دیمانه: سۆران هادی - زمناكۆ جه‌لال
سیتمی حیزبایه‌تی له هه‌رێمی كوردستان و شێوازی خه‌باتی سیاسی ئه‌و حیزبانه و بوون بهكاریزمای سه‌ركرده‌كان، هاوكات كاڵبونه‌وه‌ی حیزباتی و وازهێنانی ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی ئه‌ندام لایه‌نگر و كادێری حیزبه‌كان له كاری حیزباتی له هه‌رێمی كوردستاندا به‌دی ده‌كرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك حیزبێكی سیاسی و ئه‌گه‌ری گۆڕانكارییه‌كان له كۆنگره‌ی داهاتووی ئه‌و پارته‌دا و ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی له كاروباری حكومه‌ت و زانكۆكان و بوونی گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م باس و خواسانه و چه‌ند پرسیارێكی تر سه‌لام عه‌بدوڵای به‌رپرسی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سبه‌ی وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه.
سبه‌ی: وه‌ك سیاسیه‌ك چۆن سیستمی حیزبایه‌تی له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ڵ ده‌سه‌نگێنیت؟
سه‌لام عهبدولاَ: به‌داخه‌وه سیستمی حیزبایه‌تی ولاَتی ئێمه كه ئێستا هه‌یه به هه‌مان شێوه‌ی حیزبایه‌تیكردنی په‌نجا بۆ شه‌ست ساڵ له‌مه‌و پێشه. كه گرنگ بوو له كۆنگره‌كاندا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت، جۆری داڕشتنی په‌یڕه و پرۆگرام ده‌بێت به‌گوێره‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه بره‌وی پێبدرێت، بهلاَم ئه‌گه‌ر به په‌یڕه و پرۆگرامی حیزبه‌كاندا به‌گشتی بڕۆیته‌وه دیباجه‌یه‌كی ته‌قلیدی له‌سه‌ره‌تایی هه‌مویاندا ده‌بینرێت و هه‌ست ده‌كه‌یت كه ئه‌مه كۆپیه‌كی كۆنگره‌كانی پێشوتره نه‌ك شتێكی نوێ بۆ نموونه پێش روخانی بلۆكی رۆژههلاَتی ئه‌گه‌ر سه‌یرت بكردایه زوربه‌ی حیزبه‌كان ئه‌یان وت: "سود له ماركسیزم و لینین ده‌بینین" له‌كاتێكدا هه‌ندێك حیزب هه‌بوون فڕیان به ماركسیزمه‌وه نه‌بوو بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌یری حیزبه كوردیه‌كان بكه‌ین جیاوازیه‌كی ئه‌وتۆ نابینرێت له بونیه‌ی حیزبی بوون و هه‌م له مه‌سه‌له‌ی ئایدیۆلۆژیدا بۆ نموونه هه‌موو حیزبه‌كان كاتی خۆی داوایی دیموكراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمیه‌كی راسته‌قینه‌یان بۆ كوردستان ده‌كرد، واته شته‌كان شكلی بوو زیاتر له‌وه‌ی پێداویستی رۆژبێت.
سبه‌ی: وه‌ك ده‌زانین له كوردستاندا ژماره‌یه‌كی زۆر پارتی سیاسی هه‌یه سه‌رۆك و رێبه‌ری زۆرینه‌ی ئه‌م پارتانه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆره به ده‌ست چه‌ند كه‌سێكی دیاری كراوه‌یه له راپرسیه‌كی سه‌نته‌ری راپرسی كوردستاندا هاتووه (24%) ئه‌وانه‌ی حیزبی بون و وازیان له حیزبایه‌تی هێناوه هۆكاری وازهێنانیان بۆ قۆرغكردنی سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه ده‌گه‌ڕێننه‌وه، تێڕوانینی به‌رێزتان بۆ ئه‌م دیارده‌یه چی یه؟
سه‌لام عهبدولاَ: ده‌بێت تۆ بزانیت ئه‌م حیزبه كوردیانه له‌كوێ كارده‌كه‌ن؟ ئه‌م حیزبانه له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا كارده‌كه‌ن. له ناو كۆمه‌ڵگه‌یی كوردیشدا كۆمه‌ڵێك خانه‌واده و بنه‌ماڵه هه‌بوون پێش ئێمه‌ومانان بگره هه‌ندێكیان پێش سه‌د ساڵ له‌مه‌و پێش ده‌ستیان كردوه به خه‌بات له‌به‌ر ئه‌وه چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌ك و كاریزمایه‌ك دروست بوون له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تیدا كه بته‌وێت و نه‌ته‌وێت خه‌ڵكه‌كه سه‌یری ئه‌وه ده‌كات و گۆڕینی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ش وا ئاسان نیه، بهلاَم ئه‌مه به‌و مانایه نیه كه ئه‌و كه‌سانه قۆرغیان كردبێت، بهلاَم تۆ چی ده‌ڵێیت له كۆنگره‌یه‌كدا هه‌مووان به چه‌پڵه و به‌یه‌ك ده‌نگ كه‌سێك هه‌ڵبژێرن! ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی لێده‌ركه‌یت به‌بڕوای من پێم باشه هه‌موو كۆنگره‌یه‌ك به‌ده‌نگ دان بێت ئه‌و موجامه‌له‌یی تێدا نه‌بێت ئه‌وكات سه‌رۆك یان سكرتێری حیزبه‌كه له راده‌یی خۆشه‌وه‌یستی خه‌ڵك تێده‌گات چه‌ند كه‌س له‌گه‌ڵیایه‌تی و چه‌ند له‌گه‌ڵیدا نیه، چونكه كه‌س ناتوانێت له چه‌پڵه تێ بگات بۆ نموونه له پلنیۆمی یه‌كێتیدا كاك عومه‌ی سه‌ید علی سه‌ری سوڕمابوو وتبوی ئه‌ڵێن لێیان خۆش بین چه‌پڵ لێ ئه‌ده‌ن ئه‌ڵێن لێیان خۆشنابین هه‌ر چه‌پڵه لێ ئه‌ده‌ن بۆیه به‌و شێوه‌یه له چه‌پڵه تێناگه‌یت، بهلاَم ئه‌گه‌ر بوایه بهرهئگیری ره‌نگه خه‌ڵكێك هه‌بوایه بیوتایه به‌ڵێ هه‌ندێكی كه‌ش بیان وتایه نه‌خێر له‌به‌ر ئه‌وه ناتوانرێت بوترێت كۆمه‌ڵگایی ئێمه له مه‌رحه‌له‌یی قه‌بائیلی تێپه‌ڕیوه راسته له‌چاو په‌نجا ساڵێك له‌مه‌و پێش پێشكه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه، بهلاَم له‌چاو كۆمه‌ڵگایی ئه‌وروپیدا هێشتا له شارستانیه‌ت تێنه‌گه‌یشتوه وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و مافی ئافره‌ت بۆیه سیسته‌می حیزبایه‌تی ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌یه بۆیه ره‌نگه لینین بهاتایه‌ته شاره‌زوور نه‌یتوانیبایه دوو كه‌س ته‌نزیم بكات، چونكه كۆمه‌ڵگه‌ی حازری مێشكی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی نیه و هۆكارێكی تریش ئاستی نزمی خوێنده‌واریه بۆیه خه‌ڵك سه‌یری مێژوو ده‌كات و ئه‌و خه‌ڵكانه‌ش له سهركردایهتیدان.
سبه‌ی: به‌بۆچونی تۆ له كۆنگره‌ی داهاتوی پارتی دا گۆڕانكاری له سه‌ركردایه‌تیدا روده‌دات؟
سه‌لام عهبدولاَ: به‌بۆچونی من لهكۆنگرهیی داهاتووی پارتیدا گۆڕانێك روو ئه‌دات له كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و مه‌كته‌بی سیاسی‌دا و خه‌ڵكانی گه‌نج دێنه سه‌ره‌وه ئاماژه‌ش به‌مه ئه‌وه‌یه كه گۆڕانێكی زۆر به‌سه‌ر سه‌رجه‌م لقه‌كانی پارتی دا هات هه‌ر له لقی چواره‌وه تاكو دامه‌زراندی لقی 21 و لقه‌كانی كه‌لار و خانه‌قین و شهقلاَوه و هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ش گه‌نجن و بێگومان ده‌بنه كاندید بۆ كۆنگره و دواتر بۆ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و مه‌كته‌بی سیاسی.
سبه‌ی: به‌پێی راپرسییه‌ك 46% خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ دروستبوونی پارتێكی نوێدان ئایا ئه‌گه‌ری دروست بونی پارتێكی نوێ هه‌یه، ئه‌مه تاچه‌ند له خزمه‌تی واقیعی ئێستایی كوردستاندایه؟
سه‌لام عهبدولاَ: له كۆمه‌ڵگا دیموكراتیه‌كاندا نا‌توانیت بڵێیت ئه‌م حیزبانه هه‌ن و ئیتر ته‌واو، چونكه كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و پێش ده‌چێت، بیروباوه‌ڕی تازه دێته پێشه‌وه و پێداویستی تازه دێنه گۆڕێ بۆ نموونه له ئه‌وروپا حیزبی ژینگه نه‌بوو، بهلاَم پیسبوونی ژینگه‌ی ئه‌و ولاَتانه خه‌ڵكی ناچاركرد كه حیزبێك دروستبكات و ناوی بنێت ژینگه واته پێداویستی كۆمه‌ڵ خۆی بڕیار ده‌دات كه ئایا دروسبوونی حیزبێكی نوێ پێویسته؟ ئه‌و حیزبه نوێیه ده‌بێت به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌وتۆی به‌ده‌سته‌وه بێت كه له په‌یڕه و به‌رنامه‌ی حیزبه‌كانی ئێستادا نه‌بێت ئینجا ئه‌توانێت جێی خۆی بكاته‌وه له سیسته‌می سیاسی كوردستاندا. بهلاَم ئایا كۆمه‌ڵه كه‌سێكی واهه‌ن به‌و جۆره به‌رنامه‌یه‌وه و ده‌بێت له پێشیشدا ته‌رحی كه‌ن و حیزبێكیش تانهیهته دهسهلاَت ناتوانێت بڵێت محاره‌به‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌م.
هۆكاری گه‌نده‌ڵی زۆره یه‌كێك له‌وانه شه‌ڕی ناوخۆیه له‌و شه‌ڕه‌دا مقایسهكان گۆڕان بۆ نموونه ته‌عینكردنی خه‌ڵك به‌و لێشاوه كه له 72% بودجه بده‌یته موچه‌خۆر مانایی وایه تۆ چیت بۆ ئه‌مێنێته‌وه بیكه‌یت به بیناسازی و خزمه‌تگوزاری بۆ خه‌ڵك و هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌بوو حیزبه‌كان ئه‌یانویست لایه‌نگر بۆ خۆیان زیادبكه‌ن و ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مایی ئایدیۆلۆژی نه‌بوو، به‌ڵكو به‌كڕین بوو ئه‌گینا زوربه‌ی زۆری ئه‌وانه‌ی تهعینكراون ده‌وام ناكه‌ن هه‌مووی لهماَلهوه دانیشتون به بڕوای من سه‌ره‌تایی گه‌نده‌ڵیه‌كه له‌وێوه ده‌ست پێده‌كات، ئێستا كه شه‌ڕی ناوخۆ نیه ده‌كرێت ئه‌و گه‌نده‌ڵیه به‌ره‌و كه‌می به‌ریت به‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی تهعینكراون ئیشیان پێبكه‌یت ئه‌مه‌ش به دروستكردنی كارگه و هه‌بوونی پرۆژه ده‌بێت.
سبه‌ی: به هۆی بارودۆخی سیاسیه‌وه له كوردستاندا حیزبه‌كان ده‌ستیان وه‌رداوه‌ته بواره جیاجیاكانه‌وه بواری خوێندن و زانستیش بێبه‌ش نه‌بوه له‌م كاره به جۆرێك 78% خوێندكاران و قوتابیانی زانكۆكانی كوردستان ده‌ڵێن حیزبه‌كان ده‌ست وه‌رده‌ده‌نه كاروباری زانكۆكانه‌وه، تا چه‌ند ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانه كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر لاوازبوونی ئاستی زانستی زانكۆكان؟
سه‌لام عهبدولاَ: به بڕوای من هه‌ڵه‌ترین شتێك ئه‌وه‌یه كه حیزب ده‌ست وه‌ربداته كاری زانستی و كاروباری زانكۆ، چونكه زانست پیشه‌ی كه‌سانێكه كه خاوه‌نی زانستن بۆیه ده‌بێت خوێندكارێك كه زیره‌كه و به‌توانایه ده‌بێت وه‌ربگیرێت بۆ زه‌ماله و خوێندنی بالاَ نه‌ك خوێندكارێك كه سه‌ر به حیزبێكی موعهیهنه، چونكه كۆمه‌ڵ به‌كه‌سی حیزبی پێش ناكه‌وێت، به‌ڵكو پێویستی به‌خه‌ڵكانی پسپۆڕ و فكری هه‌یه بۆیه ده‌ستوه‌ردانه كاروباری زانستیه‌وه هه‌ركه‌سێك یان حیزبێك بیكات من به هه‌ڵه‌ی ده‌زانم، بهلاَم ده‌كرێت حیزب له‌روی ئیداریه‌وه ته‌داخول بكات له‌پێناو باشتركردنی شته‌كان وه‌ك نه‌هێشتنی ره‌شوه، بهلاَم نه‌ك به‌گوێره‌ی ویستی من هه‌ڵسوكه‌وت بكات واته وه‌ك ئهمرنا.
سبه‌ی: وه‌ك ده‌زانین ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی حیزبه‌كان له به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی بوونه‌ته ئه‌ندام، له راپرسیه‌كدا 27% خه‌ڵك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بونه‌ته ئه‌ندامی حیزب، ئه‌م تێڕوانینه چه‌نده كاریگه‌ری خراپی هه‌بووه له‌سه‌ر كاركردن به په‌یڕه و پڕۆگرامی حیزبه‌كان؟
سه‌لام عهبدولاَ: من پێم باشه ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌بنه كادری حیزبی ده‌بێت به تاقیكردنه‌وه بێت نه‌ك وه‌لائی شه‌فه‌یی بۆیه كاتێك ئێمه كادرێك به‌رزده‌كه‌ینه‌وه بۆ مه‌سولی ناوچه یان ئه‌ندام لق بگره كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و مه‌كته‌بی سیاسیش ده‌بێت له سه‌ر ئه‌ساسی توانستی بێت و كاتێك ئه‌ویش بووه كادرێكی حیزبی موفهرغ ده‌بێت حیزب به‌خێوی بكات، چونكه ئه‌و كات ته‌نها ئیش بۆ حیزب ده‌كات و حیزبیش ئه‌و كات وه‌ك دامه‌زراوه سه‌یر ده‌كرێت، بۆ نموونه ئێستا من جگه له‌م ئیشه هیچ ئیشێكی تر ناكه‌م خۆ ده‌بێت حیزب بژێوی ژیانم دابین بكات، بهلاَم هه‌موو كه‌سێكیش موفهرغی حیزبی نیه هه‌یه ته‌نها په‌یڕه‌و پڕۆگرامهكهیی حیزبی له‌لا باشه و له‌و رێیه‌وه بۆته حیزبی، بهلاَم خۆی كارێكی تری هه‌یه بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و پالاَوتنه هه‌بێت ئه‌وكات ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی بۆ مه‌به‌ستی ماددی دێنه حیزبه‌وه جێگایان نابێته‌وه ئه‌وكات ئه‌وه‌ش ئه‌كه‌وێته سه‌ر حیزبه‌كان خۆیان كێ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه بۆ پله‌ی بالاَ بۆیه به‌داخه‌وه ئێستا له رۆژئاوا ده‌ڵێن كورد هه‌مووی سیاسیه، بهلاَم له ولاَتانی وه‌ك سوید، ئه‌ڵمانیا یان نه‌رویج له‌وانه‌یه به هه‌موو حیزبه‌كان سه‌د سیاسی تیا نه‌بێت، بهلاَم لێره هه‌ركه‌س ده‌بینیت خۆی به سیاسی داده‌نێت.
بۆیه من پێم وایه كه‌سبكردنی خه‌ڵك به مادده شتێكی زۆر خراپه، چونكه سبه‌ینێ یه‌كێكی كه له تۆ زیاتری بداتێ ئه‌وكات واز له تۆ ده‌هێنێت، ئێمه ئه‌زموونی حكومه‌تی به‌عسمان هه‌یه كه به پاره توانی زیاد له دوو سه‌د هه‌زار جاش و موسته‌شار دروست بكات له‌به‌رامبه‌ر بیست بۆ سی هه‌زار پێشمه‌رگه بۆیه ئه‌وانه‌ی كه به پاره ده‌بنه ئه‌ندامی حیزبه‌كه‌ت ئه‌وه زۆر به ئاسانی ده‌توانێت خیانه‌ت لێبكات. له هه‌شتاكاندا خه‌ڵك ده‌بووه حیزبی و ئابونهشی ئه‌دا كه خه‌ته‌رێكی زۆریشی بۆسه‌ر حه‌یاتی هه‌بوو، بهلاَم خه‌ڵك گوێی لێنه‌بوو واته خه‌ڵك حیزبی به‌خێو ئه‌كرد بۆیه هیچ موهیمیهكی تیا نیه ئه‌گه‌ر بێت و به پاره خه‌ڵك بگریت ئه‌وكات ده‌توانی ئهفغانیهكیش بكه‌یته یه‌كێتی یان پارتی و بهنگلادیشیهك له‌بری ئه‌وه‌ی بێت جاده و بۆ پاك بكاته‌وه تۆ پاره‌ی ده‌ده‌یتێ و ئه‌ویش ئه‌ڵێ باشه پارتیم.
سبه‌ی: 88% په‌رله‌مانتارانی كوردستان بێ ئاگان له بودجه‌ی حیزبه‌كان، تۆ وه‌ك سیاسیه‌كی ده‌سه‌ڵاتدار هۆكاری ئه‌مه بۆچی ده‌گێڕیته‌وه؟
سه‌لام عهبدولاَ: ئێوه پێویسته ئه‌و پرسیاره له‌خۆیان بكه‌ن بزانن كێ رێگری لێكردون له دانیشتنێكی په‌رله‌ماندا باسی بودجه نه‌كه‌ن یان ئه‌وه‌یه حیزبێكی دیاركراو دایناوه له‌وێ وه‌ك مۆزه‌فێك ئیش و كاره‌كانی بۆ جێبه‌جێ ده‌كات بۆیه ده‌بێت بزانرێت ئایا له په‌رله‌ماندا فه‌قه‌ره‌یه‌ك هه‌یه بڵێت په‌رله‌مانتاران بۆیان نیه باسی بودجه بكه‌ن! یان ئه‌وه‌یه حیزب به مه‌رجێك دایناوه كه باسی ئه‌و شتانه نه‌كات و ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌شه بۆچی قبوڵی كردوه؟ په‌رله‌مان مه‌ركه‌زی ته‌شریعه بڕیار له‌وێوه ده‌درێت نه‌ك له حیزبه‌وه، بهلاَم لای ئێمه له‌وه ده‌چێت پێچه‌وانه بێت. په‌رله‌مانتار ئه‌ڵقه‌ی نێوان خه‌ڵك و حكومه‌ته له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت لێپرسینه‌وه بكات و بزانێت بودجه چه‌نده و چۆن خه‌رج ده‌كرێت.
*پڕۆفایل
سه‌لام عه‌بدوڵا ساڵی 1948 له سلێمانی له‌دایك بووه.
ساڵی 1974 په‌یوه‌ندی كردووه به شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه.
له وڵاتی سوید و له زانكۆی ئۆبسالا به‌شی ئێرانناسی ته‌واوكردوه.
ساڵی 1993 بووه به یاریده‌ده‌ری پارێزگاری سلێمانی.
ساڵی 1996 بووه به بریكاری وه‌زیری رۆشنبیری ئیداره‌ی هه‌ولێر.
ئێستا لێپرسراوی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان له شاری سلێمانی.