Print WWW.SBEIY.COM
 دەزگا ئەمنییەكانی وڵات و كاریگەری حیزب
مه‌لا فه‌رمان
24/02/2008

         
                              

مەبەستی یەكەم لە دامەزراندنی سەرجەم دەزگا ئەمنییەكانی دەوڵەت بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییە لە هەموو پیلانێكی دەرەكی و ناوخۆیی. ئەو پیلانەی وڵات و قازانجی نیشتیمانی دەخاتە بەر مەترسییەوە. واتە ئەركی سەرەكی ئەم دەزگایانە پاراستنی سیادەی پیرۆزی دەوڵەتە. بۆیە پێویستە تەواوی كارمەندەكانی بە لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندی بەرزی نیشتمانییەوە كارەكانیان ئەنجام بدەن، بە تەواوی خۆیان بە دووربگرن لە بیركردنەوەی حیزب، خێڵ و بەرژەوەندی شەخسی. چونكە كاتێ بەرژەوەندی حیزبێكی وڵات دەكەوێتە مەترسییەوە بە مانای ئەوە نییە وڵات لە مەترسی دایە. بۆیە ئەم حاڵەتە نابێت دەزگا ئەمنییەكان نارەحەت بكات. بە پێچەوانەوە ئەم دەزگایانە لەم كاتە پێویستە ئاگاداری جموجوڵی ئەو حیزبە بن، چونكە بە دوور نازاندرێ حیزب لەو حاڵەتەدا بۆ بەرژەوەندی خۆی بكەوێتە ژێر كاریگەری بێگانەوە و دەستی دەرەكی بكێشێتە نێو كاروباری وڵاتەوە. جگە لەمەش كاتێ لە دیدی حیزبانەوە كاری ئەم دەزگایانە ئەنجام بدرێت، زۆری زانیارییەكان لە بەرژەوەندی حیزب كۆدەكرێتەوە، رەنگە زۆربەیان دووربن لە راستییەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی بوونی زانیاری هەڵە و نادروست لای ناوەندی بڕیار، ئەم ناوەندەش لە بڕیارداندا دەكەوێتە هەڵەی گەورەوە.

ئەگەر چی كۆتاییهێنان بە دكتاتۆرییەت لە عێراق هەنگاوێكی پیرۆز بوو، گەلانی عێراقی لە دڕەندەترین دیكتاتۆر رزگار كرد. بەڵام دوای روخانی رژێمی عێراق و نە دۆزینەوەی چەكی كۆمەڵكوژی كوشندە لە عێراق كە پێشتر ئەمریكا زۆر بەدڵنیاییەوە باسی لێ دەكرد و توانیی پشتیوانی باش و هاوپەیمانی بە هێز بەدەست بێنێ، زۆر لە وڵاتان و سیاسەتمەدارانی دونیا كەوتنە گومانەوە، لەو پشتیوانیكردنە پەشیمان بوونەوە. بۆ ماوەیەكی زۆریش دەزگاكانی راگەیاندن خۆیان پێوە خەریك كرد، هەندێكیان بە راشكاوی باسی رۆڵی هەندێ لە ئۆپۆزیۆنی عێراقیان كرد لە كۆكردنەوەی زانیاری نادروست لە سەر حكومەتی عێراق بە تایبەتی دەربارەی چەكی كۆمەڵكوژ. هەندێ لە شارەزایان پێیان وایە ئەو بڕیارەی ناوەندی بڕیاری ئەمریكا لە ئەنجامی زانیاری نادروستی دەزگا ئەمنییەكان دراوە. ئەم دەزگایانەش  ئەو كات كەوتبوونە ژێر كاریگەری حیزبی دەسەڵاتدارەوە.

زۆر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتیش ئەگەر چی دەیان ساڵە بە ناو رزگاریان بووە، خاوەن دامودەزگای دەوڵەتن، خۆ بە خاوەن سیادە دەزانن، بەڵام نەیانتوانیوە نان، ئازادی و ئاسایش بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن. بۆیە زۆر بە ئاسانی ئەم و ئەو دەتوانن دەست لەكاروباریان وەر بدەن. 

 پێم وایە ئێستا ئەمریكا دەیەوێ سوود لەو هەڵەیە وەربگرێ و نایەوێ لە شوێنێ ترو جارێكی تر دووبارە ببێتەوە.  دانبەخۆدا گرتنی ئەمرێكا لە بەرامبەر كارە ئیستفزازییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران نیشانەی بوونی سیاسەتی بە خۆدا چوونەوەیە لای بڕیار بەدەستانی ئەمریكا.
 
ئێمەی كوردیش هەقە بڕوانینە ئەزمونی ئەو وڵاتانە، ئاوڕێ لە 17 ساڵی رابردوی خۆمان بدەینەوە، روداوەكان بهێنینەوە بەر چاو و بیری خۆمان، بە خۆماندا بچینەوە. ئەوەش بزانین ئێستاش  دەزگا ئەمنییەكانمان و تەواوی دەزگاكانی دەوڵەت بە تەواوی مۆركی حیزبییان لە خۆ گرتووە. بۆیە پێویستە لە مەودوا خۆمان دووربگرین لە كاریگەری حیزبی لە سەر ئەو دامودەزگایانە، تا زووە هەمووی یەك بخەین و لە دیدی وڵاتپارێزی و نیشتمان پەروەرییەوە دەست بەكاربین. هەموشمان پشتیوانی حكومەتەكەمان بین.