(سبەی):
سێهەم كۆنگرەی كۆمەڵی ئیسلامی لە شاری هەولێر دەستیپێكرد و ژمارەیەك لە كادیر و ئەندامانی ئەنجومەنی چاودێریی حیزبەكەش، بایكۆتی دەكەن، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیش دەڵێت: چاكسازی لە كوردستان دواخراوە و ئیرادەی چاكسازی زۆر كەمە.
ئەمڕۆ شەممە لە هۆڵی ئەوتار لە شاری هەولێر كۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە بەشداریی (760) ئەندام كە (152)یان ژنن، سێیەمین كۆنگرەی خۆی دەستپێکرد کە سێ رۆژ دەخایەنێت.
لە كۆنگرەكەدا ئەندامانی سەركردایەتی هەڵدەبژێرێن، لەهەمان كاتدا ئەندامانی سەركردایەتی، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژێرن، هەر لە كۆنگرەشدا پەیكەری رێكخراوەیی حیزبەکە دەستكاریی دەكرێت.
لە وتاری دەستپێكی كۆنگرەشدا، عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رەخنەی لە حكومەتی هەرێم گرت و رایگەیاند: چاكسازیی لەكوردستان، زۆر دواخراوە و ئیرادەی چاكسازیی لای ئەو كەسانەی پێویست بو چاكسازیی بكەن، زۆر كەمە و ئەوەش وایكردوە، ئەو بەڵێنانەی لەپێكهێنانی حكومەتدا دران، جێبەجێ نەكرێن.
لەگەڵ دەستپێكردنی كۆنگرەشدا، (10) كەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی چاودێریكردنی ئەو حیزبە، لە بەیاننامەیەكدا بایكۆتكردنی كۆنگرەیان راگەیاند و دەڵێن: رێگرییان لێكراوە لەوەی چاكسازیی لە پەیكەری رێكخراوەیی كۆمەڵدا بكەن.
هاوكات، حەوت كەس لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵەی خوشكانی كۆمەڵی ئیسلامیش، بایكۆتكردنی كۆنگرەیان راگەیاند و دەڵێن: پێگەی ئافرەت لەناو حیزبەكەیاندا، هێندە نادیدە گیراوە كە هەست دەكەن ئەندامی پلە دون.
وتەبێژی كۆنگرەی سێیەمی كۆمەڵیش دەڵێت: ئامادەنەبونی ئەو كەسانە لە كۆنگرە ئاساییە و بەشێكی زۆر لەو رەشنوسەش كە بۆ كۆنگرە ئامادەكراوە لەلایەن ئەو كەسانەوە ئامادەكراوە كە بایكۆتی كۆنگرەیان كردوە. |