Print
 ئاشتی عه‌زیز: زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مانتاران ده‌نگیاندا بۆ ته‌رخانكردنی 200 ملیار دینار بۆ رێكخراو و پارته‌كان به‌بێ هیچ پێوه‌رێك
Monday, May 30, 2011
(سبه‌ی‌):
سه‌ره‌ڕای نه‌بونی یاسای پارته‌ سیاسیه‌كان و نه‌چونه‌ بواری جێبه‌جێكردنی یاسای رێكخراوه‌كان و سه‌رنج و تێبینی زۆری ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌، له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی ده‌سه‌ڵات 200 ملیار دینار بۆ رێكخراوه‌كان و پارته‌ سیاسه‌كان ته‌رخان كرا.
ئاشتی عه‌زیز ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی گۆران به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند: سه‌ره‌ڕای بونی سه‌رنج و تێبینی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و هه‌ندێك له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات، له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌ماندا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیار درا له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی 200 ملیار دینار بۆ بودجه‌ی رێكخراوه‌كان و پارته‌ سیاسیه‌كان.
ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ داوایان كردوه‌ رێكارێك یان پێوه‌رێك هه‌بێت بۆ خه‌رجكردنی ئه‌و پاره‌یه‌ تا یاسای پارته‌ سیاسیه‌كان ده‌رده‌چێت، چونكه‌ 90 ملیاری ساڵی پاریش نه‌زانرا چۆن خه‌رجكراوه‌، به‌ڵام پێشنیاره‌كانیان ده‌نگی پێویستی نه‌هێنا و ئه‌و پاره‌یه‌ تێپه‌رێنرا.
پێشی وابو ته‌رخانكردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌بێ هیچ پێوه‌رێك یان بنه‌مایه‌ك تاوانێكی گه‌وره‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ بودجه‌ی 2011.
Sbeiy.com © 2007