(سبەی):
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، جیاوازی له نێوان كه‌وتنی شاری موسڵ و رومادیدا هه‌یه‌و لیژنه‌شیان بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌هۆكاری كشانه‌وه‌ی سوپا له رومادی پێكهێناوه.
حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له میانی چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فیزیۆنی عێراقیه‌دا رایگه‌یاند: لیژنه‌یه‌كیان پێكهێناوه بۆ لێكۆڵینه‌وه له هۆكاری گرتنی رومادی لەلایەن داعشەوە، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت كێ فه‌رمانی پاشه‌كشه‌ی به سوپا داوه، چونكه سه‌ربازه‌كان پێیان وابوه ئه‌وه ته‌كتیكی سه‌ربازییه نه‌ك ئه‌وه‌ی سوپا توانای شه‌ڕو روبه‌روبونه‌وه‌ی نه‌بێت.
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له باره‌ی لێكچونی گیرانی رومادی و موسڵیشه‌وه رایگه‌یاند: له موسڵ هه‌مو چه‌ك و كه‌ره‌سته سه‌ربازییه‌كان كه‌وتنه ده‌ست داعش، به‌ڵام له رومادی چه‌ك و جبه‌خانه‌ی سه‌ربازی نه‌كه‌وتوه‌ته ده‌ست داعش، ئه‌وانه‌شی كه به‌جێماون دواتر له رێگه‌ی هێزه ئاسمانییه‌كانه‌وه له‌ناوبراون. |