Print WWW.SBEIY.COM
 ئامەد؛ خەونی عەدنان کەریمە
19/05/2015 17:08:25
(سبەی):
عەدنان کەریم، ئەنجامدانی کۆنسێرتێک لە شاری ئامادەی باکوری کوردستان بە خەونی خۆی ناو دەبات و ئومێدەوارە ئەم پایزە خەونەکەی بەدیبێت.
هونەرمەندی ناوداری کورد، عەدنان کەریم لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بۆ یەکەمجار لە ساڵی (1979) کە تەمەنی (16) ساڵان بوە لەسەر تەختەی شانۆ لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی گۆڕانی دەسماڵێ-ی وتوە و یەکەم ئەلبومی سالی (1993) بەناوی "بیرتان دەكەم" كە لەشاری لین لە فەڕەنسا تۆماری كردوە بڵاوکراوەتەوە و تائێستا (13) ئەلبومی هەیە کە دواترینیان "بادەی گوڵڕەنگ/2"  بو کە لەچەند رۆژی رابردودا بڵاویكردەوە.
لەو چاوپێکەوتنەیدا کە ئاژانسی ئەنادۆڵ لەگەڵیدا ئەنجامیداوە عەدنان كەریم دەڵێت :"خەونم ئەوەیە لە شاری ئامەد (دیار بەكر) كۆنسێرت بكەم، پلانم هەیە لە دوای مانگی تشرینی یەكەمی داهاتو لە پایزدا كارەكانم ئەنجام بدرێت و لەگەڵ خۆم گروپەكە دەبەمە دیاربەكر بۆ ئەنجامدانی كۆنسێرتێك لەو شارە".
عەدنان کەریمن کە ماوەی سێ‌ ساڵە لە شاری سلێمانی ماوەتەوە و لە كۆلێجی هونەرە جوانەكانی سلێمانی وەك وانەبێژ وانەی رەنگ دەڵێتەوە و ساڵانە لە كاتی پشوەكاندا سەردانی خانەوادەكەی دەكاتەوە لە سوید.
لە بارەی كاری داهاتووشییەوە وتی :" كاری داهاتوم لەگەڵ گروپی ئۆركسترای چیك دەبێت كە كارێكی تایبەتە بە شاعیری كورد "هێمن" و گۆرانییەكی درێژە و بە شێوازی كلاسیكی ئۆركسترا لە مانگی ئەیلولی داهاتو تۆمار دەكرێت، هەروەها سیدییەكی نوێ‌ بە ناوی بادەی گوڵڕەنگی سێ‌ دەردەكەم كە هەوڵ دەدەم لە بادەی گوڵڕەنگی یەك و دو جیاواز تر بێت، لە بادەی یەكدا بە یەك كەمان ئیش كراوە و یەك بەستەم تێدا گوتوە و زۆربەی مەقامەكان گەرمیانین و ئەڵا وەیسی و خورشیدی و قەتار و خاوكەن و ئای ئای تێدا وتوە، بەڵام لە بادەی دودا پێنج مەقامم وتوە و لە هەر مەقامێكدا بەستەیەكم بۆ داناوە تاوەكو گەنجی كورد لە رێگەی بەستەكەوە مەقامەكە بناسێتەوە"