Print
 ده‌نگ به‌م مرۆڤه‌ بده‌ن
Tuesday, June 23, 2009
ئاسۆکورد 

بۆ هه‌موو ده‌نگده‌ره‌کانی باشووری کوردستان
به‌ڕێزان ماندوو نه‌بن
زۆربه‌مان ئه‌زانین پرۆسه‌ی ده‌نگدان مافه‌، نه‌ک ئه‌رک، به‌ڵام بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ستی وه‌ک ئێمه‌ی کورد که‌ له ره‌وشێکی (کێڵگه‌ی مین ئاسا)داین، بۆیه‌ ده‌نگدان بۆ ئێمه‌ی کورد بووه‌ته‌ به‌شێک له‌ ئه‌رکی سه‌رشانی نه‌ته‌وایه‌تیمان، گه‌رچی بڕیاره‌کان و ئاکامه‌کانی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای به‌ عێراقیکردنی کورده‌وه‌ تا ئێستامان به‌ به‌ پاکی نه‌هاتووه‌، به‌ڵام با له‌مه‌ودووا به‌ خاوێنی و راستگۆیانه‌ و ئازادانه‌، خواروخێچییه‌کان و گه‌نده‌ڵییه‌کان له ‌رێی ده‌نگدانێکی بێگزی وبه‌رتیل
راست و ره‌وان بکه‌ینه‌وه‌،
له‌پێناوی نووسینه‌وه‌ی مێژوویه‌کی نوێ و خاوێن و پڕ شکۆ بۆ نه‌وه ‌و ‌رۆڵه‌کانی سبه‌ینێمان، له‌ پێناوی یه‌کسانبوونی هه‌موو تاکێکی کورد له‌ ماف و ئه‌رکه‌کانیدا، له‌ پێناوی ریزگرتن له‌ یاساو سه‌روه‌ریه‌کانی ده‌ستورێکی ره‌واو مرۆڤانه‌ دوور له‌ تێخزانی فه‌لسه‌فه‌ وئایینی دژ به‌ ئازادی و دیموکراتی و مافه‌کانی مرۆڤ
له‌ پێناوی هاوتابوونی کۆمه‌ڵایه‌تی و بووژاندنه‌وه‌و ئاوه‌دانکردنه‌وی بست به‌ بستی کوردستان بێ جییاوازی ناوچه‌گه‌ری و خێڵپه‌رستی
شیاو و ره‌وایه‌ ده‌نگ بده‌ن به‌ مرۆڤێک که‌ ئه‌م به‌ڵێنه‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ جێبه‌جێ بکات.

یه‌که‌م: جێگیرکردنی سنووری کوردستانی به‌ عێراقیکراو له‌ عێراقدا و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بست به‌ بستی
ناوچه‌ به‌عه‌ره‌بکراوه‌کان بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.

دووه‌م: ئاشکراکردنی سامان و دارایی و داهات و پاره‌ی تێچوونی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان و
لێپرسینه‌وه‌ی یه‌ک به‌یه‌کی خاوه‌ن سامانه‌کان و دادگاییکردنی دزوناپاک و گه‌نده‌ڵکاره‌کان به‌بێ‌
جیاوازی.

سێیه‌م:یه‌کسانکردنی هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ له ‌به‌رده‌م یاسادا.

چواره‌م:ده‌ستپاکی، راستگۆیی، روونبێژی، مێژووی خاوێن که‌ ناپاکی له‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی نه‌کردبێت، دژی کوردی پارچه‌کانی تر براکوژی نه‌کردبێت، سوپای دوژمنی کوردیان (به‌عس، پاسدار،تورک،..) نه‌هێنابێته‌ سه‌رخاکی کوردستان.

پێنجه‌م:داهات و گومرگ و بودجه‌و سامانی نه‌ته‌وه‌یی کورد به‌یه‌کسانی و به‌بێ جیاوازی ناوچه‌گه‌ری و خێڵ و بنه‌ماڵه‌ و پارتایه‌تی بۆ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌یی کورد و بووژاندنه‌وه‌ی کوردستان و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کوردستان بێت به‌ کوردو تورکمان و ئه‌رمه‌ن و ئاشور وکلدان و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێکهاته‌کانی دانیشتووانی کوردستان به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی ئایینی  یان ره‌گه‌زی..

شه‌شه‌م:پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد و داڕشتنی پلان به‌ شێوه‌یه‌کی سیستماتیک بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی له ‌سه‌روی لیست ‌و خشته‌ی کاره‌کانه‌وه‌ بێت له‌ سوپایه‌کی مۆدێرنی به‌هێز دوور له‌ ده‌ستتێوه‌ردانی پارته‌کان.

حه‌وته‌م: داڕشتنی پڕۆژه‌ و پلان بۆ دروستکردنی سه‌رخان و ژێرخانی کوردستان که‌ مه‌رجی سه‌ره‌کیه‌ له‌ دامه‌زراندنی هه‌ر ده‌وڵه‌تێکدا..

هه‌شته‌م: ریزگرتن له‌ هه‌موو ئایین، زمان، نه‌ته‌وه‌، کولتور، ره‌گه‌ز، رێبازو فه‌لسه‌فه‌و بیرێک به‌مه‌رجێک دژی ئازادی و دیموکراتی و مافه‌کانی مرۆڤ نه‌بن، راستگۆیی و ده‌ستپاکی و ره‌وشتی به‌رزو جوان پێوربێت بۆ رێزگرتنی تاکه‌که‌نی کۆمه‌ڵ، نه‌ک پێوه‌ره‌ ناڕه‌واکانی تری وه‌ک  خێزان، خێڵ، بنه‌ماڵه‌، ناوچه‌، پارت، شێخ، سه‌یید، ئاغا، به‌گ، مه‌لا، سۆفی، ده‌روێش مورید و....،
شێخ مه‌حمود ده‌وڵه‌تی دروستکرد، شێخ هه‌بوون جاش بوون.

به‌ڵێ به‌ڕێزان  ئه‌ی ده‌نگده‌رانی کورردستانی باشور، ئه‌گه‌ر ئه‌م مرۆڤه‌تان دۆزییه‌وه‌، بێ سێ
. دوو، بێ دوودڵی، ده‌نگ بده‌ن به‌م مرۆڤه‌.

 

Sbeiy.com © 2007