Print WWW.SBEIY.COM
 هەرێم و بیلاروسیا پرۆتۆکۆڵێکیان واژۆ کرد
30/05/2015 14:39:59
(سبەی):
شاندێکى باڵاى حکومەتى هەرێم بۆ بەدواداچون و جێبەجێکردنی یاداشتنامەى لێک تێگەیشتنى نێوان هەردولا گەیشتنە بیلاروسیا و پرۆتۆکۆڵی یەکەم کۆبونەوەی لیژنەی هاوبەشیان واژۆ کرد، جێگرى سەرۆک وەزیرانى ئەو وڵاتەش ویستى وڵاتەکەى بۆ پتەوکردنى پەیوەندیەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێم دوپاتکردەوە و رۆڵى هێزەکانى پێشمەرگەشى لە روبەڕوبونەوەى داعش بەرزنرخاند.
رۆژی چوارشەممەى رابردو شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و وڵاتی بیلاروسیا و جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنەى نێوان هەردولا، کە لە میانی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ هەولێر لەنێوانیاندا واژۆکرابو گەیشتنە بیلاروسیا و لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە کۆبونەوە.
شاندەکەى هەرێمى کوردستان لەلایەن ڤلادیمێر مەکێى وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە و چەند بەرپرسێکى دیکەوە پیشوازیان لێکرا و دواتر کۆبونەوەى حکومەتی بیلاروسیا و هەرێمى کوردستان بە سەرپەرشتی ڤالێنتین ریباکۆڤ، جێگرى وەزیرى دەرەوە و ساماڵ سەردار سەرۆکی شاندەکە ئەنجامدرا، بە مەبەستى واژۆکردنى پرۆتۆکۆلێك بۆ هاریکارى و هەماهەنگى و ئاڵوگۆڕکردنى ئەزمون و شارەزایى لە بوارەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵ و بازرگانى و خوێندنى باڵا و تەکنەلۆژیاى زانیارى و گەشتوگوزار و ژورەکانى بازرگانى و پەرەپێدانى پەیوەندیەکانی نێوان هەردولا.
هەر لەو سەردانەدا میخائیل روس، جێگرى سەرۆک وەزیرانى بیلاروسیا لە تەلاری ئەنجومەنى وەزیران لەمیانى پێشوازیکردن و لە کۆبونەوەى لەگەڵ شاندەکەى هەرێم دوپاتیکردەوە کە وڵاتەکەى دەیەوێت پەیوەندیەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان بە تایبەتی پەرەپێبدات و رۆڵى هێزەکانى پێشمەرگەشى بەرزنرخاند لە روبەڕوبونەوەى داعش و پشتگیرى خۆی بۆ گەلی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لاى خۆشیەوە ساماڵ سەردار سوپاسی حکومەتی حکومەتی بیلاڕوسیای کرد بۆ هاوکاری و پاڵپشتیان لە گەلی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەر لەو سەردانەدا لە باڵەخانەى وەزارەتی دەرەوەى بیلاروسیا پرۆتۆکۆڵی یەکەم کۆبونەوەی لیژنەی هاوبەش لەلایەن ڤالێنتین ریباکۆڤ، جێگرى وەزیرى دەرەوە و ساماڵ سەردار سەرۆکى شاندى باڵاى هەرێم واژۆکرا.