Print WWW.SBEIY.COM
 تاوتوێى یاسای پاسەوانی نیشتمانی دەکرێت .. کورد ئەم تێبینیانەى لەسەرى هەیە
27/05/2015 13:57:29
(سبەی):
بڕیارە سبەینی پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق، بۆ تاوتوێکردنى پڕۆژە یاسای پاسەوانی نیشتمانی کۆببێتەوە، فراكسیۆنە كوردییەكانیش داوا دەكەن، پڕۆژە یاساكە هەرێمی كوردستان نەگرێتەوە.
هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش‌ و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگەیاند: لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی عێراقدا، پڕۆژەیاسای پاسەوانی نیشتمانی، تاوتوێ دەكرێت‌ و نوێنەرانی كوردیش لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی، چەندین سەرنج و تێبینییان لە سەر پرۆژە یاساكە هەیە كە لە چوار خاڵ پێكدێت‌ و جیا لەوەی داوادەكەن پڕۆژەیاساكە هەرێمی كوردستان نەگرێتەوە.
لەبارەى ئەو تێبینیانەى نوێنەرانى کورد هەیانە وتى:"جەخت لەوە دەکەینەوە کە نابێت هیچ هێزێك بەبێ‌ هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە لەناوچە كوردستانییە كێشە لەسەرەكان دروست بكرێت، پاسەوانی نیشتمانی بەبێ‌ رەزامەندیی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دروست نەكرێت‌، لەگەڵ ئەوەى کە پاسەوانی نیشتمانی لە خەڵكی یەك پارێزگا دروست بكرێت‌ و پرۆژە یاساكە لە سەر بنەمای لامەركەزییەت بێت".