سدیق رەنجبەر
دەسەڵاتدارە زۆردارەکان هەمیشە ئەو ئامانج و دروشمە بریقەدارانەیان بەرزکردۆتەوە کە داخوازی کۆمەلانی خەڵکن و برەویان هەیە، بۆ ئەوەی لەپاڵ بەکارهێنانی زەبرو زەنگ و توندوتیژی و بەرژەوەندی بەشینەوەدا، هەندێ خەڵک بخەڵەتێنن، یان دەستەمۆیان بکەن. ئەو دەسەڵاتدارانە گەلێکجاران، له قۆناغێکی دیاریکراودا، سواری شه‌پۆڵی ناڕه‌زایی و توڕەیی خه‌ڵک بون، خەم و ئازار‌و ئاوات و داخوازیەکانی ئەوانیان هەڵگرتوە، به وشه‌و دروشم و چه‌مگی جوانی سه‌رده‌م روی ناشرینی خۆیان ده‌مامک داوه که ره‌واجی سیاسیان هه‌یه، کەچی لە ژێرەوەش بۆچون و ئامانجێکی پیسیان لەناخدا شاردۆتەوە، شەیدای خودی خۆیان بون، واتە له‌ناخه‌وه ته‌واو رویەکی پێچەوانەیان هەبوە. بۆ جێبەجێکردنی ئارەزوە نەخۆشەکانیان، بە هەرشێوەیەک بوە پێویستیان بە گەیشتنە دەسەڵات هەبوە.
لەو کاتانەی کە هێشتا لە دەسەڵات نین، کۆمەڵی وەعدو بەڵێنی شیرین بە خەڵک دەدەن، خەڵک هاندەدەن بۆ چالاکی جۆراوجۆر، خەڵکێکی زۆریش دەکەنە قوربانی، بەڵام کە دەسەڵاتیان کەوتە دەست، ئیدی پاشگەز دەبنەوە لەو بەڵێنانە، تەنانەت لە بەرنامەی حیزبەکەی خۆیشیان. دیارە کۆمەڵانی خەڵک تەنیا لە تاقیکردنەوەو پراکتیکدا روی راستەقینە و بیچمی ناشرینیان دەبینێ. ئەو کاتە لە جەماوەر روتدەبنەوە، چونکە متمانەی خەڵک لەدەستدەدەن. ئەوانە لە هەر روبەروبونەوەیەک لەگەڵ جەماوەردا، لەپاڵ دیماگۆگیەت و چەشەی ماددی، توندوتیژی و بەکاردێنن، باکیان بە رەشبگیر و ئەشکەنجە و خوێنڕشتن و رەشەکوژی نیە، تەنیا لە دەسەڵات بمێننەوە، ئەوکاتە رژێمەکەیان وەک تۆتالیتا‌ر و سەرۆکیش وەک دیکتاتۆر و ستەمکار رونتر بۆ خەڵکی بێ‌ئاگا ئاشکرا دەبێ.
ئەگەر ئەو بۆچونەی کە دەڵێ: ده‌سه‌ڵات مرۆڤ بۆگه‌ن ده‌کات، بۆ ئەوانە راست بێت کە لە دوای دەسەڵات وەرگرتن دەگۆڕێن، ئەدی ئەگەر میر و دەسەڵاتداری حیزبێک لەوەتەی دامەزراوە، هەر بەخۆی کەسی یەکەم بێت، چ سەرۆکی حیزب یان سکرتێری گشتی، لە شۆڕشا هەر دەسەڵاتداربێت، لە شکست و ئاوارەییدا هەرەتر، لە دەوڵەتدا هەر سەرۆک بێت، ماوەی چل تا پەنجا ساڵی بەسەردا تێپەڕیبێت، سەرۆکێکی هەتاهەتایی بێت، ئاخۆ دەبێ بۆن بۆگەنی کەلاکی پیسی گەندەڵی ئەم میرە یان ئەو دەسەڵاتدارە تا چەند خەڵک گێژو هێڕ بکات! ژیان و تێکگەیشتن لەگەڵ ئەم جۆرە میرەدا ئەستەمە و تاکە چارەسەر ئەوەیە بڵێی نا ئیدی بەسە. پێویستە لە دەرفەتی گونجاو‌دا خەڵک لەم جۆرە دەسەڵاتدارە راپەڕێ و سیستەمەکەی لە ریشەوە هەڵتەکێنێ.
بەرزکردنەوەی دروشمی جوانی چه‌واشه‌کارانه و فریودان دیارده‌یه‌که له لایەن دەسەڵاتدارە زۆردارەکانی دنیادا هه‌بوه، بۆ نمونە هیتلەری ئەلمانیا، مۆسۆلینی ئیتالیا، سەددام، موبارەکی میسری لێخراو، زەینولعابدینی هەڵاتوی تونس، هتد.. بەڵام باوه‌ڕ ناکه‌م سەرۆکی هیچ کامێک له‌م وڵاتانه به‌قه‌ده‌ر دەسەڵاتدارانی کوردستان، بەڵێن و گفتی بەدرۆیان به‌کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدابی، گاڵتەیان بە قەدەری گەلەکەیان کردبێ، ئەوەندە بێباکبوبن لە ئاست ئاشکرابونی درۆیەکان. وای لێهاتوە لەدورەوە خەڵک بە قسەکانیان باوەڕناکەن، وای لێهاتوە ئەگەر قسەی راستیش بکەن دەڵێن سیناریۆ و فیشاڵە. بەڵام چ دەکرێ تائێستا هیچ ئاسۆیەکی گۆڕانکاری راستەقینەیان لەبەردەمدا نەبوە تا خەمی چەندین ساڵەی پەنگخواردویان بخەنەڕو، هەناسەیەکی پاکی خۆشی هەڵمژن، ئەویش بەهۆی نەبونی دەرفەتی گۆڕانکاری، بە زەبروزەنگ سەکوتکراون.
سەرۆکەکان وه‌ک ئه‌وه‌ی که قه‌ده‌رێکی ئیلاهی ئه‌وانی له‌سه‌ر کورسی دانابێ، پێیانوایە دەبێ ئەوان حاکم بن و خه‌ڵکیش کۆیلە و ره‌عیه‌ت، دەستاودەستکردنی دەسەڵات بەزاندنی هێڵی سورە، هەڵبژاردنیش بە مەرجی پێشوەختی بە تەزویر بردنەوەیە. خۆیان بە سەرکردەی زەرورە، سەرکردەی هەردەمی، تاکە سەرکردەی نەتەوە دادەنێن، تەنانەت سەرۆک مانای نەتەوەش دەگەیەنێ، ئەگەر سەرۆک نەمینێ نەتەوە بونی نیە. ئەوانە ئەگەر لە حوکمڕانیدا شکستیش بێنن هەر سەرکەوتون، قه‌ت به‌خۆشی خۆیان، له‌سه‌ر کورسی دەسەڵات لاناکهون، مه‌گه‌ر به مردنی سروشتی خۆیان نه‌بێ، له‌دوای ئه‌وانیش ده‌بێ ئه‌و که‌سه‌ی له‌روی بایه‌لۆجیه‌وه کوڕی ئه‌وه، یا برای، یان برازای ئەوە، ببێتە میراتگر و جێگره‌وه‌ی دەسەڵات، هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌و کەسە نه‌شاره‌زاش بێت، یان ته‌مه‌نی بچوک بێت، دەتوانن لەو حاڵەتەدا یاسایەکی تایبەت بۆ تەمەنی بچوکی سەرۆک داتاشن هەروەک بۆ بەشار ئەسەدی بەعسی سوریا کردیان، ئەگەر هەرنا پیاوێکی دەسەڵات کاروباری وڵات بەڕیوە دەبا هەتا سەرۆکە گچکە گەورە دەبێ، هەروەک مەلیکە گچکەلەی عێراق.
پێموایە ئه‌م میر و دەسەڵاتدارانە لە میکیافیللی سیاسه‌تمه‌دار و مێژونوسی ئیتاڵی سه‌رده‌مه‌کانی رینیسانسییان تێپه‌راندوە. ده‌بێ ئه‌و هه‌قیقه‌ته بزانین که ئامانجی میکیافیلی له نوسینی کتێبی (میر) بۆ مه‌به‌ست و ئامانجێکی بەرزو پاکی نیشتیمانپەروەری بوه، ئه‌ویش یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئیتالیا بوە. ئەو پێی وابو کە پێویستە میرێکی بەهێز هەبێت بە ئامانجی یەکگرتنەوە و بەهێزکردنی ئیتالیا. دەکرێ میر هەمو ئامرازێکی ناڕەوا بە حەڵال بزانێ بۆ ئەو مەبەستە هەتا ئەگەر درۆشبێت. میکیافیللی ده‌ڵێ درۆبکه‌و درۆبکه تا باوه‌ڕت پێده‌که‌ن. بەڵام مەبەستی دەسەڵاتدارانی کوردستان لە بەکارهێنانی ئامرازە ناڕەواکان جیاوازە لە بۆچونەکەی میکیافیللی و بگرە پەرەیان پیداوە. دەرکەوتوە کە تاکە ئامانجی دەسەڵاتدارانی لای خۆمان مانەوەیە لە دەسەڵات هەتا ئەگەر سەوداش بکەن لەسەر حیسابی خاکی کوردستانیش. ئەوان ئەو ئامرازە حەرامانەی میکیافیللی بۆ بەرژەوەندی مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان و بنەماڵەکەی خۆیان بەکاردێنن.
ئێمه‌ی کورد به‌داخه‌وه له ناوچه‌یه‌کی دنیادا ده‌ژین که خه‌ڵکه‌که‌ی زۆرینەی دواکه‌وتوه، له‌روی هوشیاری سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری، فه‌رهه‌نگیه‌وه، ئه‌گه‌ر پێشکه‌وتنێکیش ههبوبێ زو بەریپێگیراوە. سه‌رباری ئه‌وه‌ش دەسەڵاتدارانی نه‌ته‌وه‌کانی ده‌وروبه‌رمان تا بڵێی ره‌گه‌زپه‌رست و دواکه‌وتون. ئه‌م بارودۆخ و کەش هەوا ناسازه، زه‌مینه‌یه‌کی له‌باری سازکردوه بۆ سه‌رهه‌ڵدان و مانەوەی سه‌رکرده‌ی سیاسی وه‌ها که زۆرتر لەگەڵ دوژمنان و ناحەزان دەسازێن، دەنا گوشاریان دەخرێتەسەرو نامێنن. بۆیە سەرکردە دڵسۆزەکان لە جوڵانەوەی کوردی‌دا کەمتر دەسەڵاتیان هەبوە. لەم بارودۆخ و ئەو دەوروبەرەی کە دیارە بۆ سەکردە گەندەڵەکان لەبارە، توانیویانە بە بەکارهێنانی ئەم شێواز و ئامرازانەی باسمان کردن، رێژه‌یه‌ک خه‌ڵکی نەفام و ناهوشیار بۆ ماوه‌یه‌ک بخەڵەتێنن، هەروەها که‌سانی وەهاش دەگرنەخۆ کە ئامادەن ویژدانی قەڵەمەکەی خۆیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی که‌م بفرۆشن.
بۆ نمونە دەسەڵاتدارانی کوردستان، دیموکراسی و ئازادیە سیاسیەکان دەکەنە رێبازی حیزبیان، کەچی لەڕاستیدا ئەو دروشمانە وەک ماکیاجێک بۆ جوانکردنی بیچمی ناشرینیان بەکاردەهێنن، دەنا لە جەوهەردا دیکتاتۆرێکی مۆدێرنن و دژی ئازادیەکانن. یان هەڵگری دروشمی دادپەروەری کۆمەڵایەتین، کەچی لە پراکتیکدا، ستەمکار و تەواو پێجەوانەن، نەک تەنیا لە ناو کۆمەڵگا بگرە تەنانەت لەناو حیزبەکەی خۆشیان هیچ دادپەروەریەکی تێدا نیە، هێزی تەکەتول و دەسەڵات و کۆیلایەتی و گوێڕایەڵی کوێرانە پرنسیپی راستەقینەی ژیانی ناوخۆی حیزبە. یاخود هەڵگری باوەڕی کوردایەتین، تا دەگاتە مافی چارەی خۆنوسین و سەربەخۆیی، کەچی لە پراکتیکدا باوەڕیان پێی نیە و بۆ سەوداکردن لەگەڵ دوژمنان بەکاری دێنن. لەکاتێکدا لەبەرچاوی خەڵکی وەها نیشاندەدەن کە ئەوان سوتاون لە دڵسۆزیان بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان، فرمێسکی تیمساحی بۆ دەڕێژن، کەچی هەر خۆیان دەرفەتی مێژویی دوای روخانی رژێمیان لەدەستدا لەلایەک و لەگەڵ نەیارانی کوردا کەوتنە مامەڵە و سەودا کردن و بێدەنگیان لە کەرکوک هەڵبژارد، لە پێناوی و پۆست و موڵک و سامانکۆکردنەوە و مانەوە لە لوتکەی دەسەڵات. ئەوە چوار ساڵە هیچ هەڵوێستێکیان نەنواند لەسەر ئیفلیجکردنی ماددەی ١٤٠، کە دەبوایە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ جێبەجێبکرایە.
ئەوەش هەندێ لەو چەمگە بریقەدارانەیە کە میر و سەرۆکەکانی وڵاتەکەمان، روی دزێوی خۆیانی پێ ئارایشت دەکەن و لە راستیدا لە ناخیانا دیوێکی پێچەوانەیان هەیە:
دیموکراتخوازێکی دیکتاتۆر، عه‌داله‌تخوازێکی کۆمه‌ڵایه‌تی سته‌مکار، سەربەخۆیی بۆ کوردستان و یەکێتی بۆ خاکی عێراق، گه‌نده‌ڵێکی پاکژ و دڵسۆز، ئاشتیخوازێکی شه‌ڕانی، پارێزه‌ر و پێشێلکاری مافی مرۆڤ، سوسیالیستێکی سه‌رمایه‌دار، پێشکه‌وتنخوازێکی کۆنه‌په‌رست، ئازادیخوازێکی سه‌رکوتکه‌ری بیروڕای جیاواز، سه‌روه‌رخوازێکی یاسایی پێشێلکار، فایلدارێکی به‌عسی دلسۆز بۆ کورد، کوردپه‌روه‌رێکی سازشکار به‌ڕادده‌ی خیانه‌ت، ده‌ستپاکێکی دزو گەندەڵ، شه‌فافێکی ناڕۆشن، راستگۆیه‌کی درۆزن، پاڵەوانێکی ترسنۆک، زانایه‌کی جاهیل، هه‌ڵبژاردنێکی پاکی پڕ تەزویر، داخوازی جیاکردنەوی حیزب لە حوکمەت، بەڵام تەنیا و تەنیا مەکتەب سیاسی حیزب بڕیار دەدات، ئیمزاکردنی رێککەوتنیک و لەکردەوەدا بۆ خەڵەتاندنە. دواجار دەیکوژێ و لە پرسەدا بۆی دەگری، دەیسوتێنێ و لێژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ دادەنێ.
ئەم دروشمانەی دەسەڵات هەریەکە و دەکرێ ببێتە ناونیشانی وتارێکی سەبەخۆ. هەروەها که‌سایه‌تی دوڕوی دەسەڵاتدارانی کورد نیشاندەدات کە چەندە وەستان لە فریودان و سەختەکاری مۆدێرن. بێگومان کاریگەری ئه‌م سیفه‌تانە به‌شێوه‌یه‌کی نێگه‌تیڤ و خراپ له‌سه‌ر هه‌مو چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، کەسایەتی مرۆڤی کوردی شێواندوەو توشی بێئومیدی کردوە.
پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەم دەسەڵاتدارانە باکیان بە ئاشکرابونی درۆکانیان نەبوە، باکیان بە دابران لە جەماوەر نەبوە، داخوازی کۆمەڵانی خەڵکیان بەلاوە گرنگ نەبوە؟ هۆی ئەم بێباکیە دەگەڕیتەوە بۆ لاوازی ئاستی هوشیاری خەڵک و لاوازی خۆسازدانیان، بۆ رۆڵی دەزگاکانی تۆقاندن و میدیای چەواشەکارو چەشەکردنی دەوروبەرو بەڵتەجیەکانی حیزب لە دامرکاندنەوەی هەر جوڵانەوەیەک. هەروەها دەقگرتنی دەیان ساڵەیان لەسەر کورسی دەسەڵات، کارێکی وەهای کردوە توشی نەخۆشی خۆبەزلزانینبون، بەدوریان زانیوە هێزیك هەبێ لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بکات. هەروەها ئەوەشیان زانیوە کە کۆمەڵانی خەڵک لە ترسی دوژمنی بەعسی و شۆڤینیەکان لێیان راناپەڕن، خۆ ئەگەر سەیری میدیاکانیان بکەی، هەمیشە مەترسی پیلانی دەرەکی و ناسکی بارودۆخ و ساوایی ئەزمونەکەمان زەق دەکەنەوە، وەستایانە سیناریۆی بۆ دروستدەکەن.
دەرکەوتوە کە چاوەڕێی هیچ گۆڕانێکی راستەقینە، لەم میرە دەسەڵاتدارانەی خۆمان ناکرێ. چاکسازیش سودی نیە. تەنیا گۆڕانێک کە داخوازیەکانی خەڵک بێنێتە دی، خۆپیشاندان و راپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکە، ئەوە گەردەلولەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵی کردوە، بەربەستەکانیان روخاندوە، چاویان کراوەتەوە، بەدەیان و سەدان هەزار خەڵک هاتونەتە سەر جادەکان و ناڕەزایی دەردەبڕن، تەکانێکی زۆری داوەتە گەلی کوردستانیش، دڵنیام کە زو یا درەنگ، ئەم سیستەمە سەقەتەی حوکمڕانی و کورسی گەرمی دەسەڵاتدارە دوڕوە مۆدێرنەکانیش رادەماڵێ.