Print WWW.SBEIY.COM
 حوسیەکان پارێزگارى سەنعایان کوشت
30/05/2015 10:10:22
(سبەی):
پارێزگاری سه‌نعا به‌ ده‌ستی حوسیه‌كان ده‌كوژرێت‌ و عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵحیش دوپاتى دەکاتەوە کە پشتیوانی ته‌واوی حوسییه‌كانە و سعودیه‌ش تۆمه‌تبار ده‌كات بەوەى "بەرتیل"یان پێداوە بۆئەوەى دژی حوسیه‌كان بجه‌نگێت.
ئاژانسی فرانس پرێس له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی یه‌مه‌نەوە بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی‌ رابردو پارێزگاری سه‌نعا ئامادە نەبوە خۆی راده‌ستی حوسیه‌كان بكات، شه‌ڕی ده‌سته‌ و ئێخه‌ له ‌نێوان ئەو وپاسەوانەکانى و چەکدارە حوسیه‌كان رویداوه‌ و لە ئەنجامدا هه‌ریه‌ك له‌ عه‌بدولغه‌نی حەفزەڵا، پارێزگاری سه‌نعا‌و برازایه‌كی به‌ سه‌ختی برینداربون ‌و دواتریش گیانی له‌ده‌ستداوە.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌، عه‌لی عەبدوڵا ساڵح سه‌رۆكی پێشوی یه‌مه‌ن، له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانی (مه‌یادین) رایگه‌یاند: كه‌ رێكه‌وتنێكی پته‌وی له‌گه‌ڵ حوسیه‌كاندا هه‌یه‌‌ و تا لە ژیاندا ماوە پشتیوانییان لێده‌كات، وتیشی: "سعودیه‌ ده‌یان ملیۆن دۆلار به‌رتیلی پێداوم تا له‌ دژی حوسیه‌كان بجه‌نگم، بەڵام ره‌تمكردوه‌ته‌وه‌".
ساڵح جەختیشی كردوه‌ته‌وه‌، نه‌خۆی ‌و نه‌ نه‌وه‌كانی هه‌رگیز ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر دەسەڵات، بەڵام لە وڵاتەکەیاندا ده‌مێننه‌وه‌.