Print WWW.SBEIY.COM
 وەزیری دارایی و ئابوری: ئه‌م دۆخه‌ داراییه‌ تێده‌په‌ڕێنین
20/05/2015 13:34:04
(سبەی):
وه‌زیری‌ دارایی‌ و ئابوری‌ دەڵێت: به‌ ئیراده‌ و خۆراگری‌ میلله‌ته‌كه‌مان ئه‌م دۆخه‌ داراییه‌ تێده‌په‌ڕێنین و جەختیش دەکاتەوە لەوەی حکەومەتی بەغدا پەبەندی رێککەوتنەکە نیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە رێباز محەمەد حه‌ملان، وه‌زیری‌ دارایی‌ و ئابوری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كیدا‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نكس مه‌لی‌ كۆنسوڵی‌ گشتی‌ به‌ریتانیا لە هه‌رێمی‌ كوردستان باسی‌ له‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند: شه‌ڕی‌ چه‌كدارانی‌ داعش بارگرانیه‌كی‌ زۆری‌ بۆ كوردستان دروست كردوه‌، لەگەڵ ئەوەشدا حكومه‌تی‌ عێراق پابه‌ند نه‌بوه‌ به‌ رێككه‌وتنی‌ و یاسایی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ (2015)، جگە لەوەش ئێمه‌ وه‌ك هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماده‌یی‌ گفتوگۆمان هه‌یه‌ له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنی‌ گرفته‌كان.
وەزیری دارایی و ئابوری ئاماژەی بە بارگرانی‌ دارایی‌ ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ی‌ ئاواره‌كان كرد له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان  و وتی: حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ساڵانه‌ پێویستی‌ به‌ ملیارێك و پێنج سه‌د ملیۆن دۆلار هه‌یه‌ بۆ دابین كردنی‌ خزمه‌ت گوزاری‌ پێویست بۆ ئاواره‌كان.
رێباز محەمەد جەختیشیکردەوە لەوەی کە به‌ ئیراده‌ و خۆراگڕی‌ میللەتەکەیان ئه‌م دۆخه‌ داراییه‌ تێدەپەڕێنن.
لای‌ خۆشیه‌وه‌ ئه‌نكس مه‌لی‌، كونسوڵی‌ گشتی‌ به‌ریتانیا لە هه‌رێمی‌ كوردستان رونی‌ كرده‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ و ئابوری‌ له‌ ئێستادا قورسترین كاری‌ له‌سه‌ر شانه‌، له‌ پێناو تێپەڕاندنی ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌، باسی‌ له‌وه‌شكرد به‌ ئه‌لیكترۆنی‌ كردنی‌ موچه‌ و چاكسازیه‌كانی‌ تری‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی و ئابوری‌ كه‌ ده‌ستان پێكردوه‌ سه‌رنجی‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی‌ وڵاتان راده‌كێشێت بۆ وه‌گه‌ڕخستنی‌ زیاتری‌ سه‌رمایه‌كانیان له‌ كوردستان.
كۆنسوڵی‌ گشتی‌ به‌ریتانیا ئەوەشی خستەڕو، له‌ فشارەکانیان به‌رده‌وام دەبن بۆ سه‌ر حكومه‌تی‌ عێراق بۆ پابه‌ند بونی‌ به‌ یاسایی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ (2015).