Print WWW.SBEIY.COM
 شیعه‌كان رێگرن له‌په‌سه‌ندكردنی چه‌ند یاسایه‌ك
28/05/2015 11:38:22
(سبەی):
سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: به‌هۆی دروستكردنی كێشه‌وه‌ له‌لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه‌، چاوه‌ڕوان ناكرێت هیچكام له‌ یاسای حیزبه‌كان و دادگای فیدڕاڵی و پاسه‌وانی نیشتمانی له‌م وه‌رزه‌دا په‌سه‌ند بكرێن.
هۆشیار عه‌بدوڵا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عێراق، به‌ (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگه‌یاند: پێشبینی ده‌كرێت ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی بهێنێت به‌ وه‌رزی یاسادانان و به‌هۆی دروستكردنی كێشه‌شه‌وه‌ له‌لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه‌ پێشبینی ناكرێت هیچكام له‌ یاسای حزبه‌كان و دادگای فیدڕاڵی و پاسه‌وانی نیشتیمانی په‌سه‌ند بكرێن.
وتیشی: به‌رنامه‌ی كاری ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان، بریتییه‌ له‌ ده‌نگدان بۆ پڕۆژه‌ یاسای نوێی پاسپۆرت و ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی، له‌گه‌ڵ ده‌نگدان به‌ دو وه‌زیره‌ نوێیه‌كه‌ی كوتله‌ی سه‌در.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌ ده‌بێته‌ هۆی كارئاسانیكردن بۆ ده‌ركردنی پاسپۆرت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كاتێك پارسپۆرتی‌ كه‌سێك ون ده‌بێت، یان ته‌له‌ف ده‌بێت، ئاسان ده‌ربكرێته‌وه‌.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، چه‌ندین یاسای گرنگ هه‌بون له‌م وه‌رزه‌دا په‌سه‌ند نه‌كراون، ئه‌وه‌ش به‌هۆی رێگریكردن له‌لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش پێشبینی ده‌كرێت ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی بهێنێت به‌ وه‌رزی یاسادانان‌و ده‌ستپێكردنی پشوی په‌رله‌مان كه‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگ ده‌خایه‌نێت.