کامەران عەزیز
هەڵوێستی سێیەم:
ئێسات لە شەقامی کوردیدا ئەم پرسیارە واتا ناونیشانی ئەم وتارە زۆر باوە و لە هەر کۆڕ وکۆمەڵیکدا چەندەها بارە دەبێتەوە و دەڵێن بۆچی ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بەرەو بارەگاکانی پارتی هەنگاو هەڵدەگرێت و دەڕوات...؟!
من لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ ئەم چەند فاکتەرەی خوارەوە و بیسەلمێنم، کە بۆچی پارتی بوەتە نیشانەی هێرشی خۆپیشاندەرانی کوردستان..؟! ئەم هۆکارە وای کردوە کە پارتی هەردەم وەڵامی هەبێت و ببێتە سەرچاوەی سەرەکی هێزی سەرکوتکردن و کوشتن و سەرنگومکردن و خوێنڕشتنی خۆپیشاندەران، بۆیە پارتی لە هەر هێزێکی دی لە کوردستان زیاتر ترسی لێ نیشتوە و لە دڵە ڕاوکێ و لەرزینێکی زۆردایە... لە هەر حیزبێکی دی زیاتر خۆی ئامادە کردوە، بەڵام پارتی لەوە تێناگات کە سەرکەوتن و سەرئەنجامی خۆپیشاندان، هەمو هێزەکان دەگڕیتەوە و هەمویان دەکەونە بەردەم دادگایی خۆپیشاندەرانی کوردستان...!
من لێرەدا دەمەوێت، لە فاکتەرەکانی ئێستاوە بۆ ساڵانی پێشو دەست پێ بکەم:
1. لە یەکەم ساتی دەستپێکردنی شەپۆلی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی کوردستاندا، ئەوا پارتی بو کە یەکەم جار لولەی تفەنگی کردە خۆپیشاندەران... یەکەم حیزب بو کە یەکەم دەستڕێژی گوللـەی بەرامبەر بە سنگی هاوڵاتیانی خۆپیشاندەر خاڵی کردەوە... یەکەم حیزب بو چەندەها لاوی بێتاوانی شەهید و بریندار کرد، یەکەم حیزب بو کە بە کوشتنی یەکەم رێژوانی لاو، وەڵامی دایەوە... واتا یەکەم حیزب بو لەم داویەدا لە هاتنی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکاندا، یەکەم دڵۆپی خوێنی رشت، ! یەکەم حیزب بو کە شەقامە وێرانەکانی ئەم کوردستانەی بە خوێن سورکرد...! یەکەم حیزب بو کە شیوەنی لەنێو کورداندا دروست کردو چاوی دایکان و باوکانی پڕکرد لە فرمێسک...! هەر پارتییە کە بەردەوام تەقە لە خۆپیشاندەران دەکات و منداڵان و گەنجان خەڵتانی دەکات و دەکوژێت...!
2. هەر ئێستا یەکەم حیزبە کە پارێزگاری لەم حکومەتە نا عەدالەت و پڕ لە گەندەڵە دەکات، نەک هەر ئامادە نییە بۆ هیچ ئاڵوگۆڕ و چاکسازیەک لە کوردستاندا، بەڵکو زۆر بە سەختی، بە بەهێزترین چەک، بە توندترین سەرکوت، بە گەورەترین ریاکاری و بەڵێنی وەهم و درۆ، دەیەوێت پێش بە شەپۆلی خۆپیشاندانەکان بگرێت. یەکەمین حیزبیش بو کە هەڕەشەی (دەست بڕینەوەی لە هاوڵاتیانی ئازادیخواز) کرد...!
بۆ نمونە ئێستا هەر هێزی پارتییە کە ریَگای لە خۆپیشاندانی شاری هەولێر گرتوە، ئەوا پارتییە کە توشی هیستریاکی گەورە بوە و زۆر دەترسێت کە لە ژێر سایەی قەڵای دەستەڵاتیدا خۆپیشاندان روبدات، گەر خۆپیشاندانیش رو بدات ئەوا لەم شارەشدا هەر پارتی دەبێتە نیشانەی گەورە، چونکە ئەوا پارتییە کە خۆی حازر و ئامادە کردوە بۆ هەر ڕو بەڕوبونەوەیەک، ئامادەیە وەک رژێمی قەزافی هەرچی توانا و هێزی چەک و تەقەمەنی هەیە دژ بە هاوڵاتیانی خۆپیشاندەر بەکاری بهێنێت، تا هەیمەنە و دەسەڵاتداریەتی سەرۆک و سەرۆکایەتی حیزبەکەی لە دەست نەچێت...!
3. ماوەی چەند ساڵێکە پارتی دیموکراتی کوردستان بوەتە سەرچاوەی بەرتەسکردنەوەی ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان، چەندەها یاسای دواکەوتوانەی بە زۆر و جەبەڕوتی خۆی بە سەر هاوڵاتیانی کوردستاندا سەپاندوە، چەندەها خروقاتی خوڵقاندوە، چەندەها جار بوەتە هۆی ئازاردان و ئەشکەنجەدان و زیندانی کردنی رۆژنامەنوسان و نوسەر و رۆشنبیرانی کورستان، چەندین رٶژنامەنوس و نوسەرانی لە رێگای دادگا تایبەتەکانی خۆیەوە بە سزا و غەرامەکردن و زیندانیکردن گەیاندوە.
4. سەرۆکی هەرێم، ئەم مرۆڤە بێجگە لەوەی سەرۆکی خێزانەکەیەتی لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی هۆزەکەیەتی واتا سەرۆکی بارزانییەکانە...، لە دەرەوەی خێزان و هۆزەکەی، ئەندامی باڵای پارتێکە، لەنیَو ئەم پارتەدا سەرۆکایەتی ئەم پارتەشی بۆ خۆی بە دەستهێناوە...! لە دەرەوەی بنەماڵە و هۆز و پارتەکەیدا هەرچۆنێ بێت و بە هەر رێگایەکی مەشروع یان نا مەشروع بێت...! سەرۆکایەتی ئابوری و سیاسی و سەربازی و ئاساییش و یاسایی و دادگایی ...هتد هەرێمی کوردستانیشی بەدەستهێناوە...!
5. لە گەڵ هەمو ئەم سەرۆکایەتیەدا، بەڵام هەر بەناوی حیزبەکەیەوە لێدوان بۆ هاوڵاتیان دەدات... هەر بە ناوی حیزب و بنەماڵەکەیەوە پەنجەی هەڕەشە بەرز دەکاتەوە... هەر بەناوی حیزبەکەیەوە خەڵکی ئازادیخواز دەکاتە دەرەوە لە کوردستان... هەر بەناوی حیزبەکەیەوە دادگایی هاوڵاتیان و نوسەر و رٶژنامەنوسان دەکات...! لەوانەیە سەرۆک لە بیری چوبێتەوە کە سەرۆکی هەمو کوردستانە نەک سەرۆکی حیزبێک، ئەگینا ئاوڕێکی لە کارە نەشیاوەکانی حیزبەکەشی دەدایەوە و هەمو کارە نەشیاو و نا عەدالەتەکانی بەبێ جیاوازی خۆی و ئەوانی دی وەک یەک دەبینی...!
6. پارتی لە باری جوگرافیەوە بەرینترین ناوچەکانی کوردستانی لە ژێر دەسەڵاتدایە و بەم هۆیەوە توانیویەتی زۆرینەی دەنگەکان و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بۆ چەندەها ساڵ، بۆ خۆی ببات و مسۆگەر بکات.
7. پارتی بەهۆی داگیرکردنی زۆربەی دەسەڵات لە حکومەتی هەریَمی کوردستاندا، بەهٶی بردنی زۆرترین و باشترین وەزارەتەکانی حکومەتەوە، گەورەترین بودجە و سەرچاوەی سامان و سەروەتی ئابوری کوردستانی خستۆتە ژیر دەستەڵاتی خۆیەوە، ئەم بەشە زۆرە زیاتر بە قازانجی حیزبی و بنەماڵەیی بەکاردەهێنێت، هەر لە نێو حیزبەکەیاندا تەخشان و پەخشانی دەکەن و دەسەڵاتی حیزبی پی فراوان دەکەن.
8. پارتی خۆی کردوەتە خاوەنی هەر بڕیار و قەرارێکی (سیاسی و ئیداری و سەربازی) لە کوردستاندا و هەرخۆشی بەهێزی حیزبی خۆی (قەرار و پەیوەندی)یە بازرگانی و سیاسی و ئیداری و سەربازیەکان، یەک بە یەک، بەبێ هیچ پرسێک، بڕیاری لەسەر دەدات و تەنفیزی دەکات.
9. کەواتە بەهۆی زۆرترین دەسەڵات و هەیمەنەی گەورەی (پارتی)یەوە زۆرترین ناعەدالەتی و گەندەڵی و دزی کە لە کوردستاندا رو دەدات و دەکرێت لە سەدا حەفتای بەهۆی دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە رو دەدات...!
10. کۆی هەمو ئەو کارە نەشیاوانەی سەرەوەیە وای کردوە کە رق و بێزاری و ناڕەزایەتیەکی زۆر لە بەرامبەر پارتیدا کۆ بێتەوە، وەک ئێستا بەڕویدا بتەقیتەوە، خۆپیشاندانەکان بەرەو بەهێزتر و توندتر بڕوات گەر بێت و پارتی بەردەوام بێت لە سەر چۆنیەتی مامەڵە و لوتبەرزی خۆی...!
11. ..........هتد
بەڵی بنەما و ناوەڕۆکی ئەم خاڵانەی سەرەوەیە کە بوەتە پاڵنەری دروستکردنی رق و توڕەیی خۆپشاندەران بەرامبەر بە بنکە و بارەگاکانی (پارتی). ئەم شێوەکارانەیە دەسەڵادارانی پارتی توشی بوغرایی و لوتبەرزی کردوە، دەتوانم بڵێم؛ گەر فریا نەکەوین ئەوا پارتی بەردەوام دەبێت لەسەر چۆنیەتی مامەڵە و لوتبەرزی خۆی، سەرۆکایەتی و سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کردەوە دەست دەکەن بە (دەست بڕینەوەی هەر یەکەمان..!)، بەرەو جێگیرکردنی تەمەنێک لە مێژوی دیکتاتۆری هەنگاو هەڵدێنن...!