Print WWW.SBEIY.COM
 (سبەى) خۆى نوێ دەکاتەوە
31/05/2015 12:20:10
(سبەی):
سایتى (سبەى) هەشت ساڵ لەمەوبەر وەک یەکەم رۆژنامەى ئەلیکترۆنى هەرێمى کوردستان و یه‌كه‌مین كه‌ناڵی‌ راگه‌یاندنی‌ كۆمپانیای‌ وشه‌، به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ په‌یامی‌ (سبه‌ی) كه‌وته‌ کار، لەماوەى کارکردنیدا سەربارى کەمى ژمارەى ستاف و کارمەندانى بە پاڵپشتى هاوکارەکانى توانیویەتى دیدگایەکى نوێ بێت، بە شێواز و ناوەڕۆکێکى نوێوە بێتە مەیدانى رۆژنامەگەرى کوردى.
(سبه‌ی) لەماوەى کارکردنیدا توانیویەتى؛ گرنگى بە بنەماکانى هاوسەنگى و بێلایەنى و بەرپرسیارێتى بدات، بەشێوەیەک لەو ماوەیەدا هیچ لەکەیەکى یاسایى نەداوە بەدەستەوە و وەک سایتێکى خاوەن سەنگ و قورسایی و ئەزمون و سەنگین پەخشى خۆى کردوە و تاکە ئامانجیشى خزمەتکردن بوە خوێنەرانى و هاوڵاتییان، ئەوەش بە نیشاندانى سەرجەم رەهەندەکان و دەستخستنە سەر برینەکان.
لەماوەى رابردودا (سبەى) بە ئامادە و بڵاوکردنەوەى هەواڵ و راپۆرت و دیدار و بەدواداچونە رۆژنامەوانیەکانى نەک تەنها سەرچاوەیەکى متمانەپێکراوى خوێنەرانى بوە، بەڵکو بوەتە سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ میدیا ناوخۆى و بیانیەکان تەنانەت گوێى بەوەش نەداوە کە هەندێکیان بێ هەستکردن بە بەرپرسیارێتى و لەبەرچاوگرتنى ستافەکى بابەتەکانیان بڵاوکردوەتەوە.
ئێمە وەک ستافى سایتى (سبەى) بەردەوامى بەکارکردنمان دەدەین، بەڵام بەردەوامیشین لە خۆنوێکردنەوە و هەوڵ دەدەین بە سود وەرگرتن لە تەکنیکى نوێى کارکردن و پشت بەستن بەشێوازى نوێى کارى میدیایى خزمەت بە سەرجەم خوێنەرانمان بکەین لە ناوەوە و دەرەوەى وڵات، بۆ ئەوەى بەئاسانترین رێگە و باشترین کوالێتى هەواڵ و زانیاریەکانمانیان پێبگات.
دواى رێکخستنەوەى میدیاکانى بزوتنەوەى گۆڕان لە چوارچێوەى (تۆڕى میدیاى گۆڕان)دا، (سبەى) وەک یەکێک لە میدیا سەرەکیەکان لەگەڵ بەردەوامبونیدا لە چوارچێوەی ئەو تۆڕەدا و لەسەر هەمان شێوەى کارکردنى خۆى لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا، بە دیزاینێکى نوێ و سەرنجڕاکێش دێتەوە خزمەتتان.