Print WWW.SBEIY.COM
 هەرێم؛ هەناردەى نەوتى گەیاندە (650) هەزار بەرمیل
17/05/2015 15:32:25
(سبەی):
هەرێمى کوردستان هەناردەى نەوتى بۆ بەندەرەکانى جەیهان گەیاندوەتە (650) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەوەش بە وتەى وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتیەکانى توركیا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، تانەر یەڵدز، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتیەکانى توركیا، رایگەیاند لە ئاداری ساڵى (2014)دا هەرێمی كوردستان رۆژانە (دو) هەزار و (300) بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە دەكرد، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بۆ (650) هەزار بەرمیل رۆژانە بەرزبوەتەوە و ئامانجمان ئەوەیە كە ئەو رێژەیە بگاتە یەك ملیۆن بەرمیل.
یەڵدز لە چوارچێوەی رێوەڕەسمی ناساندنی پڕۆژەی گوندی تەرزیدا لە وەڵامى رۆژنامەنوساندا باسى لەوەکرد کە لە پێشبینییەكانی توركیادا لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە جەخت لەوە كرابوەوە كە هەرێمی كوردستان چەندە نەوتی خاو و غازی سروشتی پێشكەشی سەرچاوەكانی وزەی وڵات و بازاڕەكانی جیهان بكات، وتیشى: "ئێمە لەو پێشبینییەدا سەلماندمان كە نەتەنیا ناوچەكە، بەڵكو ئەمریكایش سەرەڕای نیگەرانییەكانی، بەڵام ئەمڕۆ ناچارە ئەو پێشبینییە قبوڵ بكات، چونكە توركیا ئەوەی راست بو ئەنجامی دابو، ئێستا هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ (650) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبوەتەوە و ئەمەش بەشێكی زۆر گرنگی هەناردەی نەوتی عێراقە كە بە گشتى(2.7 ) ملیۆن بەرمیلە".
ئاماژەى بەوەشکرد؛ ئێستا لە رێى دو بۆری نەوتبەری (40 و 46) ئینجەوە لە هەرێمی كوردستانەوە نەوت هەناردە دەكرێت و کار بۆ بەرزکردنەوەى زیاترى ئاستى هەناردە کردنەکە دەکرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانى هەرێم جەخت لە پابەندبونیان دەکەن بەو رێکەوتنەى لەگەڵ بەغدا کردویەتى و ئاستى هەناردەیان بەرز کردوەتەوە، بەڵام بەغدا کەمتر لەو بڕە پارەیەى نارد کە چاوەڕوان دەکرا و ئەوەش نیگەرانى و لێدوانى توندى هەرێمى لێکەوتەوە.