Print
 بەهەدەردان لە چاككردنەوەدا
Wednesday, May 25, 2011

عەلی حەمە ساڵح

یەكێك لەحەوت خەرجییەكەی بودجەی بەكاربردن، شمەك و خزمەتگوزاری و چاككردنەوەیە، كە ساڵانە پارەیەكی زۆر بۆ ئەم خانەیە تەرخاندەكرێتو خەرج دەكرێت و بەشێك لەو خەرجییانەش، خەرجیی ناپێویستن.

خەرجكردنی بەشێكی زۆری ئەم پارەیەی بەناوی شمەك و خزمەتگوزاری و چاككردنەوەوە دەچێتە چوارچێوەی بەهەدەردانی سامانی گشتییەوە، لەم دۆخەدا كە داخوازییەكانی خەڵك زیادیان كردوە و ناڕەزایی شەقەمەكانی كوردستانی گرتوەتەوە، پێویستە ئەم شمەك و خزمەتگوزارییانەی كە بۆ وەزارەتەكان و فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ساڵانە دەكڕدرێن، كەمتر بكرێنەوە، بەڵام ئەگەر بەراوردێك بكرێت لەنێوان پارەی تەرخانكراو بۆ ئەم خانەیە لەنێوان پارساڵ و ئەمساڵدا، بە بڕی (861) ملیار دینار زیادی كردوە، واتە ئەگەر وەك پارساڵیش پارە بۆ ئەم بوارە تەرخان بكرایەتەوە، (861) ملیار دینار دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، چونكە بۆ شمەك و خزمەتگوزاری و چاككردنەوە لە (2010)دا، (837) ملیار دینارەو پارەی تەرخانكراو بۆ شمەك و خزمەتگوزاری و چاككردنەوە لە (2011)دا، ترلیۆنێك و (698) ملیار دینار تەرخانكراوە.

ئەگەر ئەو پارانە وردبكەینەوە كە بۆ شمەك و خزمەتگوزاری و چاككردنەوە تەرخانكراوەو بەراوردی بكەین بە ساڵی رابردو، دەبینین كە بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش زیادی كردوە و بەئاشكراش كۆمەڵێك بەهەدەردانمان بۆ دەردەكەوێت و لێرەدا چەند نمونەیەكی دەخەینەڕو.

لە ساڵی (2009)دا، بڕی (12) ملیار دینار بۆ پەڕاوگە و چاپەمەنی تەرخانكراوە، بەڵام لەمساڵدا بۆ (21) ملیار دینار زیادی كردوە.

لەساڵی 2009دا، (471) ملیۆن دینار بۆ كرێی ئاوەڕۆ تەرخانكراوە و لە ساڵی (2011)دا، بوە بە ملیارێك و (154) ملیۆن دینار، ئایا ئاوەڕۆ لە كوردستاندا كرێی هەیە؟

ساڵی رابردو، حكومەتی هەرێمی كوردستان (77) ملیار دیناری بۆ كرێی كارەبا تەرخانكردوە، بەڵام لە (6) مانگی یەكەمیدا، (122) ملیار دیناری خەرجكردوە، ئەگەر (6) مانگی یەكەمی ساڵی رابردو بكرێتە پێوەر، دەبو (244) ملیار دینار بۆ كرێی كارەبا دابنرێت، بەڵام لەمساڵدا حكومەتی هەرێمی كوردستان، (392) ملیار دیناری تەرخانكردوە.

ئەگەر ئەم پارەیە بۆ دانی كرێی كارەبایە لە بەرامبەر بەكارهێنانی كارەبادا، جێگای سەرسوڕمانە، چونكە لە بەشی داهاتدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان، داهاتی وەزارەتی كارەبای بە (120) ملیۆن دینار تەرخانكردوە، واتە لە جێیەك دەڵێت، بەس دەزگاكانی حكومەت بۆ ساڵی (2011)، بڕی (392) ملیار دینار دەداتە كرێی كارەبا، لە لایەكی دیكەش دەڵێت، داهاتی وەزارەتی كارەبا، (120) ملیۆن دینارە، ئەگەر بوترێت ئەم پارەیەش بۆ كڕینی تەزوی كارەبایە، دروست نییە، چونكە بۆ كڕینی تەزوی كارەبا (نفقات استیراد طاقه‌ الكهربا)، بڕی (44) ملیۆن دینار تەرخانكراوە.

لە پارساڵدا، (10) ملیار دینار بۆ هۆیەكانی گواستنەوە تەرخانكراو لە (6) مانگی یەكەمدا، (3) ملیار دینار خەرجكرا، بەڵام ئەمساڵ پارەی تەرخانكراو بۆ هەمان مەبەست، بوە بە (15) ملیار دینار.

لە (2009)دا، حكومەتی هەرێم (24) ملیار دیناری بۆ كرێی بینا تەرخانكردوە و لـــە (2010)دا، بوەتە (33) ملیار و لەمساڵدا بوەتە (42) ملیار دینار، پێویست بو ئەم پارەیە كەمبكرێتەوە، چونكە ئەو بودجە زۆرەی لە ساڵانی رابردودا لەبەردەستدا بوە، دەبو لەدروستكردنی بینادا سودی لێوه‌ربگیرایە و ئەم كرێیانە كەم بكرێنەوە، كە دەیان بینای حكومی لەلایەن حیزبەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڵام دەبینین حكومەت كرێچییە، ئەمە جگە لەوەی حكومەت بڕیاریداوە ئەو بینایانەی كە لەلایەن حیزبەوە داگیركراون، بگەڕێنرێنەوە و ئەگەر بگەڕێنەوە، پێویستە ئەم كرێیانە كەم بكرێنەوە، نەك زیاد بكرێن.

لە (6) مانگی یەكەمی پارساڵدا، (9) ملیار دینار دراوەتە كرێی ئامێر و ئامراز، بەڵام لەمساڵدا زیادی كردوە بۆ (27) ملیار دینار.

Sbeiy.com © 2007