Print WWW.SBEIY.COM
 ''کۆمپانیاکانی نەوت ئامادەن بودجەی یەک ساڵی هەرێم بدەن''
29/05/2015 13:25:35
(سبەی):
لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەینێت، ژمارەیەک کۆمپانیای گەورەی جیهان ئامادەیی خۆیان نیشان داوە لەبەرامبەر پێفرۆشتنی نەوتی هەرێم، بودجەی یەک ساڵی هەرێمی کوردستان رەوانە بکەن.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، ئەو نەوتەی كە هەرێمی کوردستان لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆ و بەندەری جەیهانی تورکیا، رەوانەی بازاڕەکانی جیهانی كردوە، لە رۆژێكدا بڕەكەی گەیشتۆتە ( 650 هەزار) بەرمیل نەوت.
بەپێی رێکكەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە هەرێمی كوردستان رۆژانە (250 هەزار) بەرمیل نەوتی خۆی‌ و (300 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆ- وە هەناردەی دەرەوە بكات، لە بەرامبەردا حكومەتی عێراق بودجەی مانگانەی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات كە بڕەكەی بە (ترلیۆنێک و 200 ملیار) دینار دیاری كراوە.
تائێستا ئەم رێكەوتنە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە و هەولێر و بەغدا پێیان وایە رێککەوتنەکە پێویستی بە چاوخشاندنەوە و رێککەوتنی تازە هەیە.
لە دوانامەی حکومەتی هەرێمدا کە لە رێگای وەزیری دارایی عێراق هۆشیار زێباری ئاراستەی حکومەتی ناوەند کراوە، تێیدا سێ پێشنیاز بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان کراوە، یەکێک لەو پێشنیازانە، حکومـەتی هەرێمی کوردستان خۆی نەوتی خۆی لە بازاڕەکانی جیهان بفرۆشێت، لە بەرامبەردا هەولێر پابەند دەبێ بە پێدانی خەرجییەکانی سیادی بە رێژەی (١٧%).
پێشنیازەکانی دیکەش بریتین لە پابەندبونی هەردولا بەرێکەوتنەکەی پێشو، یا واژۆکردنی رێککەوتنێکی دیکە، بەپێی مەرج و داخوازی تازە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ، دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان رەتیکردەوە لە ئێستادا حکومەتی هەرێم نەوت خۆی بفرۆشێت و رایگەیاند: "تا ئێستا بەفەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری نەداوە، تاکلایەنە نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت، چونکە هەولێر چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی بەغدا دەکات".
وتیشی: لە چوارچێوەی سەردانەکەی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەولێر، حکومەتی هەرێم دوامۆڵەتی داوە بە بەغدا، ئەگەر تا سەرەتای مانگی داهاتو وەڵامی فەرمیان نەبێت، ئەوکات هەرێم نەوت بە سۆمۆ نادات و خۆی نەوتی خۆی لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشێت.
داهاتی رۆژانەی (650) هەزار بەرمیل نەوت کە ئێستا هەرێمی کوردستان لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆ رەوانەی تورکیای دەکات، بڕەکەی دەگاتە زیاتر لە (900) ملیۆن دۆلار، بەمەش حكومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێ موچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بکات و بەڵام هەتا ئێستا بەغدا ئەو بڕەپارەیەی بۆ هەولێر نەناردوە.
ماوەیەکە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دوپاتی دەکەنەوە کە ئەگەر بەغدا رێکەوتنەکە جیبەجێ نەکات هەرێم نەوتەکەی خۆی دەیفرۆشێت، بە پشتبەستن بە بەرزبونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کە چاوەڕێ دەکرێت لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا رێژەی بەرهەمهێنانی بۆ یەک بەرمیل نەوت بەرز ببێتەوە، ئەوکات هەرێم دەتوانێت موچەی فەرمانبەرانی بدات و پێداویستییەکانی دیکەی ئابورییشی پێ دابین بکات.
وەک دڵشاد شەعبان ئاماژەی بۆکرد، بەدەر لە پێداویستیەکانی ناوخۆیی، ئێستا رۆژانە (650) هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی دەرەوە دەکرێت، لە کەرکوک رۆژانە (150 ) بۆ(200) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت، بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بە کەرکوکیشەوە رۆژانە گەیشتۆتە (850) هەزار بەرمیل، بەدڵنیاییشەوە لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دەگاتە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
ئەو بەربەستانەی کە پێشتر لە بەردەم فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بون و نەماون، کڕیاری زۆر بۆ نەوتی هەرێم پەیدا بوە و بەشێک لە کۆمپانیاکانی جیهان ئامادەن یەک ساڵی بودجەی هەرێم رەوانە بکەن.
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان دوپاتی کردەوە کە "هیچ بەربەستێک بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان نەماوە، تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی بەغدایە، ئەگەر پابەندی رێککەوتنەکە نەبێت، لەسەری مانگی داهاتوە و هەرێم نەوتی خۆی لە دەرەوەی کۆمپانیای سۆمۆ بۆخۆی دەیفرۆشێت".
ئەوەشی خستەڕوم، حكومـەتی عێراق لە هەمو ئەو سکاڵایانەی پێشتر لە دادگە بەرامبەر بەهەرێم تۆماریان کردبو شکستی هێنا و بەپێچەوانەوە کڕیارانی نەوتی هەرێم زیاتر بوە و بەشێک لە کۆمپانیاکانی نەوتی ئامادەن پارەی پێشەکی بدەن و بودجەی یەک ساڵی بدەن و هەشە بودجەی شەش مانگ و سێ مانگ دەدات، هەروەها هەن کە دەڵێن چۆنتان پێ باشە وا رێک دەکەوین، تەنها هەرێم بەنرخی رۆژ نەوتییان پێ بفرۆشێت.
ناوبراو باسیلەوەشکرد،لە ئەگەری پابەندنەبونی بەغدا بە رێککەوتنەکە، زەرەرمەندی یەکەم خودی عێراق دەبێت، چونکە بەغدا ناتوانێت بەبێ هەرێم نەوتی کەرکوک بفرۆشێت، ئەوکات هەرێم ناچار دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو شارە نەوتی کەرکوک بفرۆشێت.