Print WWW.SBEIY.COM
 کۆچی پێچەوانە
17/05/2015 12:12:53
ئانا هێڵگرێن
لە ئینگلیزییەوە ئاراز ئەحمەد محمەد


لە نامەی دکتۆراکەیدا بە ناونیشانی "تەنها چیاکان هاوڕێن"، لینا ئێکلوند، ئه‌ندامی کارایی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لەزانکۆی لوند سەبارەت بە هەرێمی کوردستان گەشتوەتە دەرئەنجامێکی سەرنجڕاکێش، ئەویش: خەڵک لە شارەوە دەگەڕێنەوە بۆ گوند.

- ئانا هێڵگرێن: ئێوە سەبارەت بە شێوازه‌کانی کۆچکردن لەپارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. دەتوانیت لەمەڕ لێکۆڵینەوەکەت رونکردنەوە بدەیت؟
لینا ئێکلوند: لێکۆڵینەوەکەم سەبارەت بە شێوازه‌کانی کۆچە لە پارێزگای دهۆک، مەبەستم ئەوەیە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستاندا لە چۆنییەتی و چییەتی هاتوچۆکردنی خه‌ڵک بکۆڵمەوە. به‌تایبه‌تی کارده‌که‌م له‌سه‌ر شێوازه‌کانی کۆچکردن له‌ساڵی ٢٠٠٠ بەدواوە، ئامانجم ئەوەیە بزانم ئاخۆ شێوازەکانی کۆچکردن پەیوەندییان بە هۆکارگەلی ژینگەییەوە هەیە، وەک وشکەساڵی کە لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٠٩ بەردەوام بو.

- ئانا هێڵگرێن: چیتکرد تاوەکو وەڵامی پرسیارەکانت دەست بکەوێت؟ 
لینا ئێکلوند: کنەی رادەی بەهێزی وشکەساڵیم کرد لەم ساڵانەی دوایدا، کە ئایا خەڵک سکاڵایان کردوە سەبارەت بە وشکەساڵی یاخود خەڵکی زیاتر کۆچیکردوە لە ماوەی کەمبارانیدا! بۆم ده‌رکه‌وت کۆچکرنه‌که له‌سه‌روبه‌ندی که‌مبارانیدا نه‌بوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵکێکی زۆر وه‌ک کێشه‌یه‌ک لێیان ده‌ڕوانی. ئه‌وه‌شم بۆ ئاشکرا بو که‌ خه‌ڵکێکی زۆر له‌ساڵی ٢٠٠٠ وە، لەشارەکانەوە بەرەو گوندەکان کۆچ دەکەن.

پرسیارەکە ئەوەیە: خەڵک بۆ لە شارەکانەوە کۆچ دەکەن بۆ گوندەکان لە کاتێکدا لە شارەکاندا خزمەتگوزاری زۆر هەیە و لە گوندەکاندا زۆرجار نە کارەبا هەیە نە ئاو؟ چاوپێکەوتنم سەبارەت بەم پرسە ئەنجام داوە و بۆم دەرکەوت کە خەڵک هەر بەڕاستی دەگەڕێنەوە بۆ لانکەی خۆیان لە گوندەکاندا. هۆکاری سەرەکی کۆچی خەڵک لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان بەهۆی جینۆسایدی ئەنفالەوە بو لە ساڵانی ١٩٨٠ دا، واتە کۆچکردنەکە لە ڕاستیدا بەهۆی وشکەساڵییەوە نەبوە. خەڵک ناچار کرابو لانکەی خۆی بەجێبهێڵێت، بەڵام لە ئێستادا کە هەرێمی کوردستان سەقامگیرە، خەڵکەکە دەتوانن جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان.

ئەم دیاردەی هاتوچۆکردنە لەنێوان شارو گوندەکاندا سەرسوڕهێنەرە چونکە کاتێک کە گوندەکەت بەجێ دەهێڵیت مانایی وایە زەوییەکەتت بەجێهێشتوە. هەرلەبەر ئەوەشە بە وێنەی مانگی دەستکرد بەدواداچونم کردوە بۆ ئەوەی دەرکەوێت ئاخۆ هیچ گوڕانگاریی زەوی وەک زیادبون یان کەمبون لە ناوچەیی زەوی کێڵراو هەبوە.
 
- ئانا هێڵگرێن: سەرەکیترین بەرهەمی لێکۆڵینەوەکە چییە؟
لینا ئێکلوند: یەکێک لە گرنگییەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە خەڵکی هەرێمی کوردستان بەهۆی وشکەساڵییەوە کۆچ ناکەن. خەڵک بە تەنها پشت بە کشتوکاڵ نابەستن وەک سەرچاوەی داهات، وەک خەڵکی تر لە ناوچە لادێنشینەکاندا دەیکەن. بەهۆی شەڕەوە، خەڵک راهاتوە سەرچاوەی تری داهات وەدەست بخات. هەر لەپەیوەست بەوەی سەرەوە، پێکدادان (شەڕ) و پرۆسەی جینۆساید ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە کۆمەڵگایی کوردیدا، ئەمە بەنیسبەت کشتوکاڵیشەوە هەر راستە.

- ئانا هێڵگرێن: حکومەتی هەرێم دەتوانن چی لەم زانیارییانە وەربگرن؟
لینا ئێکلوند: ئەو توێژینەوەی ئەنجاممداوە دەگمەنە لەو روانگەوە کە توێژینەوەیەکی بەربڵاوەو تێیدا ١٢٠٠ خێزان بەشداربون. ئەو زانیارییەی کە بەدەستمهێناوە متمانەپێکراوە و شتێک سەبارەت بە هاتوچۆی خەڵک سەربار دەکات. دەتوانم ئەوە بڵێم کە خەڵک لە شارەکان دوردەکەونەوە. راسپاردەم بۆ سیاسەت داڕێژەرانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە تەنها تیشک نەخەنە سەر ناوچە شارنشینەکان، بەڵکو پێویستە هاریکاری ناوچە گوندنشینەکان بکەن. لە دواین سەردانمدا بۆ هەرێم، بانگهێشتکرام بۆ وەزارەتی گشتوکاڵ بۆ قسەکردن لەسەر وێنەکانی مانگی دەستکرد و کەرتی گشتوکاڵ بەگشتی.
 
- ئانا هێڵگرێن: روبەڕوی هیچ کێشمەکێشێک بویتەوە لە ساتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکەدا؟
لینا ئێکلوند: کۆکردنەوەی داتا ئاسان نەبو. لەهەرێمی کوردستاندا لەساڵی ١٩٨٧ەوە، سەرژمێری دانیشتوان نەکراوە و تەنانەت ئەوەشی کراوە جێگای متمانە نییە. توێژینەوە سەبارەت بە دانیشتوان پێویستی بە سەرژمێری دانیشتوان هەیە و لەڕاستیدا ئەوە لە هەرێمی کوردستاندا نییە. لەبەرئەوە ئەبوایە توێژینەوەیەکی گەورەم ئەنجام بدایەو تەنانەت ئەگەر هەمو شوێن و گوندەکانیش نەگرێتەوە، ئەوا هەر دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت.

- ئانا هێڵگرێن: چۆن راوبۆچونی (روپێوی) ١٢٠٠ کەس لەهەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت؟
لینا ئێکلوند: تیمێکی شەش کەسی خوێندکاری کوردم هەبو هاریکارم بون لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لە گوندەکاندا. ئەو شوێنانەی کە مەبەستم بو، ئەوانم بۆ ناردو ئەوانیش بە ئۆتۆمبێل سەردانی ئەو شوێنانەیان کرد و چاوپێکەوتنیان ئەنجام دەدا. هەروەها دو کەسیش لە زانکۆی دهۆک هاریکارم بون لەچاوپێکەتنی کەسانی دیاری گوندشیندا. سەرباری ئەوانەش، بەکاری مەیدانی هەستاوم بۆ ئەوەی بزانم بارودۆخەکە لە واقیعدا چۆن دەگوزەرێت.


سەرچاوە: یۆرمیدڵئیست