Print WWW.SBEIY.COM
 بەغدا ئەم مانگە قەرەبوى پارەى مانگى رابردوى کوردستان دەکاتەوە
26/05/2015 18:52:30
(سبەی):
پەرلەمانتارێکى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ کە وەزیرى نەوتى عێراقى ئاشکراى کردوە، بڕیارە حکومەتی ناوەند لەگەڵ شایستە داراییەکانی ئەم مانگەدا (ئایار) ئەو بڕە زیادەیەی نەوتی هەرێم بە پارە قەرەبو بکاتەوە کە لەمانگى نیساندا رادەستى سۆمۆى کردوە.
کاوە محەمەد، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان و ئەندامى لیژنەى نەوت و وزە کە ئەمڕۆ سێشەممە میوانداریی عادل عەبدولمەهدى وەزیرى نەوتی عێراق و بریکاری وەزیر بۆ کاروباری غاز و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ و گرێبەستەکانیان کردبو دەڵێت: "لەو کۆبونەوەیەدا پرسیاری سەرەکی ئێمەی نوێنەرانی کورد لەبارەی جیاوازیی داتاکانی هەرێم و بەغدا بو سەبارەت بە نەوتی رادەستکراو بە سۆمۆ لەمانگی نیسانی رابردودا کە هەرێم باسی لە زیاتر لە (500) هەزار بەرمیل و عێراقیش پارەى (450) هەزار بەرمیلى رەوانەکردوە".
ئەوەش دەخاتەڕو کە وەزیری نەوتى عێراق وتویەتى :"هەردولامان راست دەکەین، چونکە تا رۆژێک پێش کۆتایی مانگی نیسان تێکڕای نەوتی رادەستکراو لەلایەن هەرێمەوە (450) هەزار بەرمیل بوە، بەڵام لەرۆژی کۆتایی مانگەکەدا هەرێم زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیلی رادەستکردوین و تێکڕای مانگەکەی بۆ (504) هەزار بەرمیل بەرزکردەوە، کە ئەم بڕەش لای هەرێم تۆمارکراوە و لای ئێمە تۆمار نەکرابو، بۆیە وەزارەتی دارایی لەسەر بنەمای ئەوەی لای ئێمە (450) هەزار بەرمیلەکە، پارەی رەوانەی هەرێم کردوە".
ئاماژە بەوەشدەکات لەو کۆبونەوەیەدا عادل عەبدولمەهدى پێیوتون: "بڕیارە حکومەتی عیراق لەگەڵ شایستە داراییەکانی ئەم مانگەدا (ئایار) ئەو بڕە زیادەیەی نەوتی هەرێم بە پارە قەرەبو بکاتەوە".
ئەو پەرلەمانتارە بەپیویستى دەزانێت، چاوەڕێی هەنگاوەکانی داهاتوی بەغدا و جێبەجێکردنى وەڵامەکەى ئەمڕۆى وەزیرى نەوت ببین و "بزانین لە ناردنی شایستە داراییەکانی ئەم مانگەی هەرێمدا هەمان مامەڵەی مانگی رابردو دەکات یان ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات و ئیرادەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەمان بە کردەوە نیشاندەدات".
ئەوە لەکاتێکدایە کە ناردنى بڕێکى کەمى شایستە داراییەکانى هەرێم بۆ مانگى نیسان لەلایەن بەغداوە، نیگەرانى بەرپرسان و شەقامى کوردى و نوێنەرانى کوردى لە ناوەند لێکەوتەوە و بۆ رونکردنەوەى ئەو پرسەش وەزیرى نەوتی عێراق سەردانى هەرێمى کرد.