عه‌لی که‌ریمی
رۆژی چوارشه‌ممه 2009-06-24 له هۆڵی په‌رلمانی کوردستان 96 ده‌ست به‌رز بوونه‌وه و له په‌رلمانێکی ناشه‌رعی و ماوه‌به‌سه‌رچوو ده‌نگیان دا به ده‌ستوری کوردستان. له مێژووی کورد و کوردستان ئه‌مه یه‌که‌م جاره ده‌ستوری کوردستان بێته نووسین و ده‌نگدان.
له‌مه‌ر تێپه‌ڕبوونی ئه‌م ده‌ستوره له چه‌ند رۆژی رابردوودا به ده‌یان وتار و لێدوان و بیر و رای جیاواز هاته بڵاو کردنه‌وه و ده‌یان رۆژنامه‌نووس و گۆڤار و رۆژنامه هه‌ڵوێستیان گرت و گۆێیان پێنه‌درا و ئه‌وه‌ی حیساب بێت بۆیان نه‌کرا و هه‌ر هه‌مان رۆژیش سه‌رۆکی هه‌رێم له کردنه‌وه‌ی ئاهه‌نگی لیستی کوردستانی به وشه‌گه‌لی چقلی چاو و ئه‌وانه‌ی پێیان ناخۆشه و... وڵامی ئه‌و هه‌مووه گله‌یی و گازه‌نده‌ی نوخبه و رۆشنبیر و لایه‌نه‌کانی تری دایه‌وه!
سیستمی ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها و دیکتاتۆریی شاخ و باڵی نییه و یه‌کشه‌وه له دایک نابێت، خه‌ڵک به هێند وه‌رنه‌گرتن و گوێ نه‌دان پێیان و به‌خشکه‌یی و ئه‌سپایی تێپه‌راندنی یاسا و ده‌ستوری له‌م چه‌شنه ده‌ی‌ێت چاوه‌ڕوانی چی لێبکرێت!؟
ڵێره‌دا من مه‌به‌ستم خودی ده‌ستوره‌که نییه که چه‌ند شاراوه بووه و سه‌رنجام چه‌ند دووره له ده‌ستورێکی مۆدیرن و هاوچه‌رخ و ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم چه‌ند بێ ئه‌ژماره و ناچمه ناو ئه‌م بابه‌ته‌ش که بۆ وا له خه‌ڵکیان شارده‌وه و ئاوا به په‌له و به تێکه‌ڵکردنی سێ هه‌ڵبژاردنی په‌رلمان و سه‌رۆک و ده‌ستور ده‌یانهه‌وێت چی به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا تێپه‌رێنن، پێموایه ئه‌م بوارانه زۆریان له‌مه‌ڕ نووسراو زورتر کاری پسپۆر و شاره‌زایانی قانوونی و مه‌ده‌نییه، به‌لام من ده‌مهه‌وێت دوو قسه له گه‌ل ئه‌و 96 په‌رلمانتاره ماوه به‌سه‌رچووانه بکه‌م.
ناڵێم خوشک و برایانی به‌رێز! ده‌ڵێم ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له سه‌ر حیسابی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی کوردستان بوونه په‌رلمانتار و له ده‌یان ئیمتیازی شه‌خسی خۆتان له ماوه‌ی ئه‌م چوار ساڵه‌دا به‌هره‌مه‌ند بوون بۆ واتان کرد!؟
خۆ ئێوه باشتان ده‌زانی هه‌موو عومری ئێوه له په‌رلمانی کوردستان ته‌نیا چه‌ند رۆژێکی ماوه، ده‌تانزانی هیچ له‌م ده‌ستوره نازانن، ده‌تان زانی به‌م ماوه کورته ده‌ستور ناچێته به‌ر باس و لێدوان و لێکۆڵینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و ئێوه سوێندتان به شه‌رفی خۆتان و به قورئانی پیرۆز خواردبوو نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵک بن، کام له ئێوه دوو پرستان به خه‌ڵكی شار و گونده‌که‌ی خۆتان کرد و کام له ئێوه دوو شه‌و له سه‌ر یه‌ک خۆتان پێوه ماندوو کرد و لێکتان دایه‌وه و لێی دڵنیا بوون تا ده‌نگی پێبده‌ن، هه‌ستان به‌وه نه‌کرد ئه‌مه به‌رپرساییه‌تێکی یه‌کجار گرنگ و گه‌وره‌یه و ئێوه بۆتان نییه ئاوا به سوکی بڕوانه داهاتووی نه‌وه‌کانی کوردستان، ئێوه چۆن ئیجازه‌تان به خۆتان دا به‌م چه‌شنه بریار له‌مه‌ر کێشه‌یه‌کی ئاوا گرنگی مێژوویی بده‌ن به بێ ئه‌وه‌ی رای ئه‌و هه‌مووه که‌سه که دژ بوون و قسه‌یان هه‌بوو به هێند وه‌رنه‌گرن!؟
چۆن دڵتان هات و وێراتان به بێ که‌رکوک و ناوچه‌دابراوه‌کانی کوردستان ده‌نگ به ده‌ستوری کوردستان بده‌ن، ئه‌وه چۆن بوو به بێ دڵ و قودسی کوردستان ده‌ستورتان تێپه‌ڕاند و ئه‌مجار چاوه‌رێی چی له که‌رکوکیکان ده‌که‌ن!؟
ئه‌دی چوار حیزبه‌که چ قه‌وما یه‌کشه‌وه راتان گۆڕا، ئاوا لایه‌نگری له ویست و داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ده‌که‌ن!؟ مادام مه‌به‌ست و ئامانجه‌کانی ئێوه ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان و حیزبییه، باشتر نه‌بوو هه‌ر له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی دوو حیزبه‌که بمێنه‌ووه و ده‌سدرێژکه‌ریان بان و له‌م سه‌ر و به‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌دا متمانه‌ی خه‌ڵک نه‌دۆرێنن؟!
سه‌رم سوڕ ماوه له مناله شه‌هیده سه‌رکرده‌کان که به بێ دوو دڵی دڵنیام به وه‌جهی خۆیان نه‌چوونه په‌رلمان و ئه‌وه نانی باوک و که‌س و کاریانه ده‌یخۆن و له‌م پۆسته‌دان، هیچ نه‌بایه له‌م ئاخرو ئۆخرێی ته‌مه‌نی په‌رلمان هه‌ڵوێستێکی جوامێرانه‌یان له خۆیان نواندابا و به ئه‌مه‌ک بان بۆ شه‌هیده‌که‌ی خۆیان که به مردوویی ئه‌و هه‌مووه قازانج و نه‌فعه‌ی پێگه‌یاندوون، کاتی خۆشی که چوون و خانووی شه‌هیده سه‌رکرده‌کانیان له سلێمانی وه‌رگرت، له مه‌جلیسێک به یه‌کدوانێکیانم گووت: شه‌هید هه‌ر شه‌هیده و خوێنی هه‌مووشیان سوره و له خوێن گه‌وره‌تر نییه که پێشکه‌شی نیشتمانی بکه‌ی جا با کوڕه پێشمه‌رگه‌یه‌کی فه‌قیری گه‌رمیان بیت یان سه‌رکرده‌یه‌کی شه‌هیدی بنه‌ماڵه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی شار بێت، ده‌بوو ئێوه وه‌رتان نه‌گرتبا وئاره‌زووم ده‌کرد تاقه کوڕێک، کچێک یان ژنێک هه‌بوایه و له کاتی وه‌رگرتنی کلیلی خانووه‌کان هه‌ڵوێستی هه‌بوایه و گوتبای شه‌هیده‌که‌ی ئێمه پێشره‌و بووه و له ئه‌مه‌شدا ده‌بێت وا بێت و هه‌تا خانوو بۆ هه‌موو شه‌هیدانی کوردستان چێ نه‌کرێت ئێمه‌ش وه‌ری ناگرین! به داخه‌وه ئه‌و مۆقیفه‌م له که‌س نه‌بێنی تا نرخی شه‌هیده سه‌رکرده‌که‌یان له لای من و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک هه‌زاران جار گه‌وره‌تر بایه. به‌داخه‌وه وا ئه‌مجاره‌ش وا دیاره ئێمه‌مانان زۆرتر ده‌فکری حورمه‌ت و رێزی شه‌هیده سه‌رکرده‌کانین تا که‌س و کاره به‌جێماوه‌کانیان و ئه‌وان زۆرتر ده‌فکری پایه و مه‌قام و ماڵی دنیایه‌دان!
هه‌رچۆنێک بێت ئه‌م 96 په‌رلمانتاره ناویان زۆر به زه‌قی چووه ناو مێژوویی کورد و کوردستان و زوو یان دره‌نگ مێژوونووسان قه‌زاوه‌تیان له‌سه‌ر ده‌که‌ن که چلۆن ناویان بنووسن!