نه‌ژاد جه‌لال
له دوا نوسینی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین دا (حیزب و حوكم: ئه‌زمونی كوردستان) روپهڕێكی واقیعانه‌ی هه‌یمه‌نه‌ی حیزبی كردوه به‌سه‌ر هه‌ریه‌كه له ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێبه‌جێكردن و یاسادانان و دادوه‌ری چه‌ند باسێكی گرنگی تر، له‌گه‌ڵ رۆڵی نێگه‌تیڤی حیزب له زانكۆ دا كه چه‌ند پڕۆسه‌ی خوێندن و ئاستی زانستی له‌م هه‌رێمه‌دا به‌ره‌و داوه بردوه، نوسینه‌كه‌ی نوسه‌ر زه‌نگێكی تری بۆ زاكیره‌ی خوێنه‌ری كورد لێدا، هه‌ر نوسینێك بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌و بابه‌ته كه باس له گشت ئه‌و بواره‌نه بكه‌یت زۆر هه‌ڵده‌گرێت، نوسه‌ر تا دوا بوار كورتبڕی له بابه‌ته‌كه‌یدا كردوه، شیكارییه‌ك بۆ ئه‌و گانگرینهی كه نوسه‌ر له بابه‌ته‌كه‌یدا باسی ده‌كات، ره‌نگه به ده‌یان لێكۆڵینه‌وه و وتار ته‌واو نه‌بێت، بۆیه من له‌م نوسینه‌دا ته‌نها باس له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ده‌كه‌م كه خودی حیزبه و ره‌گی ئه‌و گانگرینهیه.
ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی هه‌رێمی كوردستان:-
خوێندنه‌وه‌یه‌ك ته‌نها بۆ كابینه‌ی حازری، چونكه نه‌وشیروان مسته‌فادا له (حیزب و حوكم: ئه‌زمونی كوردستان)دا خوێندنه‌وه‌یه‌كی كورت و پڕمانای بۆ مێژووی ئه‌زموونی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كردوه، ره‌نگه پێویست نه‌كات ئه‌و هێڵه گشتیانه باسبكرێتهوه.
1- پێكهاته‌كه‌ی:
كابینه‌ی حازری، پێكهاته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم پێكهاته‌یه‌كی ده‌گمه‌ن و ناوازه‌یه، قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره كه 42 وه‌زیره و 13 وه‌زیریان بێ وه‌زاره‌تن، ناوخۆ و دارایی و به‌رگری هه‌ریه‌كه دوو وه‌زاره‌تی هه‌یه، ئه‌مه پێكهاته‌ی حكومه‌تێكی لۆكاڵییه كه سێ پارێزگا له‌خۆ ده‌گرێت و دانیشتوانه‌كه‌ی له چه‌ند ملیۆنێك تێناپه‌ڕێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ش بۆ رازیكردنی لایه‌نه سیاسی و كه‌سایه‌تی عه‌شیره‌ته‌كان و خودی به‌رپرسه‌كانی پارتی و یه‌كێتییه.
دامه‌زراندنی سه‌رۆكی وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیره‌كان ته‌نها بۆ قایم راگرتنی پێی حیزبه له حكومه‌تدا نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی پسپۆڕی و توانستی خودی كه‌سه‌كه خۆی، هه‌ندێكیان باگراوه‌ند و پاڵپشتی خێڵه‌كه‌ی هه‌ندێكی تریان خه‌بات و ره‌نجی باوكی هه‌ندێكی تریان نزیكی له قوتب و كه‌سی یه‌كه‌می حیزبه‌كه‌ی ... كورسی و پۆستی پێ به‌خشیون، ده‌بێت چاوه‌ڕێی چی بكرێت له وه‌ها پێكهاته‌یه‌ك.
كابینه‌ی حازری كه بڕیاره له روكه‌شدا نوێكرێتهوه و هه‌مان ئه‌و ماسكانه‌ی كه ئۆباڵی كه‌موكوڕی و ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵیان و ... له‌سه‌ر شانه جارێكی تر بخرێنه‌وه سه‌ر شانۆ، ئه‌مه‌ش نه‌ریتێكه دووره له سیستمی دیموكراتی ئه‌م سه‌رده‌مه كه ته‌نها مه‌رگ جه‌سته‌ی سه‌ر كورسییه‌كان ده‌گۆڕێت، ئه‌و كابینه‌یه كه یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌ندێك حیزبی تر كه له بۆچوندا وه‌ك خۆیانن و له قه‌باره‌دا بچوكتر دایانمه‌زراندوه، به كابینه‌ی یه‌كگرتووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناوده‌برێت، كه له زۆر خاڵی لاوه‌كی و بێ ئههمیهتدا لایه‌نه به‌شداره‌كان به‌تایبه‌تی یه‌كێتی و پارتی حه‌ساسیه‌ت و په‌رچه‌كردار به‌رامبه‌ر به یه‌كتر ده‌نوێنن، تاكه شت كه زۆر نهێنییه دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار هیچ قسه‌یه‌كیان به‌رامبه‌ر یه‌كتر نییه داراییه، به برایانه به‌ش ده‌كرێت غه‌یری خۆیان كه‌س نازانێت چه‌نده، غه‌یری خۆیان كه‌س نازانێت چۆن خه‌رج و پاشه‌كه‌وتی لێ ده‌كرێت، غه‌یری ئه‌مه‌ش سه‌راپای كارهپێكهوهییهكانی تریان هه‌ر شه‌ڕه په‌ڕۆكه‌ی جارانه.
كابینه‌یه‌كی یه‌كگرتوو عه‌بایه‌كه و له‌ناوه‌خندا هه‌ر دوو هه‌رێمه‌كه‌ی جارانه، حیزب سه‌رۆك وه‌زیرانه، جێگره، وه‌زیره، بریكاری وه‌زیره، مدیر عامه، مدیره ته‌نانه‌ت فه‌رمانبه‌ریشه، چونكه یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی دامه‌زراندن تهسكییهی حیزبییه، ئه‌مه‌یه گانگرینهكه كه بۆته هۆی ئیفلیج بوونی سیسته‌م و تۆماركردنی ئه‌زمونێكی پڕ كه‌موكوڕی، هه‌یمه‌نه‌ی حیزب و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌كان وایكردوه ئه‌و پێكهاته سه‌یره بینابكرێت، كه پێكهاته‌یه‌كه جگه له خۆیان كه‌س نازانێت له چوارچێوه‌ی چی سیستهمێكدایه و ته‌نها خۆشیان ده‌توانن به‌رگری لێ بكه‌ن.
2- كار و ئهجنداكهی:
ئه‌ركه‌كانی كابینه‌ی یه‌كگرتوو ده‌بوو له خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری خۆی بنواندایه، هیچ نه‌بێت به خزمه‌تكردن قه‌ره‌بووی ئه‌و هه‌موو ماڵوێرانییه و شه‌ڕ و ئاواره‌بوونه‌ی خه‌ڵك بدرایه‌وه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و كابینه‌یه‌ی كه ناوی لێنرابوو كابینه‌ی یه‌كگرتوو، كابینه‌یه‌ك بوو ده‌سه‌ڵاتی حیزبی له حكومه‌تدا باڵاتر كرد، هه‌موو ئه‌و سیمایانه‌ی كه له مه‌ده‌نی بوون و دیموكراسی بوون دووره له كابینه‌یه‌كی نیمچه یه‌كگرتوودا پراكتیزه‌كرا، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كابینه‌ی حازری ئه‌ركی ئه‌وه‌بوو كه پارتی و یه‌كێتی چونه یه‌ك سه‌نگه‌ره‌وه بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی خه‌ڵك و ناشهفافتركردنی كاره‌كانی حكومه‌ت و ...
ده‌یان ساڵی خه‌بات و قوربانیدان بۆ كۆمه‌ڵێك ناوچه كه هه‌میشه داگیركه‌ر ویستوییه‌تی له خاكی كوردستانیان بكاته‌وه، كابینه‌ی نوێ زۆر به سانای و به رێگایه‌كی شه‌رعی كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو پێشڕه‌وی پێ كردوون و چه‌ند هه‌نگاوێكی تر ماوه به یاسا سه‌دان گوند و ده‌یان قه‌زا و ناحییه و شاری كه‌ركوك و به‌شێكی شاری موسڵ بكات به خه‌ڵات بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یان ساڵه خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینن كه سنور بگۆڕن.
خۆ خه‌ریككردن به شه‌ڕی پاره و بودجه دواتر دابه‌شكردن و مۆڵكردن و بێنه‌وبه‌ره پێی، زۆرترین تاقه‌ی به‌رپرسانی ئه‌م هه‌رێمه‌ی بردوه، ئه‌و په‌له‌په‌ل و شه‌ڕ و هه‌رایه‌ی له‌سه‌ر پارهكراوه له ئه‌جندای و كاری ده‌سته‌ی فه‌رمانڕه‌وای سستماتیك ناچێت، كابینه‌ی حازری(یه‌كێتی و پارتی) ئاماده‌ن به‌پێی یاسا و ده‌ستور چه‌ندین كیلۆمه‌تری چوارگۆشه له خاكی ئه‌م وڵاته ببه‌خشن، به‌ڵام ئاماده‌نین بودجه به‌پێی یاسا وه‌ربگرن، پلانی بۆ دابنێن، خه‌رجی بكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی 140 له ئه‌ستۆی ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه كه حاڵی حازر خۆیان به فریاد ره‌ز ناو ده‌به‌ن.
ئه‌جندایه‌كی تری ئه‌م كابینه‌یه شه‌ڕ بوو له پێناو نه‌وتدا، هه‌رچه‌نده زۆر گرنگ و ستراتیژییه كه كورد نه‌وتی خۆی ده‌ربهێنێت و ببێته خاوه‌ن نه‌وت، به‌ڵام نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان كردیان، به‌لێشاو كۆمپانیای نه‌وت بهێنرێته ئه‌م وڵاته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاگربین حه‌قلی نه‌وت دابه‌ش بكه‌ین، گرێبه‌ست بكه‌ین، چۆن گرێبه‌ستێك، گرێبه‌ستێك كه تاكه كه‌س بیكات و هه‌موو وشه و ژماره‌كانی ناو ئه‌و گرێبه‌سته نهێنی بن، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌و نهێنیانه ده‌زانن له په‌نجه‌كانی ده‌ست تێناپه‌ڕن، ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌پێناو گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و غازدا كرا له پێناو 140 و ناوچه دابڕاوه‌كاندا چاره‌كی ئه‌وه نه‌كرا، حكومه‌تی هه‌رێم گرێبه‌ستی هه‌ندێك كێڵگه‌ی نه‌وتی كردوه كه هێشتا خاكه‌ی وه‌رنه‌گرتۆته‌وه و ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140وه، پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ی بپرسیایه كه نه‌وت له‌كوێ وه هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌كات، كه حكومه‌تی ناوه‌ند و سه‌رجه‌م دراوسێكانت دژی ئه‌وه بن كه تۆ خاوه‌نی نه‌وت بیت، ئه‌و شه‌ڕه ده‌م و هه‌رایه‌ی له‌سه‌ر نه‌وت كرا له‌سه‌ر نزیكه‌ی له 1/3 خاكی هه‌رێمی كوردستان نه‌كرا!
هه‌یمه‌نه‌ی حیزب به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه، ده‌ستی حیزب له‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ده‌یبینین، گه‌نده‌ڵی، رۆتین، مه‌حسوبییه‌ت، ناعه‌داله‌تی، نه‌مانی دیموكراسی، نه‌مانی ئینتمای تاك بۆ وڵات، ...، دواجار دروست بوونی كه‌لێنی گه‌وره‌ی گه‌ل و ده‌سه‌ڵات و ئه‌گه‌ری هه‌ره‌س هێنانی ئه‌زمونێك كه كه‌م كورد هه‌یه ره‌نجی بۆ نه‌دابێت.
3- داهاتووی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته:
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و عه‌یب و عارانه، ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌باتی بیر له‌وه بكاته‌وه چاره‌سه‌ری كه‌موكوڕییه‌كان بكات، كاربكات بۆ پراكتیزه‌كردنی هه‌موو ئه‌و شیعاره قه‌بانه‌ی له شۆڕش دا بانگه‌شیان بۆ ده‌كرد، هه‌وڵ بدات بۆ ئه‌وه‌ی نموونه‌یه‌كی جوان و دیموكراسی له حكومی خۆماڵی نیشان بدات، كه‌چی تازه به تازه بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، رۆژنامه و گۆڤار و راگه‌یاندنه‌كان و كه‌سه حه‌ق بێژه‌كان بچه‌پێنن و ده‌م كوتیان كه‌ن.
ئێستا ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له‌وه‌دایه كه گۆڕانی روكه‌ش له كابینه‌ی داهاتوودا بكات، ماسكه‌كان به هه‌مان به‌رگ و كورسی و بیركردنه‌وه بخه‌نه‌وه سه‌ر شانۆ، له جیاتی ئه‌وه‌ی كه یه‌ك یه‌ك بێنه به‌رده‌م خه‌ڵك و داوای لێبوردن بكه‌ن، بڵێن: راسته كه‌مته‌رخه‌می و نه‌شاره‌زایی ئێمه بوو ئه‌و هه‌موو برینه له جه‌سته‌ی ئه‌زمونی حوكمڕانی كورد كرا، كه‌چی ئێستا سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ن ئه‌و ده‌مانه‌ش بدرون كه ره‌خنه ده‌گرن، زۆر به بوێرانه‌وه به‌رگری له خۆیان ده‌كه‌ن، كاره‌ساته‌كه لێره‌دایه كه ئه‌زموونی حوكمڕانی كوردستان نایه‌وێت به‌ره‌و دیموكراسییهتێكی راسته‌قینه‌ی سه‌رده‌میانه بڕوات، له‌مه بێ ئومێد بووین، ئه‌وان سه‌رسامن به‌و سیسته‌مه خێڵه‌كییه‌ی كه له خلیجی عه‌ره‌بی و چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی تردا هه‌یه كۆی گشتی هه‌وڵه‌كانیان بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و سیسته‌مه‌یه.
باس له لێدوانی هه‌ندێك كه‌س ناكه‌ین كه زۆر به راشكاوانه ده‌ڵێن ده‌مانه‌وێت ره‌خنه و ئازادی و دیموكراسی بخنكێنین، چونكه ئه‌وه به نهێنی نه‌ماوه‌ته‌وه هه‌ر نه‌بێت سه‌رجه‌م رۆشنبیرانی ئه‌م هه‌رێمه هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌وان زۆر راشكاوانه ده‌یانه‌وێت دوو به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات و نه‌یار دروست بكه‌ن، هه‌موو توانایه‌كیش بۆ شكاندنی ئه‌و به‌ره‌یه‌ی كه خۆیان به نه‌یار ناوی ده‌به‌ن به‌كاربهێنن، یان هه‌ر نه‌بێت چاوترسێنی بكه‌ن، هه‌موو لێدوان و شێوازی به‌رگریكردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه نیازیان نییه بیر له باشكردنی بارودۆخه‌كه بكه‌نه‌وه، دان به‌وه‌دا بنێن كه حوكمڕانییه‌كی سهرنهكهوتویان پێشكه‌شكردوه، ئالێره‌وه ئاماژه مه‌ترسیداره‌كان ده‌رده‌كه‌وێت.
نه‌وشیروان مسته‌فا له نوسینه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "له پاش 16 ساڵ حوكمی كوردی كاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌م ئه‌زمونه له هه‌موو لایه‌نێكه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ره‌خنه‌گرانه، هه‌ڵسه‌نگاندنێ كه له نرخی ئه‌زموونه‌كه كه‌م نه‌كاته‌وه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا كه‌موكوڕیه‌كان نه‌شارێته‌وه".
به رایی من كاتی ئه‌وه هاتووه گۆڕان بكرێت، زۆری ره‌خنه و په‌رته‌وازه‌یی ئه‌و ده‌نگانه‌ی ره‌خنه‌یان هه‌یه وایكردوه سه‌رجه‌م كه‌موكوڕی و گه‌نده‌ڵییه‌كان به سانای ئه‌زم بكرێت و به زاكیره‌ی هه‌ریه‌كێكماندا تێ ده‌په‌ڕێت بێ ئه‌وه‌ی كۆمێنتێكی هه‌ڵوێست ئامێزمان له‌به‌رامبه‌ردا هه‌بێت، ئه‌م شێوازی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌یه‌ی ئێمه بۆ داواكردنی مافی تاك و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌م جۆره هه‌وڵانه‌ی كه ده‌یده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی سیسته‌مێكی سه‌رده‌میانه بێته گۆڕێ و ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان شكست نه‌هێنێت، نه‌ك ته‌نیا ئه‌وه نایه‌نێته دی كه له ناخه‌وه ده‌مانه‌وێت، به‌ڵكو دواجار خۆشمان ناچار ده‌كات به‌وان رازی بین و چاو له‌سه‌ر هه‌موو ڵێڵی و تارماییه‌كان بنوقێنین.
ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه، ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه بێته مه‌یدانه‌كه‌وه، كاتی ئه‌وه هاتوو خه‌ڵك به ته‌واوی وشیار بكرێته‌وه، كاتی ئه‌وه هاتووه ریفۆرمی ریشه‌یی له سیسته‌مدا بكرێت، كاتی ئه‌وه هاتووه رێگیر بكرێت له ساخته‌كاری هه‌ڵبژاردنه‌كان، كاتی ئه‌وه هاتووه رێ بگیرێت له تاڵانكردنی داهات و سامان وڵات، كاتی ئه‌وه هاتووه به شه‌رعیانه له رێگه‌ی سندوقی ده‌نگدانه‌وه به‌وان بوترێت به‌سه بیرێكی نوێ هه‌یه بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانمان.