Print
 بودجەیەكی پڕ لە كارەسات
Wednesday, May 18, 2011

ئاماده‌كردنی‌: عه‌لی‌ حمه صالح

كەموكورتییەكانی بودجەی ئەمساڵ زیاترە لە بودجەی پار
بودجەی ساڵی رابردو، گەورەترین بودجە بو تا ئەو كاتە لەمێژوی حوكمڕانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بەهۆی زۆریی تێبینی و بونی كەموكورتییەوە، هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان دەنگیان پێنەداو ئێمەش پێمانوابو كە بە بودجەی ساڵی رابردو، دەكرا خزمەتێكی زۆری خەڵكی كوردستان بكرێت، بەڵام نەكرا.  

چاوەڕواندەكرا، بودجەی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ئەو ناڕەزاییە زۆرەی كە ئێستا لە شەقامی كوردیدا هەیە و بەشێكیان داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی هەرێم دەكەن، ئەم حكومەتە كە كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەكرێت، بەشێوەیەك بودجەكەی دابڕژێتەوە كە ئیدامە بەمانەوەی خۆی بدات و ببێتە هەوێنی كەمكردنەوەی بەشێك لە ناڕەزاییەكان، بەڵام كەموكورتییەكانی بودجەی ئەمساڵ، زۆر زیاترە لە ساڵی رابردو، ئەم كەموكورتییانەش وادەكەن، ئەو دەنگانەی داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم حكومەتە دەكەن، دلێرتر بن، بۆیە ئێستا ئەگەری ئەوە زۆر بەهێزە كە بەدەركەوتنی ئەم كەموكورتییانە، ناڕەزاییەكانی خەڵك زیاتر بن و هەنگاوەكانی هەڵوەشاندنەوەی حكومەت خێراتربن.

لەو داهاتەی كە لە حكومەتی ناوەندییەوە دێت، بودجەی هەرێمی كوردستان دا دەڕێژرێتەوە و بودجەش لە دو بڕگەی سەرەكی پێكدێت، بودجەی بەكاربردن كە موچە و بەخشین و هاوكاری كۆمەڵایەتی و مەوجوداتی نادارایی و چاككردنەوەی ئامێر و ئامرازەكان و كڕینی خزمەتگوزاریی بۆ فەرمانگەكانی حكومەت دەگرێتەوە، بودجەی وەبەرهێنانیش، بەشی هەرە سەرەكی بۆ ئەو پرۆژانەیە كە خزمەت بەهاوڵاتییان دەكەن، بەڵام لە كوردستاندا نەتوانراوە بودجەی وەبەرهێنان بەشێوەیەكی شیاو بۆ ئەم مەبەستە بەكاربهێنرێت.

باشترین بودجە لە دونیادا، ئەو بودجانەن كە بودجەی بەكاربردنیان كەمە و بودجەی وەبەرهێنانیان زۆرە، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، دەبێت بودجەی بەكاربردن (30% بۆ 35%) بودجەی گشتیی بێت و بودجەی وەبەرهێنانیش (65% بۆ 70%) بودجە بێت، بەڵام لە كوردستاندا پێچەوانەی ئەمە دەبینرێت.

بودجەی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان، (13) ترلیۆن و (940) ملیار دینارە و (2) ترلیۆن و (508) ملیار دیناری زیاترە لە بودجەی ساڵی رابردو، بەڵام لەنێو ئەم قەیرانە زۆرەی كە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت، دەبو سودێكی زۆر لە زیادبونی ئەو بودجەیە وەربگرێت، بەڵام نەیتوانیوە.

ساڵی رابردو، رەخنەی ئەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگیرا كە بودجەی بەكاربردنی زۆرە و بەشێكی زۆری ئەو بودجەیە بۆ خەرجیی ناپێویستە و هیچ سودێك بە هاوڵاتییانی كوردستان ناگەیەنێت، بەڵام حكومەتی هەرێم، نەك ئەم خەرجییە بەكاربردنەی كەم نەكردوەتەوە، بەڵكو ترلیۆنێك و (789) ملیار دیناری زیاترە لە بودجەی بەكاربردنی ساڵانی رابردو.

ئەگەر ساڵانە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئەندازەی ئەمساڵ بودجەی بەكاربردنی زیادبكات، ئەوا لە چەند ساڵی ئایندەدا هەرێمی كوردستان دوچاری قەیرانێكی گەورەی ئابوریی دەبێتەوە.  

بودجەی ئەمساڵ
بودجەی ساڵی (2011)ی هەرێمی كوردستان، (13) ترلیۆن و (940) ملیار دینارە، ئەگەر بەراورد بكرێت لەگەڵ بودجەی پارساڵدا كە (11) ترلیۆنو (432) ملیار دینار بو، بودجەی ئەمساڵ (2) ترلیۆن و (508) ملیار دینار زیاترە، لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی سود لەم زیادبونە وەربگرێت، بەداخەوە، نەتوانراوە سود لەم زیادكردنە وەربگیرێت، چونكە...

بودجەی بەكاربردن
لە ئەمساڵدا (9) ترلیۆن و (678) دینارە، لەكاتێكدا بودجەی بەكاربردن لە ساڵی رابردودا (7) ترلیۆن و (889) ملیار دینار بوە، بەم پێیەش بودجەی بەكاربردنی ئەمساڵ، ترلیۆنێك و (789) ملیار دیناری زیاترە لە ساڵی رابردو، ئەگەر ساڵانە بودجەی بەكاربردن بەم ئەندازەیه زیادبكات، ئەگەری ئەوە زۆر بەهێزە كە لە چەند ساڵی ئایندەدا هەرێمی كوردستان دوچاری قەیرانێكی گەورەی ئابوریی ببێتەوە و ئەم قەیرانەش لە بێپلانی حكومەتی ئێستاوە سەرچاوە دەگرێت.

بودجەی وەبەرهێنان
بە بەراورد بە بودجەی بەكاربردن، بودجەی وەبەرهێنان بەشێوەیەكی كەم زیادیكردوە.
لە پارساڵدا، (3)ترلیۆن و (543) ملیار دینار بوە و ئەمساڵ بوە بە  (4) ترلیۆنو (150) ملیار دینار، بەم پێیەش (607) ملیار دینار زیادی كردوە.   

ئەم پارەیەش بۆ بودجەی وەبەرهێنان تەرخاندەكرێت، هەمو لە پرۆژەكاندا خەرج ناكرێت، بۆ نمونە، پارساڵ بودجەی وەبەرهێنان (3) ترلیۆن و (543) ملیار دینار بوە، بەڵام (986) ملیار دیناری بۆ پرۆژە تەرخانكراوە، كە (27%)ی بودجەی وەبەرهێنان دەكات، بۆیە ئەو (4) ترلیۆن و (150) ملیار دینارەش هەموی لە پرۆژەدا خەرج ناكرێت، كە ئەمەش كە لێنێكی زۆر گەورەیە و پێویستە یەكێك لەو خاڵانە بێت كە ئەمساڵ پەرلەمانتاران لەسەری بوەستن.

كورتهێنان
بودجەی ساڵی رابردو، بە بڕی (2) ترلیۆن و (508) ملیار دینار كەمتر بو لە بودجەی ئەمساڵ، بەڵام كورتهێنان ئەمساڵ زۆر زیاترە لە پارساڵ كە بڕی كورتهێنانەكەی (835) ملیار دینار بوە، بەڵام بڕی كورتهێنان لە بودجەی ئەمساڵدا، ترلیۆنێك و (554) ملیار دینارە و دیارییش نەكراوە و كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پڕكردنەوەی ئەم كورتهێنانە پەنا بۆچی دەبات؟ حكومەتێكی هەرێمی كوردستان دەبو ئەمساڵ رێگا بە دروستبونی ئەو كورتهێنانە نەدات، چونكە بە بەراورد بەساڵی رابردو، بوجەكەی زۆر زیادیكردوە، ئەگەر بیانوی سەرۆكی حكومەت ئەوە بێت كە كورتهێنانەكەی ئەمساڵ بەهۆی خەرجییەكانی پێشمەرگەوە بوە، ساڵی رابردوش بەهەمان شێوە كورتهێنان بەهۆی خەرجی پێشمەرگەوە بوە و پارەی تەرخانكراو بۆ خەرجی پێشمەرگەش، ئەو (835) ملیار دینارەی كورتهێنان بوە.

دامەزراندن
حكومەتی هەرێمی كوردستان، ساڵی رابردو زۆر بەخراپی مامەڵەی لەگەڵ دامەزراندنی فەرمانبەراندا كردوە و ئەمساڵیش هەمان مەترسی هەیە.

حكومەتی ناوەندی بۆ ئەمساڵ، بڕیاریداوە، (25) هەزار كەس لە هەرێمی كوردستاندا دابمەزرێت، بەڵام ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك دەستكەوتی خۆی باسی دەكات و مەترسیمان ئەوەیە كە دامەزراندنەكانی ئەمساڵ وەك پار نەتوانرێت سودی لێوەربگیرێت، چونكە بەپێی بودجەی ساڵی رابردو، بڕیاربو (9) هەزار و (547) كەس دابمەزرێن و هەر ئەو ژمارەیەش لەنێو بودجەدا موچەی بۆ دابینكرا، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان (35) هەزار كەسی دامەزراند، دەكرێت پرسیار بكرێت، لە دو ساڵدا حكومەت (60) هەزار كەس دادەمەزرێنێت، ئەگەر دەستێوەردان نەبوایە بەو (60) هەزار كەسە دەرچوی چوار ساڵی زانكۆكان دادەمەزرا، ئەی بۆ بەشی هەرە زۆری دەرچوی زانكۆكان لە ماڵەوەن؟  

بودجەی حیزبەكان
لە پێش ساڵی (2010)ەوە، مانگانەی یەكێتی و پارتی بە تەنیا ترلیۆنێك و (800) ملیۆن دینار بوە، كە پارەی دروستكردنی (75) نەخۆشخانەی (200) قەرەوێڵەییە، لە ساڵی (2010)دا لە مادەی (18)ی یاسای بودجەدا (90) ملیار دینار تەرخانكرا بۆ هاوكاریكردنی حیزب و رێكخراوەكان، بەڵام حكومەت (150) ملیار دیناری زیاتر لەو پارەیه خەرجكردوە، ئەمساڵیش پارەی تەرخانكراو بۆ حیزبەكان زیادی كرد بۆ (250) ملیار دینار، بەم پێییە پارەی تەرخانكراوی ئەمساڵ بۆ حیزبەكان، (160) ملیار دیناری زیاترە لە ساڵی رابردو، ئایا حیزب لە كوردستان زیادیكردوە، یان پار ساڵ حكومەت بێئاگا بوە؟
 
كێشەی بێكاری   
حكومەتی هەرێم، (25) ملیار دیناری تەرخانكردوە بۆ چارەسەركردن و كەمكردنەوەی بێكاری، ئەم پارەیە لە (001.7%) بودجە دەكات، ئایا بەتەرخانكردنی ئەو رێژە كەمە، دەتوانرێت كێشەی بێكاریی چارەسەر بكرێت؟ ئەگەر حكومەت (01%)ی بودجەی بۆ چارەسه‌ركردنی بێكاریی دانابا، دەیتوانی لەیەك ساڵدا بڕی (10) ملیۆن دینار وەك قەرزی بچوك بداتە (14) هەزار كەس.

پێشینەی هاوسەرگیری
حكومەت، بڕی (2.5) ملیۆن دیناری تەرخانكردوە وەك پێشینەی هاوسەرگیری، ئەم بڕە بۆ ئەو بودجە زۆرەی كوردستان كەمە، چونكە ئەگەر (5) ملیۆنی تەرخانكردباو (16) هەزار كەسیش لە ساڵێكدا لێی سودمەندبن، ئەوا (40) ملیار دیناری پێویست بو كە لە هەزاردا (2.8)ی بودجە دەكات.  

چەند قەرزێكی دیكە
لە ئەمساڵدا حكومەت بودجەی بۆ بانكی كشتوكاڵی و پیشەسازی و پێشینەی خانوبەرە تەرخانكردوە و لە پارساڵیشدا بەهەمان شێوە ئەم پارانە تەرخانكران، بەڵام خەرج نەكرا.

ساڵی رابردو
ساڵی پار (120) ملیار دینار تەرخانكرا بۆ پرۆژەی گەشه‌پێكردن و پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان، بەڵام بەپێی بەدواداچونی ئێمە، ئەم پارەیە خەرج نەكراوە.

ساڵی پار
بڕی (200) ملیار دینار تەرخانكرا بۆ پرۆژەی سندوقی نیشتەجێبون، بەشی هەرەزۆری خەرج نەكرا.
بڕی (90) ملیار دینار بۆ قەرزی خانوبەرەی هاوڵاتییان تەرخانكرا، زۆربەی خەرج نەكرا.  

بڕی (30) ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی بانكی پیشەسازی تەرخانكرا، هیچ خاوەنكارگەیەكی پیشەسازی سودی لێنەبینی.

بڕی (50) ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی بانكی كشتوكاڵ تەرخانكرا، نەتوانرا كەرتی كشتوكاڵی بەهۆیەوە بەرەوپێش ببرێت.

Sbeiy.com © 2007