|
فینلەندا.. حكومەتی نوێ راگەیەندرا |
28/05/2015 20:21:21 |
(سبەی):
"پێكەوە بۆ بنیاتنانەوەی فینلەندا 2025" ئەمە ناونیشانی ئەو حكومەتە نوێیەیە كە لە فینلەندا پێكهێنرا.
راگەیاندنی حكومەتە نوێیەكە لە مەراسیمێكدا بو كە دوێنێ (چوارشەممە 27 ی ئایار) بەڕێوەچو، ئەمانە چەند ناونیشانێكی تری حكومەتەكەن.." فینلەندا بەشێك دەبێت لە ئەوروپا، ئابوریەكی خۆڕاگر، ریفۆرمو نوێبونەوە، ئارامی و ئاسایش".
حكومەتە نوێیەكە یوها سپیلا (پارتی ناوەندی) سەرۆكایەتی دەكاتو بریتیە لە (14) وەزارەت كە تیایدا پارتی فینلەندییە رەسەنەكان پۆستی وەزارەتی دەرەوەیان بەركەوتوە.
پارتی ناوەندی (كێسكوستا) كە سەرۆكایەتی حكومەتیان بەدەستەوە دەبێت دەبنە خاوەن (6) پۆستی وەزاری، دو پارتەكەی تر هاوپەیمانی نیشتیمانی (كۆكۆموس)و فینلەندییەكان (پێروس سوەمەڵاینێن) یەكی (4) وەزارەتیان بەردەكەوێت.
پێشینەو سیاسەتەكانی پارتی ناوەندی فینلەندا:
رەنگی سەوزو روەكی سێپەڕە لۆگۆی پارتی ناوەندی (كێسكوستا)یە، كە لەنێوان راستو چەپو لیبڕاڵو كۆنسێرڤاتیڤەكاندا وەكو حزبێكی نێوانڕەو دەناسرێن.
دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ساڵی 2015 ئەم پارتە خاوەنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە، لەو هەڵبژاردنانەدا ئەم پارتە بە پلەی یەكەم دەرچوەو توانیویەتی (49) كورسی پەرلەمانی لە كۆی (200) كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت.
بە درێژایی مێژو پارتی ناوەندی لە گەڵ سۆسیال دیموكراتو چەپەكانو لیبڕاڵەكاندا هەماهەنگی هەبوەو زیاتر لە گەڵ ئەواندا بەشداری لە حكومەت كردوە.
بەڵام ئێستا هەلومەرجێكی تر هاتۆتەپێشەوەو ستراتیژیەتی خۆی بۆ پێكهێنانی حكومەت گۆڕیوە. بۆ دەربازبون لە قەیرانی ئابوریو گۆڕانكاری لە هەندێك بڕیاری سیاسی خۆیان خەریكی دامەزراندنی حكومەتێكی سێ قۆڵی لەگەڵ پارتی فینلەندییە رەسەنەكانو هاوپەیمانی نیشتیمانیدان.
تائێستا ئەم پارتە توانیویەتی (24) جار پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانو (3) جاریش پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار بەدەستبهێنێت.
ئایدۆلۆژیاو پێناسەی پارتی ناوەندی فینلەندی:
پارتی ناوەندی كە پێشتر بە یەكێتی گوندنشیانان بەناوبانگ بو ئایدیۆلۆژیاكەی لەسەر بنەمای گەشەكردنی دێموكراسیو پشتیوانی لە جوتیارو هەژاران دامەزراوەو لایەنگری ئابوری بازاری ئازادو دەسەڵاتی زیاتری خاوەن زەوییەكانە.
ئامانجی ئەوەیە كۆمەڵگا بە شێوازێكی دەسەڵاتی دابەشكراو بەسەر ناوچەكاندا دێسانترالیزە بكرێت، كە تیایدا خۆبەڕێوەبەرایەتی خۆجێیەتی حكومەتە ناوچەییەكانو هەرێمەكان دەبێت ئازادیەكی فراوانی (لا مەركەزی)یان پێ بدرێت كە لەسەر بناغەی ئابوری بازاڕ بڕوات بەڕێوە.
ژمارەی ئەندامەكانی نزیكەی 163000 ئەندام دەبێت.
چینو توێژە جیاوازەكان بەمشێوەیە پشتیوانی لەم پارتە دەكەن:
28% بەساڵاچوانو خانەنشینان، 23% كرێكاران، 18% بەرپرسان، 10% جوتیاران، 9% لاوانو خوێندكاران، 8% خاوەن كارو كۆمپانیاكان، 4% ئەوانی تر.
بەپێی بەرنامەی سیاسی خۆیان پارتی سەنتەر یاخود ناوەندی كاردەكات لەپێناو نەهێشتنی بێكاریو دابینكردندنی بیمەی كۆمەڵایەتیو چەسپاندنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی..
لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئەمساڵی 2015دا سەرۆكی پارتی سەنتەر (یوها سپیلا) وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان ئەوەی خستەڕو كە ئامانجی سەرەكی حزبەكەی تا كۆتایی ساڵی 2020 كۆتایی هێنانە بە كێشەی دارایی فینلەندا، لەچوارچێوەی بەرنامەیەكی هاوبەشدا كە لەگەڵ دو لایەنەكەی تردا بڕیاری لەسەر ئەدەن، لەو ماوەیەدا ئەو سێ لایەنە لەسەریانە كۆتایی بە قەرزەكانی دەوڵەت بهێننو ئابوری وڵاتەكەیان بەهێزتر بكەن.
كێشەی بێ كاری ئەبێت چارەسەر بكاتو پارتی سەنتەر لە بەرنامەیدایە كە لەو ماوە دیاری كراوە نزیكەی (200 هەزار) هەلی كار بۆ هاوڵاتیانی فینلەندی دابین بكات.
یەكێك لە گەورەترین دەستكەوتەكانی پارتی ناوەندی سازكردنی رێفۆرم لە یاسای كاردا بوە.
دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ساڵی 1999 ئەو بەڵێنانەی كە بە دابویان بە خەڵكی لە چوارچێوەی پرۆژەی جیاواز جێبەجێ كراون.. لەو ماوەیەدا توانیویانە چاكسازی لە بازاڕی كارو شێوازی ئیشكردنی سەندیكاكان بكەن...
جگە لەمانە لە بەرژەوەندی كرێكاران چاكسازیی ریشەییان لە سیستەمی كاركردنو یاسای كارو گرێبەستەكان كردوەو توانیویانە ئەو گۆڕانكاریانە ئەنجام بدەن.
پارتی سەنتەر ئەندامی گروپی لیبراڵ دیموكراتەكانی ئەوروپاو ئەندامی ئەنجومەنی پارتە ناوندییەكانی ئیسكەندینافیایە.
نزیكە لە پارتە لیبڕاڵەكانی وەك پارتی سەوز (ژینگە)و پارتی گەلی سویدی.. ئەم پارتە پشتیوانی لە پرۆسەی خوێندنی زۆرەملێی زمانی سویدی بۆ وڵاتەكەی دەكات كە زمانی سویدی لە تەنیشت زمانی فینلەندی وەكو زمانی دوەم بەكاربهێنرێتو پشتیوانی لە فرەكولتوری دەكات...
سەرۆكی ئێستای پارتی سەنتەر ناوی (یوها سیپیلا)یە لە ساڵی 2012 بوە بە 14هەمین سەرۆكی ئەو پارتە، بۆ رێكخستنەكانیان لە فینلەندا 20 بازنەی سەرتاسەریان هەیەو خاونی 9 رێكخراوی وەك ژنانو گەنجانو خانەوادەو ئەوانی ترن.
ئا/ سەباح عەباس |
|
|