|
پێنج ملیار دۆلار چاوەڕوانی بڕیاری پەرلەمان دەكات |
27/05/2015 22:15:40 |
(سبەی):
"وەرگرتنی 5 ملیار دۆلار بە قەرز" ئەمە كرۆكی پرۆژە یاسایەكە كە گفتوگۆی لەنێوان پەرلەمانو حكومەت چڕكردوەتەوە.
فراكسیۆنە ئیسلامییەكانی پەرلەمانی كوردستان دژی وەرگرتنی قەرزەكەنو دەڵێن "شەرعی نییە"، فراكسیۆنی گۆڕان "شەفافیەتو بەكارهێنانی قەرزەكە بۆ پرۆژەكانی ژێرخانی ئابوری"دەكاتە مەرجی پشتگیریكردن لە پرۆژە یاساكە، ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتیش دەڵێت: قەرز شتێكی باوە لە دونیاداو پرۆژە گەورەكان پێویستیان بە قەرزە.
بەپێی پرۆژە یاسای وەرگرتنی قەزر كە لە پەرلەماندا خوێندنەوەی یەكەمی بۆكراوە، پەرلەمان رێگە دەدات حكومەتی هەرێم بە بڕی 5 ملیار دۆلار قەرز بكات.
بەهار مەحمود سەرۆكی لیژنەیی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیای گۆڕان) راگەیاند" بەپێی پرۆژە یاساكە كە لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، حكومەت دەتوانێت قەزر لە بانكە نێودەوڵەتییەكان بكات، بەمەرجێك لە 5 ملیار دۆلار زیاتر نەبێتو دەشتوانێت قەرزەكە دوبارە بكاتەوە".
بەهار مەحمود كە لە فراكسیۆنی گۆڕانە وتی"وەك فراكسیۆنی گۆڕان لەگەڵ پرۆژە یاساكەداین بەمەرجێك زۆرترین شەفافیەتی تێدابێتو بۆ پرۆژەكانی ژێرخانی ئابوری بێت."
لەم پرۆژە یاسایەدا كە ئێستا گفتوگۆیەكی گەرمی لەناو پەرلەمان دروستكردوە بە ماددەیەك ئەوە خراوەتەڕو كە دەبێت حكومەت سودو كەڵكی قەزرەكە دیاری بكاتو بە لیستێك ناوی ئەو پرۆژانە بداتە پەرلەمان كە قەرزەكەیان بۆ خەرج دەكرێتو دەبێت لە پەرلەمان پەسەند بكرێت.
فراكسیۆنە ئیسلامییەكان لەناپەرلەمانی كوردستان كە پێكهاتون لە سێ فراكسیۆن (كۆمەڵ- یەكگرتو- بزوتنەوە) دژی وەرگرتنی ئەم قەرزەن كە لە پرۆژە یاساكەدا باسكراوە، چونكە وەك ئەوان دەڵێن"لە روی شەرعییەوە ئەم جۆرە قەرزكردنە حەرامە".
پرۆژە یاسای وەرگرتنی قەرز لە (12) ماددە پێكهاتوەو لە پەرلەمانی كوردستاندا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، بەپێی بڕگەی یەكەم لە ماددەی دوەم، ئەنجومەنی وەزیران سەرپشك دەكات، بە راكێشانی مایە لە سەرچاوەی پاك لە رێگەی قەرزكردنو قەرز وەرگرتن كە لە (5 ملیار دۆلار) زیاتر نەبێت، هەروەها لە بڕگەی دوەمی ماددەی 5ی پرۆژە یاساكەدا هاتوە، لیژنەیەك لە سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری دارایی پێكدەهێنرێت بۆ وەرگرتنی قەرزەكە.
" تائێستا هەرێم قەرزی وەرنەگرتوە جگەلە یەك ملیار دۆلار نەبێت لە توركیا كە ئەوەش لە پارەی نەوت دەدرێتەوەو قەرز نییە "شیرین حوسنی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان وای وت.
شیرین حوسنی كە لە فراكسیۆنی زەردە لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیای گۆڕان) وتی: بەپێی پرۆژە یاساكە هەرێم دەتوانێت قەرزی نێودەوڵەتی بكات.
دو بانكی نێودەوڵەتی كە یەكێكیان دۆچە بانكە ئامادەییان پیشانداوە قەرز بدەنە هەرێم.
پەرلەمانتار بەهار مەحمود ئەوەی ئاشكراكرد كە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاساكەو چارەسەركردنی ئەو تێبینیانەی لەسەری هەیە، وەفدی لیژنەكانی یاساییو دارایی لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەت كۆبونەتەوەو فراكسیۆنە ئیسلامییەكانیش كە وەرگرتنی قەرز بە حەرام دەزان بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكردوە. |
|
|