|
واشنتۆن كوبای لە لیستی پشتیوانانی تیرۆر دەرهێنا |
29/05/2015 22:00:49 |
(سبەی):
ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا ئەمڕۆ هەینی ناوی كوبای لە لیستی ئەو وڵاتانە دەرهێنا كە "پشتیوانی تیرۆر" دەكەن.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو نزیكبونەوە مێژوییەدایە كە دوای زیاتر لە نیو سەدە دوژمنایەتی لەنێوان هەردو وڵات دروستبوە.
ئەم بڕیارە كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند بڕیارێكی چاوەڕوانكراو بو بەتایبەتیش دوای ئەوەی باراك ئۆباما پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕیو پێشتریش هاڤانا ئەم بڕیارەی واشنتۆنی وەك مەرجێكی پێشوەخت دیاریكردبو بۆ دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی.
ئۆباماو رائول كاسترۆی سەرۆكی كوبا لە رۆژی 17 ی دێسەمبەری ئەمساڵدا رایانگەیاند، كاردەكەن بۆ دوبارە گێڕانەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات.
ساڵی 1961 دوای دو ساڵ لە هاتنە سەر حوكمی فیدل كاسترۆ كە برای رائول كاسترۆی سەرۆكی ئێستای كوبایە، ئەمەریكا پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ كوبا راگرت، ئەمەش دوای ئەوەبو كاسترۆ دەستیكرد بە جێبەجێكردنی حوكمی شیوعیەت لە كوبادا. |
|
|