Print WWW.SBEIY.COM
 لیژنەی دەستور هەفتەی چوارجار كۆدەبێتەوە
30/05/2015 21:54:21
(سبەی):
"هەفتەی چوارجار كۆدەبێتەوە‌و یانزە رۆژ جارێكیش سەرۆكی لیژنەكە دەگۆڕدرێت" ئەم بڕیاری لیژنەی ئامادەكاری دەستوری هەرێمی كوردستان بو لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا.
بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی ئامادەكاری دەستوری هەرێمی كوردستان بۆ راپرسی رایگەیاند: بەمەبەستی پەلەكردن لە نوسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان‌و ئامادەكردنی بۆ راپرسی، لیژنەكە بڕیاریداوە هەمو  هەفتەیەك چوار كۆبونەوە بكات‌و كۆبونەوەی ئەم هەفتەیەیش لە رۆژی دوشەممەی داهاتو دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بە پێی رێكەوتنی لایەنەكانی ئەندام لە لیژنەكە، بڕیارە هەر 11 رۆژ جارێك سەرۆكایەتی لیژنەكە بگۆردرێت.
بەپێی ئەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە " 11 رۆژی یەكەم سەرۆكی لیژنەكە بۆ پارتی دەبێت‌و 11 رۆژی دوەم بۆ بزوتنەوەی گۆڕان".
لە كۆبونەوەی رابردوی لیژنەی ئامادەكاری دەستوردا، مادەو بڕگەكانی رەشنوسی پەیرەوی ناوخۆی لیژنەی ئامادەكاری دەستوری هەرێمی كوردستان بۆ راپرسی پەسەندكراو بڕیاریشە لە كۆبونەوەی داهاتودا پرۆسەی نوسینەوەی دەستور دەسپێبكەن.