Print WWW.SBEIY.COM
 ئێران نرخی بەنزین یەكدەخات
25/05/2015 23:46:18
(سبەی):
لەناوەڕاستی ئەمشەوەوە واتە (سێشەممە لەسەر چوارشەممە) نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە ئێران بە (30 سەنت) دەبێت، بەنزینی سۆپەریش بە (36 سەنت)‌و دیزڵ بە (9 سەنت).
حكومەتی ئێران ئەو پاڵپشتیەی لەسەر بەنزین هەڵگرت كە مانگانە بڕی (60) لیتر بەنزینی بە نرخی (7000 ریال) بە شۆفێران دەدات، ئەم بڕیارە هەڵوەشێندرایەوە.
وەك دەزگا راگەیاندنە لۆكاڵییەكانی ئێران دەڵێن، دەسەڵاتداران ئەم بڕیارەیان لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا گرتوەتەبەر كە ساڵی 2010 دایانناوە بە ئامانجی زیادكردنی نرخی بەنزین‌و سوتەمەنییەكانی تر بەشێوەیەكی قۆناغ بە قۆناغ.
لەوكاتەوە ئەم پلانە دانراوە نرخی سوتەمەنی بەشێوەیەكی زۆر لە ئێران بەرزبونەوەی بەخۆوە بینیوە، لە مانگی ئەپرێلی ساڵی 2014 دا نرخی بەنزینی پاڵپشتیكراو بە رێژەی 75% بەرزبوەوە، نرخی بەنزینی ئازادیش بە رێژەی 43%.
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پێدانی پشكی مانگانەی بەنزین بە شۆفێران دەبێتەهۆی یەكخستنی نرخی بەنزین لەو وڵاتە هەروەها بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنییەكانیش پاڵپشتی كورتهێنانی بودجە دەكات.
بەپێی هەمان پلان لە ئێران نرخی كارەبا‌و غاز‌و ئاو و نانیش بەرزدەكرێتەوە بەڵام ئەمانیش بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ.
لەبەرانبەر ئەم زیادبونە رێژەییەدا حكومەتی ئێران قەرەبویەكی مانگانە بە هەر هاوڵاتییەكی خۆی دەدات كە بریتییە لە 455 هەزار ریال وانە (نزیكەی 14 دۆلار)، بەڵام دەسەڵاتداران پێدانی ئەم قەرەبوە بەو كەسانە هەڵدەوەشێننەوە كە داهاتی بەرزیان هەیە.
میدیا ناوخۆییەكان دەڵێن ئەم یارمەتییە راستەوخۆیە لە نزیكەی (6 ملیۆن) كەس دەبڕدرێت لەسەرتاسەری وڵاتدا كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (78) ملیۆن كەسە.