Print WWW.SBEIY.COM
 تەمەنی (101) ساڵە و دوای هەفتەیەک لەژێر خانوە روخاوەکەیدا دەریانهێنایەوە
03/05/2015 19:04:14
(سبەی):
دوای هەفتەیەک لە زەمینەلەرزەکانی نیپاڵ، تیمەکانی فریاگوزاری پیاوێکی تەمەن (101) ساڵیان لەژێر داروپەردوی خانوە روخاوەکانی پایتەختدا رزگار کرد.
وتەبێژی پۆلیسی ئەو وڵاتە رایگەیاند: دوای هەفتەیەک مانەوەی لەژێر داروپەردوی خانوە روخاوەکەیدا، لە ناوچەی نواکوتی باکوری رۆژئاوای کاتماندۆی پایتەخت، تیمەکانی فریاگوزاری پیاوێکی تەمەن (101) ساڵیان رزگارکردوە و دواتر رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و ئێستا باری تەندروستی جێگیرە و چەند برینێکی بچوک لە دەست و قاچی دروست بوە.
رزگارکردنی ئەو پیاوە بە تەمەنە دوای ئەوەهات کە وەزارەتی ناوخۆی نیپاڵ رایگەیاند: دوای هەفتەیەک لە رودانی زەمینلەرزەکە، توانیویانە ژمارەیەک هاوڵاتی دیکە رزگار بکەن.
هاوکات ناوەندی نیشتیمانی بۆ روداوە لەناکاوەکان ئاشکرایکرد: ژمارەی قوربانیانی زەمینلەرزەکەی نیپاڵ گەیشتوەتە (7250) کوژراو و (14) هەزار و (122) بریندار و پێشبینیش دەکەن ژمارەی قوربانییەکان زیاتربێت.