Print WWW.SBEIY.COM
 هەرێم رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات
22/05/2015 21:09:52
(سبەی):
لە مانگی پێنجدا هەرێمی كوردستان رۆژانە (500 هەزار) بەرمیل نەوتی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردوە، لەئێستاشدا عێراق دوەم هەناردەكار نەوتی لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی ئۆپیك.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە كە لە مانگی پێنجەوە هەرێمی كوردستان رۆژانە (500 هەزار) بەرمیل نەوت لە رێگەی كۆمپانیای بە بازاركردنی نەوتی عێراق ( سۆمۆ ) وە رەوانەی بازارەكانی جیهان دەكات.
ئاژانسەكە رایگەیاندوە، ئەو رێژەیە لە مانگی چواردا (450 هەزار) بەرمیل نەوت بوە لە رۆژێكدا، هەناردەی نەوتی عێراق بە نەوتی هەرێمیشەوە ئاستی پێوانەی تۆمار كردوە بە جۆرێك لە مانگی پێنجدا گەیشتوەتە (3 ملیۆن‌و 50 هەزار) بەرمیل.
ئەگەرچی ئەم رێژەیە لە مانگی چواردا بەرزتر بوە بەوپێیەی لە مانگی نیساندا رۆژانە (3ملیۆن‌و 80 هەزار) بەرمیل لە نەوتی عێراق هەناردەكراوە. لەئێستاشدا عێراق دوەم هەناردەكەری نەوتی ناو وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی ئۆپیكە.