Print WWW.SBEIY.COM
 یۆنان‌ و وڵاتانی‌ قه‌رزده‌ر له‌ رێککەوتن نزیك ده‌بنه‌وه‌
28/05/2015 11:57:39
(سبەی):
سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ یۆنان رایده‌گه‌یه‌نێت، وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ رێکكه‌وتن له‌گه‌ڵ وڵاته‌ قه‌رزده‌ره‌كان‌ و سندوقی‌ دراوی‌ نێوده‌وڵه‌تی، نزیك بوه‌ته‌وه‌، ده‌شڵێت: گه‌شبینه‌ به‌وه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ قه‌یرانه‌ ئابورییه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات.
به‌هۆی‌ وه‌رگرتنی‌ قه‌رزێكی‌ زۆر له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپا له‌چه‌ند ساڵی‌ رابوردودا، له‌ ئێستادا یۆنان‌ و وڵاته‌ قه‌رزه‌دره‌كان له‌ دانوستانی‌ چڕوپڕدان بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌باره‌ی‌ شێوازی‌ دانه‌وه‌ی‌ قه‌رزه‌كان‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تا رۆژی‌ (5)ی‌ مانگی‌ داهاتو كاتیان له‌به‌رده‌م ماوه‌.
ئه‌لێكسیس سیپراس، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ یۆنان، دوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیرو كاربه‌ده‌ستانی‌ ئابوریی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ رایگه‌یاند: هه‌نگاوی‌ جدی‌ به‌ ئاڕاسته‌ی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ نراوه‌و گه‌یشتونه‌ته‌ قۆناغه‌كانی‌ كۆتایی‌، به‌ڵام دانوستانه‌كان پێویستیان به‌ خۆڕاگری ‌‌و پابه‌ندبونه‌.
وتیشی‌: ئه‌و رێكه‌وتنه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ ئابوریی‌ یۆنان ده‌بێت‌ و گه‌شبینن كه‌ ده‌توانن ئه‌سینا له‌و قه‌یرانه‌ ئابورییه‌ رزگار بكه‌ن كه‌ تێیدایه‌.
وڵاتانی‌ یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا، پێشمه‌رجی‌ چاكسازیی‌ ئابورییان بۆ یۆنان داناوه‌، حكومه‌تی‌ نوێی‌ ئه‌و وڵاته‌ش خوازیاری‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ به‌رنامه‌ی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ خه‌رجییه‌كانیه‌تی‌.