاوەن خاڵی هاوبەش نین بە بەردەوامی لە کێشمەکێشدا دەژین. خاڵی هاوبەشی ئێمە هەبوونی تورکیایەکی سیکۆلار و دیموکراتیک و یەکگرتوو لە چوارچێوەی سیستەمی هزریی ئاتاتۆرکگەرادایە. هەر بزاڤێک کە لەم چوارچێوەیەدا نەگونجێت دوژمنی نەتەوە و نیشتیمانە. خەبات دژی ئەم جۆرە بزاڤ و رەوتانە زەرورەتە".

دەرەنجامی ئەم هزرە کە سوپای بە تەنیا فاکتەری دابینکردنی زەمینەی سیاسی مەشروع دەزانی، تەسک بوونەوەی پانتای سیاسەت لەنێوان ساڵانی ١٩٩٧-٢٠٠٢ بو. لەماوەی نێوان ئەم ساڵانەدا پانتای سیاسی کۆمەڵگا بە شێوازەکی دەستکرد و زۆردارەکی (ئامرانە) رێکخرا بو. لە یەکەمین هەڵبژاردنی دوای روداوی ٢٨ی شوبات کە لە ساڵی ١٩٩٩دا ئەنجامدرا، حکومەتێكی هاوپەیمانی پێکهاتو لە پارتی سۆشیال دیموکرات لە باڵی چەپ، پارتی ناسیۆنالیستی توندڕەوی بزاڤی نەتەوەیی و پارتی خاوەن مەیلی راستگەرا و لیبرال واتە دایکی نیشتیمان، دامەزرا. ئەم حکومەتە سەرەڕای بەرنامەی حزبی و سیاسەتی تەواو لێکجیاوازی پارتە پێکهێنەرەکانی، لەمێژوی کۆماری تورکیادا زۆرتر لە هەر حکومەتێکیتری هاوپەیمانی ژیا کە ئەویش لەدەرنجامی هەمان بارودۆخی ساختە و بە زۆردارەکی رێکخراو بو.

لەهەڵبژاردنەکانی سالی ١٩٩٩ پێنج پارتی سیاسی چونە ناو پەرلەمانەوە: هەردو پارتی فەزیلەت و دیپ کە فراکسیۆنی ئۆپۆزیسیۆن بون و لە روانگەی کودەتاچیانی ٢٨ی شوبات پارتە نەخوازراوەکانی پەرلەمان بون. هۆکاری سەرەکی درێژخایەنی تەمەنی حکومەتی هاوپەیمانی، دژایەتیکردنی سوپا بو لە بەشداری یەکێک لەپارتەکانی فەزیلەت یان دیپ بۆ ناو حکومەت. چونکە بە چونە دەرەوەی یەکێک لە پارتەکان لە ناو هاوپەیمانیدا بە ناچاری یەکێک لەم دو پارتانە دەچونە ناو حکومەتی هاوپەیمانیەوە. بلند ئەجەویت سەرۆک وەزیرانی ئەو کات بە دووپات کردنەوەی "حکومەت هیچ ئەلتەرناتیڤەکیتری نییە" ئاماژەی بۆ ئەم بارودۆخە دەکرد.  ئەم بن بەست و بێ ئەلتەرناتیڤیەی سیاسی کاتێک ئاشکرا بوو کە دانیشتنی ئەحمەد نەجدەت سیزەری سەرۆک کۆمار و بڵند ئەجەویتی سەرۆک وەزیران لە ١٩ی شوباتی ٢٠٠١ مشتومڕی زارەکی لە نێوانیاندا لێکەوتەوە. بڵند ئەجەویت لەو چاوپیکەوتنانەی کە یەکسەر لە دوای کۆتایی هاتنی دانیشتنەکە ئەنجامیدا رایگەیاند کە "ئەمە قەیرانێکی گەورەیە".

حکومەتی هاوپەیمانی کە تەنانەت لەم بارودۆخە دژوارەدا بەردەوامی بەکارەکانی دەدا نەیتوانی پێش بە قەیرانی ئابوری کە لە دەرنجامی قەیرانی سیاسی هاتبوە کایەوە بگرێت. قەیرانی ئابوری کە لە دوای ٢١ی شوبات حاڵەتێکی سەرتاپاگیری بەخۆوە گرت لە لایەن شارەزایانی ئابورییەوە بە گەورەترین قەیرانی مێژووی کۆماری تورکیا ناسرا. دەرکەوتنی گەورەترین قەیرانی مێژووی کۆماری تورکیا لە سەردەمی حکومەتداریی درێژخایەنترین حکومەتی هاوپەیمانیدا، بەڵگەیەکە لەسەر ساختە بون و بەرتەسک بونەوەی پانتای سیاسەت لەو سەردەمەدا.

هاوکات لەگەڵ ئەم وەرچەخانانە، شەقام و پانتای گشتی کۆمەڵگا نائارامی و بارگرژیی بی وێنەی بە خۆوە بینیی. بەڵام ئەمجارە بە پێچەوانەی جارانی پێشوتر، خۆپێشاندەران بریتی نەبون لە گروپە چاڵاکەکان و خوێندکاران بەڵکو چینی کاسبکاری کۆمەڵگا بون کە خاوەن رێبازێکی پارێزگارانە بون. ئەم خوپیشاندانانە کە لەمانگی ئاپریلی [٢٠٠٢] بە راکشانی تەرازویەکی دیجیتاڵی لە لایەن کاسبکارێکەوە بەرەو بڵند ئەجەویت دەستی پێکرد، گشت شارەکانی وڵاتی تەنیەوە. کاسبکارانی قەونیە لە ٦ی ئەپریل، ئەنکارا لە ٧ی ئەپریل، قەیسەریە لە ٨ی ئەپریل، ئەزمیر، غازی عەنتاب، سیواس، چانکیر، کوجا ئیلی و دەیان شاریتر لە ١٢ ئەپریل لەچوارچێوەی گروپ و تاقمی گەورە هاتنە سەرشەقامەکان و دەستیان بە خۆ پێشاندان کرد. هاوکات لەگەڵ خراپ بوونی رەوشی ئابوری و کۆمەڵایەتی، بارودۆخی تەندروستی بڵند ئەجەویتیش کە دوا ساڵانی تەمەنی دەرباز دەکرد، تێكچو. لە ٥-٥-٢٠٠٢، ئەجەویت لە خەستاخانە نوێنرا و ماوەی مانەوەی لەخەستەخانەدا زۆرتر لە یەک هەفتەی خایاند.  بەڵام دوای ماوەیەکی کورت لە دەرچوونی لە خەستەخانە، ئەجەویت دووبارە گەڕێنرایەوە بۆ نەخۆشخانە. لە کۆتای مانگی حوزیران بارودۆخی تەندروستی ئەجەویت هەر ناسەقامگیر بو.

هاوکات لەگەڵ بەردەوام بوونی قەیران و ناسەقامگیریی لەباڵی حکومەتدا، خۆشەویستی رەجەب تەیب ئەردۆگان و پارتەکەی کە هەم نوێخوازانی رەوتی روانگەی نەتەوەیی و هەمیش هەندی کاراکتەری لە باڵی ناوەندگەرای لە خۆ گرتبوو، بەرەو هەڵکشان چو. هاوکات بونی سیاسەتی پەیوەندیکردن لەگەڵ جەماوەر لە لایەنی پارتەکەی ئەردۆگانەوە، لەگەڵ رەشبینی و قەیران لە پانتای سیاسەتدا، بوە هۆی بەرەو پێشچوونی ئەردۆگان و کارەکانی.
ئەردۆگان هەم لە قۆناغی دامەزراندنی پارتەکەی و هەمیش لە رۆژەکانی کەمپێنی هەڵبژاردندا، لەهەمبەر ئەو جەماوەرەی کە بۆ گوێگرتن لە قسەکانی ئامادە دەبون، یەکەم بەشی بەیتی یەکەمی ئەو هۆزانەی دەخوێندەوە کە ناونیشانی ئەم بابەتەشە واتە: "هەمومان پێکەوە ئەم رێگایەمان بڕی". دواتر خۆی بێدەنگ دەبو و مایکرۆفۆنی بەرەو خەڵک دەسوڕاندەوە تا بەشی دوەمی بەیتەکە بڵێنەوە "هەمومان پێکەوە تەڕ دەبووین لە ژێر بارانەکاندا". سوود وەرگرتنی ئەردۆگان و پارتەکەی لەم هۆزانە کە لە ساڵانی ١٩٩٠دا لە نێوان لایەنگرانی تیمەکانی فوتباڵ لایەنگریی زۆڕی هەبو، لە پێناو سیاسەتی پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵک بو. شایانی باسە، ئەو کاتەی کە ئەردۆگان شارەداری ئیستانبوڵ سیاسەتە هەم دەنگی پارێزگارەکان و هەمیش دەنگی لیبرالەکان بەدەست بهێنیت. دەنگانێک کە رەوتی روانگەی نەتەوەی هەرگیز نەیتوانی بەدەستیان بهێنێت. ئەردۆگان دروشمی "باڵا راست دەمێنینەوە، بەڵام هەرگیز توشی خۆپەرەستی نابینەوە"ی چەندین جار دوپات دەکردەوە. ئەو لەرێگەی بەشی یەکەمی دروشمی 'باڵا راست دەمێنینەوە' دەنگی بەشی پارێزگاری پارتی بزاڤی نەتەوەیی بەئامانج گرتبو. چونکە پارتی بزاڤی نەتەوەیی بە هۆی ئەو هۆکارانەی کە پێشتر باسکران لەناو حکومەتی هاوپەیمانیدا هەڵوێستەکی مەیلدارانەی (منفعل) گرتبوو بەر. بەشی دوەمی دروشمەکە ئاماژە بوو بەو ناکۆکی و مشتومڕانەی کە لە ٢٨-٢-١٩٩٧ لە نێوان ئەربەکان و سوپادا رویدا. ئەردۆگان بە هەمیشە جەختکردنە سەر بە تایبەتکردنی ئابوری و ئەندامێتی لەیەکێتی ئەوروپادا بە دوبارەکردنەوەی ئەم قسەیەی کە "پارتەکەی ئێمە پارتی خزمەتکردنە نەک پارتێکی ئایدیۆلۆژی" رۆڵێکی گرنگی لە بەدەستهێنانی دەنگی لێبرالەکانی هەبو.

دەرەنجام:
پارتی داد و گەشەپێدان کە لەساڵی ٢٠٠٢دا بە بێ هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتەکانیتر حکومەتی پێکهینا، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٧دا کە لە دوای هاتنەکایەوەی بن بەستی سیاسی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا، پیشوەختە ئەنجامدرا، توانی دەنگەکانی خۆی زۆرتر بکات.  پارتی داد و گەشەپێدان کە لە قۆناغی یەکەمی حکومەتەکەیدا تەرکیز کردبوە سەر کێشە ئابورییەکان و ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپادا، لە قۆناغی دوەمی حکومەتیدا جەختیکردە سەر پرسگەلێکی وەک پرسی کورد، شوناسی عەلەوییەکان و پەیوەندییەکانی سوپا و حکومەت. ئەم پارتە بە چاوپۆشین لە راست بوون یان سەرکەوتو بونی سیاسەتەکانی لەم بوارەدا، هەوڵ دەدات بە گەڵالە کردنی ئەم پرسانە لە پانتای سیاسەتی تورکیادا رۆڵی سەرەکی و هەمیشەیی بۆ خۆی دەستەبەر بکات. لە شیکار کردنی هەوڵەکانی پارتی دادو گەشەپێدان بۆ چارەسەرکردنی بابەتە باسکراوەکان، پێویستە رێڕەوی مێژوی و رەوتی دامەزراندنی ئەم پارتە رەچاو بکرێت. لەم بابەتەدا هەوڵدرا بە بێ پابەندی بە رێزبەندی مێژویی روداوەکان، ئاوڕێک لە پڕۆسەی  دامەزراندن و ریشە مێژوییەکانی پاری داد و گەشەپێدان کە پیشتر پشتگوێ خرابو، بدەینەوە.


سەرچاوە: گۆڤاری گفتوگۆ، ژمارە ٥٩