پشتیوان ئه‌حمه‌د
له‌وڵاتێك گوزه‌ر ئه‌كه‌ین نه ئێمه ئه‌زانین چۆن ئه‌ژین، نه‌ئه‌وان هه‌ست به‌هه‌ناسه‌مان ئه‌كه‌ن، كه‌له‌مچه‌كان واته‌وق كراوه له‌ده‌ست و پێمان واتێئه‌گه‌ن هه‌رگیز ناتوانین ته‌وقیان بشكێنین بیخه‌ینه ده‌ست و پێی ئه‌وان، وائه‌زانن بێئیراده بون شتێكه دوای هاتنیان كۆتایی پێدێ نازانن دوای ئه‌وان ده‌ست پێئه‌كا، له وڵاتێك هه‌رچی به‌ها پیرۆزیه‌كانه مانایه‌كی نه‌ماوه بۆ پێناسه‌كردن لای ئه‌وان، لای من و دڵسۆزان نا، چونكه به‌هاكان لای ئێمه به‌زیندویی و خۆڕاگری ئه‌مێنه‌وه، له وڵاتێكدا خه‌ڵكی بێ‌ئومێد ئه‌كه‌ن كه بێ‌ئومێد نابن، خه‌ڵكی په‌ست ئه‌كه‌ن له‌خۆیان به لوله‌ی تفه‌نگه ژه‌نگاویه‌كانیان، نازانن په‌ست بون لای ئینسانی به‌ئیراده ئه‌بێته رق له‌خۆیان واتێگه‌شتون، چونكه چۆته سه‌ر بۆیان، له وڵاتێك ئیدعای دیموكراسی ئه‌كه‌ن كه‌چی پێناسه‌یه‌كیان پێنیه بیناسێنن، سیستمێك حوكمی ئه‌م وڵاته ئه‌كات كه ئیفلیجه له‌سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه به‌ئیفلیجی هه‌نگاو ئه‌نێ، ئه‌م سیستمه ئینتما بونی لای هاونیشتیمانیان نه‌هێشتوه دزیویانه به‌ره‌و ئاقاری جه‌هاله‌ت، ئاقارێك پڕه له‌ترس له‌بونی خۆیان بۆخۆیان.
گیرانم به‌ڕه‌وا ئه‌زانم!
چونكه هه‌رزو له‌سه‌ده‌ی بیست رێگه‌مپێدان ئه‌وان ببنه پێشه‌وام ئه‌وان ببنه میرات گرم، هه‌ڵه‌بوم زۆرهه‌ڵه بۆیه ره‌وایه گیرانم به‌ده‌ستی ئه‌وان، ئه‌بو هه‌رزو هه‌روه‌ك ئێستا نه‌مهێشتایه ئیدامه به جه‌هاله‌تیتان بده‌م، گیرام له‌شارێك شاری حاجیه شارێك پڕه له جوانی، به‌ده‌ستی كۆنه نه‌زانێك زیندان كرام كه ئیهانه به‌هه‌رچی به‌ها پیرۆزه‌كانی ئینسانیه‌تم هه‌یه كرا، خه‌تا له خۆمه، چونكه زو به‌ڕوی ئه‌م نه‌زان و مێشك كۆنكرێتیانه دانه‌چومه‌وه تائێستای ژیانم ئازادبژیم، بۆیه بوارم دان، چونكه دیمكراسیان خسته ژێر ئه‌و پرسیاره‌ی كه خۆیان لێزانن له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م چه‌مكه‌دا بۆساتێ بیرم نه‌چوه‌لای ئه‌و قسه بریقه‌دارانه‌یان كه ئێستا ئه‌زانم چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك نه‌خشاندویانه.
گێڕانه‌وه‌ی گیرانم به‌نوسین بۆ ئێوه ساده‌یه، به‌ڵام پڕه له ئازار ئه‌و ئازاره‌ش پڕه له‌سه‌روه‌ری، ئه‌و سه‌روه‌ریه‌ی كه هه‌میشه ته‌مه‌نای بۆ ئه‌خوازم له‌پێناو وڵات و میلله‌ت گیانم به‌خت كه‌م، سه‌روه‌ریه بۆ میژوی ئه‌و ئازادی خوازانه‌ی له‌دوای من گوتاریان ئه‌وته‌وه، كه پڕ به‌ده‌م هاواریان ئه‌كرد ئازادی ئازادی، ئاخۆ ئه‌بێ له‌مه سه‌روه‌ریتر كامه‌بێ پێی نه‌زانم؟
گیرانم شه‌قامێ چاوه‌ڕێ بو پڕاوپٍڕبون له گریان، دایكانی شه‌هید چاوه‌ڕێم بون پڕاوپڕبون له‌ئازار، كوڕه ئه‌نفال و شه‌هیده‌كان چاوه‌ڕێم بون پڕاوپڕ بون له‌بێنازی، ئه‌و مامه پیره‌یه چاوه‌ڕێم بو كه سمێڵی به نیكۆتینی جگه‌ره ته‌نرابو، بۆ نه‌گیرێم ته‌عزیب نه‌درێم له‌سه‌ر كه‌رامه‌تی میلله‌تێ كه ئه‌وان به‌هاكه‌ی نازانن، ئاخۆ چۆن به‌ڕه‌وای بزانم كه‌ببینم ئه‌م میلله‌ته چاوه‌ڕێی دوانی وه‌ك منن تا پێشڕه‌ویان بم له‌و گوتافانه‌ی پڕاوپڕه له‌ئازادی، چۆن شه‌رم نه‌كه‌م نه‌یه‌مه‌گۆ میلله‌تم به‌ره‌و هه‌ڵدێر ببرێ.
ئه‌و وڵاته‌ی كه‌من و ده‌یانی وه‌ك من به‌ناحه‌ق ئه‌گیرێن، دارستانه‌كانی ئه‌مه‌زۆن نیه، ده‌ریای ئیجه نیه كه ماسیه‌كان بۆ خۆراكی ئێواره‌یان ده‌ست به‌سه‌رم كه‌ن، روباری نیل نیه تا تێكه‌ڵم كات به ده‌ریای سپی، لوتكه‌ی ئه‌ڤرێست نیه تا بمنۆشێ وه‌كو به‌فر ئه‌وه كوردستانه، ئه‌وه وڵاتی كوردانه ئه‌یه‌وێ منێكی ئازادی خواز بكاته ده‌ستكه‌وت بڵێ ها خه‌ڵكینه كردمه په‌ندی زه‌مانه، ئه‌یه‌وێ بمكاته قوربانی ده‌ستی رۆڵه‌كانی میلله‌ت، ئه‌و میلله‌ته‌ی كه شه‌وڕۆژیان له‌سه‌ر یه‌ك داناوه بۆ پارێزگاری جاهیله‌كانی ئه‌م وڵاته، ئه‌وانه‌ی منیان گرت خزم و كه‌س و كارم بون ئه‌مریان له‌لایه‌ن ئه‌م سیستمه ئیفلیجه‌وه پێكرابو كه بمگرن بۆ هه‌تا هه‌تایه له ژوره ئیفرادیه نه‌عله‌ت لێكراوه‌كانم بكه‌ن، ئه‌وانه‌ی منیان گرت فرمێسك به‌چاویاندا هاته خوار ده‌ستیان خسته سه‌ر ملم، ئه‌وانه‌ی منیان گرت نه پۆلیس بون نه‌ئاسایش و نه چالاكیه مه‌ده‌نیه‌كان، به‌ڵكو سیستمێ منی هه‌ڵدایه زیندان كه من و ئازادیخوازانی ئه‌م هه‌رێمه هه‌وڵی گۆڕینی ئه‌ده‌ین.