|
بودجه‌ی 2011ی هه‌رێم؛ ، بڕی (ترلیۆنێک‌و 88 ملیار‌و 444 ملیۆن دینار) بۆ بۆ به‌خشین‌و سودی کۆمه‌ڵایه‌تی و خه‌رجی دیكه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی ته‌رخانکراوه |
Wednesday, May 25, 2011 |
(سبه‌ی):
ژماره‌یه‌ک وه‌زاره‌ت هه‌ن که پشتیوانیكردنیان ده‌بێته هۆی گه‌شه‌پێكردنی ژێرخانی ئابوری كوردستان‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا چه‌ند وه‌زاره‌تێك هه‌یه، كه هیچ كاریگه‌رییه‌كی راسته‌وخۆییان نییه بۆ گه‌شه‌كردنی ژێرخانی ئابوری كوردستان، به‌ڵام له بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێمی کوردستاندا پاره‌یه‌كی به‌رچاویان بۆ خه‌رجکراوه.
له‌كارنامه‌ی كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ئاماژه به‌وه دراوه، بایه‌خ به گه‌شپێدانی ئه‌و بوارانه ده‌درێت كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابوری هه‌رێمی كوردستانه‌وه، له‌وانه كه‌رتی پیشه‌سازی‌و كه‌رتی كشتوكاڵی، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پلانی ستراتیژی كشتوكاڵی هه‌یه، به‌ڵام ده‌بینین بایه‌خی ئه‌وتۆ به‌م بوارانه نه‌دراوه‌و زیاتر بایه‌خ به‌و وه‌زاره‌تانه دراوه، كه پاره‌یه‌كی زۆر له بواری باربو و به‌خشین و چه‌ند خه‌رجییه‌كی دیكه‌ی ناپێویست خه‌رجكراوه.
له‌وباره‌یه‌وه توێژه‌رێكی ئابوریی له راپۆرتێكی شیكاریدا ده‌رباره‌ی بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێم، نمونه‌ی سێ وه‌زاره‌تی هێناوه‌ته‌وه، به‌مشێوه‌یه؛ وه‌زاره‌تی بارزگانی‌و پیشه‌سازی 73 ملیار‌و 283 ملیۆن دینار خه‌رجی به‌كاربردنیه‌تی و 0.75% بودجه‌ی به‌كاربردنی بۆ ته‌رخانكراوه، بودجه‌ی به‌كاربردنی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و ئاودێری له ئه‌مساڵدا 262 ملیار‌و 48 ملیۆن دیناره كه 2.68% بودجه‌ی به‌كاربردنی بۆ ته‌رخانكراوه، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی دارایی ترلیۆنێك 904 ملیار‌و 562 ملیۆن دینار بودجه به‌كاربردنییه‌تی و 19.45% بودجه‌ی به‌كاربردنی بۆ ته‌رخانكراوه.
له‌هه‌مان کاتدا به‌خشین‌و باربو و مه‌وجوداتی نادارایی‌و سودی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌رجی دیكه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی، یه‌ك ترلیۆن‌و 88 ملیار‌و444 ملیۆن دیناره‌و ئه‌م پاره‌یه‌ش 155 ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و پارانه‌یه كه بۆ پرۆژه‌كانی ئه‌م ساڵی (2011)ی وه‌زاره‌تی بازرگانی‌و پیشه‌سازی ته‌رخانكراوه‌و، چونكه 7 ملیار دینار بۆ پرۆژه‌كانی ئه‌و وه‌زاره‌ته ته‌رخانكراوه.
هه‌ر ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی بۆ به‌خشین‌و سودی کۆمه‌ڵایه‌تی و خه‌رجی دیكه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی ته‌رخانکراوه، 38 ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و پرۆژانه‌شه، كه له ئه‌م ساڵدا بۆ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و ئاودێری ته‌رخانكراوه، له كاتێكدا بایه‌خدان به بواری كشتوكاڵ‌و پیشه‌سازی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له وڵاتێکی به‌كاربه‌ره‌وه ببێته وڵاتێکی به‌رهه‌مهێنه‌ر‌و ده‌ستی كار بۆ تاكه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه دابین بكات.
|
|
|