Print WWW.SBEIY.COM
 وەزیری نەوت: نامانەوێت وەک کڕیار و فرۆشیار مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکەین
27/05/2015 12:14:29
(سبەی):
وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت: رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەیەکی باش بەڕێوە دەچێت و جەختیش دەکاتەوە لەوەی، کە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز سەرجەم کێشە ژمێریارییەکان لەگەڵ هەرێم چارەسەر دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، عادل عەبدول مەهدی، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچێت و لە دواین سەردانیشمدا بۆ هەرێم، رێژەی نەوتی هەناردەی هەرێم بۆ (700) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزببوەوە و هیواخوازیشین تا کۆتایی ئەم مانگە ئەو رێژەیەی هەناردە دەکرێت، نزیک بێت لەو بڕەی کە لەسەری رێککەوتوین.
ئەو پییوایە؛ پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەرێم و بەغدا لە دۆخێکى "باش"دایە و دەڵێت: "هەرێم و بەغدا لەگەڵ یەکدا راستگۆن، بەڵام هەمو کێشەکان چارەسەر نەکراون و پێوسیتە بە دانیشتنی نێوان هەردولا چارەسەر بکرێن".
لەبارەى چارەسەرکردنی تەواوەتى کێشەکانییشەوە، وتی: "دەرکردنی یاسای نەوت و غاز چارەسەری سەرجەم کێشە ژمێریارییەکانی هەرێم دەکات لەگەڵ بەغدا و پێویستە دانیشتن بکەین بۆ ئەوەی بەشی هەرێم لە فرۆشی نەوت بە شێوەی کۆتایی جیا بکەینەوە، جگە لەوەش نامانەوێت وەکو کڕیار و فرۆشیار مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکەین".