Print
 نه‌ریمان عه‌بدوڵا: به‌هۆی كێبڕكێی‌ نێوانیان، ئاسایشی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ پێویستیان پێبێی‌ داوای‌ پرۆژه‌ ده‌كه‌ن
Monday, May 23, 2011

(سبه‌ی):
ماوه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌که‌ گفتوگۆ کردن له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رده‌وامه و هاوڵاتیانیش، داوا ده‌که‌ن رێگه‌ نه‌درێت وه‌ك ساڵانی‌ رابوردو بودجه‌ به‌هه‌ده‌ر ببرێت، په‌رله‌مانتارێكیش پێیوایه‌ ناڕونی‌ زۆر له‌ بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵدا هه‌یه‌ ‌و یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردو ئاسایشه‌که‌ به‌ هه‌ده‌ردانی‌ پاره‌ زیاتر ده‌كات.
نه‌ریمان عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان به‌ (سبه‌ی‌)ی راگه‌یاند: ئه‌مساڵیش كۆمه‌ڵێک‌ كێشه‌ له‌بودجه‌دا هه‌یه‌و‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، بۆ نمونه‌ ساڵی‌ پار هه‌ندێ‌ پرۆژه‌ هه‌بوه‌، ئه‌مساڵیش ئه‌و پرۆژانه‌ دانراونه‌ته‌وه،‌ له‌كاتێكدا ئه‌و پرۆژانه‌ له‌ساڵی‌ 2009 ته‌واو بون ‌و هیچی‌ نه‌ماوه‌، هه‌روه‌ها له‌ 42 ناحیه‌ له‌ سنوری‌ سلێمانی‌ ‌و گه‌رمیان 20 خانو دروستكراوه‌ و ته‌واو بون، به‌ڵام پارساڵیش بودجه‌یان بۆ دانرابو، ئه‌مساڵیش چوار له‌وانه‌ بودجه‌ی‌ بۆ ده‌رچوه‌ته‌وه‌.
ده‌رباره‌ی‌ بودجه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ، نه‌ریمان عه‌بدوڵا كه‌ هاوكات ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ ناوخۆی په‌رله‌مان‌ وتی‌: وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ به‌ هێنده‌ی چوار وه‌زاره‌ت بودجه‌ی‌ بۆ دانراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ وه‌زاره‌تێكی‌ گه‌وره‌و پێویسته‌، به‌ڵام وردبینی‌ نه‌كراوه‌ له‌ دانانی‌ ئه‌و بودجه‌یه‌دا، به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ ئاسایشی‌ هاوڵاتیان ده‌پارێزن، هه‌رچی‌ داوا بكه‌ن زۆر موناقه‌شه‌ی‌ له‌سه‌ر ناكرێت، قبوڵ ده‌كرێت، تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ (%20) بودجه‌ی‌ هه‌رێمیان بۆ ته‌رخان کردوه‌.
رونیشیکرده‌وه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ‌ داهاتی‌ زۆره‌، ئێمه‌ ساڵانه‌ سه‌ردانی‌ فه‌رمانگه‌كانی‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ین، پێمان ده‌ڵێن كه‌ داهاته‌كه‌یان چه‌نده‌ زۆره‌، بۆ نمونه‌ غه‌رامه‌ی‌ هاتوچۆ، به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ دراوه‌ته‌وه‌ به‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ و خۆیان خه‌رجی‌ ده‌كه‌ن.
ده‌رباره‌ی‌ یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ی‌ ئاسایشی هه‌ولێر ‌و سلێمانی و كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر بودجه‌، په‌رله‌مانتاره‌که‌‌ی‌ گۆران ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو: بودجه‌ی ئاسایش ساڵی‌ پاریش ناڕونی‌ زۆری‌ تێدابو، هه‌روه‌ها جیاوازی‌ له‌ژماره‌كاندا هه‌بو، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا‌ دو بودجه‌ی به‌جیا هاتۆته‌ په‌رله‌مان و ئاسایش یه‌كینه‌گرتۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌، چونكه‌ ئێمه‌ پارساڵ داوامانكرد تا 1/6/2011 یه‌كبگرێته‌وه‌، به‌ڵام وا نزیك ده‌بینه‌وه‌ له‌ تێپه‌ڕبونی ساڵێك به‌سه‌ر ئه‌و واده‌یه‌دا، كه‌چی وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچیان نه‌كردبێت ‌و به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ پارساڵ بودجه‌یان ناردوه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد، دو بودجه‌یی‌ زیانی ده‌بێت، چونكه‌ له‌ سلێمانیدا پرۆژه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان بۆ ئاسایش سفر بوه‌، به‌ڵام که‌ بینیان ئاسایشی‌ هه‌ولێر داوای‌ كردوه،‌ ئه‌وانیش داوایان كرد، ئه‌مه‌ش به‌شێکی تره‌ له‌ به‌هه‌ده‌ردانی‌ بودجه‌.

Sbeiy.com © 2007