Print WWW.SBEIY.COM
 سەدان كۆچبەری نایاسایی لە كەناراوەكانی ئیتالیا رزگاردەكرێن
29/05/2015 21:45:32
(سبەی):
هێزە هاوبەشەكانی یەكێتی ئەوروپا لە كەناراوەكانی سەقەلیە لە ئیتالیا (741) كۆچبەری نایاساییان رزگاركرد.
وتەبێژی هێزە دەریاییەكانی ئیتاڵیا راگەیاند، ئەو كۆچبەرانە لە دورگەی سەقەلیەدا بون‌و لە وڵاتانی ئەفەریقاوە هاتون‌و ویستویانە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا.
بەپێی ئاماری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان، لە ماوەی پێنج مانگی رابردودا (60) هەزار كەس هەوڵیانداوە بەشێوەی نایاسایی خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا، لەو ژمارەیەش هەزارو 800 كەس گیانیانلەدەستداوە.
مانگی رابردو یەكێتی ئەوروپا بەڵێنیدا هەوڵەكان چڕبكاتەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی بەهێزكردنی هێزە دەریاییەكانەوە كۆنترۆڵی بازرگانی بە مرۆڤەوە بكات.
هەر سەبارەت بە كێشەی كۆچبەرانی نایاسایی ئەمڕۆ هەینی لە تایلاند كۆنگرەیەكی باڵای نێودەوڵەتی بە بەشداریی (17) دەوڵەت سەبارەت بە چارەسەركردنی پرسی كۆچبەرانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا دەستی بەكارەكانی كرد.
ئەم كۆنگرەیە تەرخانكراوە بۆ قسەكردن لەسەر كۆچكردن لە وڵاتانی  بۆرماو بەنگلادیشەوە بۆ وڵاتانی مالیزیاو ئیندۆنیزیا.