Print WWW.SBEIY.COM
 سعودییە؛ رێژەی لە سێدارەدان بەرز دەبێتەوە
28/05/2015 11:10:31
(سبەی):
بڕیارده‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ له‌سێداره‌دان له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا ده‌ڵێت: به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی له‌سێداره‌دان له‌سعودییه‌ مایه‌ی نیگه‌رانییه‌ و ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی بۆچونی كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌.
ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس له‌زاری كریستۆف هێنز، بڕیارده‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ له‌سێداره‌دان له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا بڵاویكرده‌وه‌، به‌رزبونه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌سعودییه‌ سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت مایه‌ی نیگه‌رانییه‌ و به‌ته‌نیا له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ (89) كه‌س له‌سعودیه‌ له‌سێداره‌ دراون له‌كاتێكدا له‌ساڵی رابوردودا (87)كه‌س ئه‌و سزایه‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێكراوه‌.
كریستۆف هێنز كه ‌مامۆستای مافی مرۆڤه‌ له ‌زانكۆی بریتۆریا و ساڵانه‌ش راپۆرت بۆ ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان به‌رزده‌كاته‌وه‌ ده‌ڵێت: له‌دوای هه‌ریه‌ك له‌ چین و ئێران، عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌پله‌ی سێیه‌م دێت له‌جێبه‌جێكردنی سزای له ‌سێداره‌داندا و ته‌ئكیدی له‌وه‌شكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌ سزای له‌سێداره‌دان ده‌یانگرێته‌وه‌ كه‌ به‌تاوانی كوشتن حوكم ده‌درێن به‌ڵام نیوه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سعودیه‌ له‌سێداره‌ده‌درێن تاوانی كوشتنیان ئه‌نجام نه‌داوه‌ .
وه‌ك ئاشكرایه‌ هه‌ریه‌ك له‌تاوانی ده‌ستدرێژی سێكسی و هەڵگەڕانەوە له‌ ئایین و دزی كردن و بازرگانیكردن به‌مادده‌ی هۆشبه‌ر و كاری سیحربازی له‌و تاوانانه‌ن كه‌ له‌سعودیه‌ سزاكه‌ی له‌سێداره‌دانن.