Print
 درۆی پێش هه‌ڵبژاردن!
Saturday, July 4, 2009

ئارام قزله‌ری
نزیکبونه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆته‌ خێرو به‌ره‌که‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا، له‌وه‌ته‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردن نزیک بۆته‌وه‌‌‌ ده‌سه‌ڵاتداران بونه‌ته ‌( خدری زیندو) داوای هه‌رچ شتێکیان لێ بکرێت به‌ زیاده‌وه‌ به‌ڵێنی جێبه‌جێکردنی ده‌ده‌ن‌و زیاده‌شی ده‌خه‌نه‌سه‌ر، به‌دڵی داواکاران رۆنی تێده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌کان چه‌ورو نه‌رم بێت، درۆی واده‌که‌ن‌و په‌یمانی وا ده‌ده‌ن به‌ خه‌ڵکی کوردستان خۆشیان به‌گومنانن له‌ به‌ڵینه‌کانیان.

ئه‌و خوێنکارانه‌ی له‌ناو قوتابخانه‌کاندا له‌به‌ر سه‌ر‌مای زستان هه‌ڵده‌له‌رزین‌و له‌ هاوینیشدا له‌به‌ر گه‌رما ده‌بورانه‌وه‌ له‌ پۆله‌کاندا ئێستا ئاماده‌ن (ساردکه‌ره‌وه‌و گه‌رم که‌ره‌وه‌یان) بۆ دابین بکه‌ن به‌س ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ده‌رنه‌بڕن.

ئه‌و گه‌ڕه‌کانه‌ی قوڕوچڵپاوی زستان خواردبونی ئێستا که‌وتونه‌ته‌ نۆژنکردنه‌وه‌ی رێگاو بانه‌کانیان‌ بێئه‌وه‌ی هیچ داواکاریه‌ک پێشکه‌ش بکه‌ن به‌ زیاده‌وه‌ خزمه‌تگوزاریان بۆ جێبه‌جێ ده‌کرێت.

خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی گونده‌کان له‌دوای ئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان لێیان دورکه‌وتونه‌ته‌وه‌و دابڕان دروست بو له‌ نێوانیاندا، بۆ ته‌نها ساتێکێش چاویان نه‌که‌تۆته‌وه‌ به‌و به‌رپرسانه‌ی که‌ زۆربه‌ی کاته‌کانی ژیانیان له‌ ماڵه‌کانی ئه‌واندا به‌سه‌ر ده‌برد.

 له‌دوای راپه‌رینی ساڵی 1991وه‌ کاتێک گه‌ڕانه‌وه‌ ناو شاره‌کانی کوردستان به‌ جۆرێک خه‌ڵکی گونده‌کانیان ئیهمالکرد ته‌نانه‌ت ئامه‌ده‌ نه‌بون رۆژێک له‌ رۆژان بیان بینن نه‌کو داواکارییه‌کیان هه‌بێت‌و بۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن.

 تازه‌ به‌ تازه‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ دڵسۆزانه‌ی لادێکانیان بیر که‌وتۆته‌وه‌و ده‌یانه‌وێت هێزی پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ ناو گونده‌کان بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک جاری جاران خۆشه‌ویستی بکه‌وێته‌وه‌ نێوان پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵکی لادێکانه‌وه،‌ که‌ئه‌وه‌ش زۆر مه‌حاڵه ئه‌و خۆشه‌ویستی‌و متمانه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو خه‌ڵکی لادێکان‌.

ئه‌و میلله‌ته‌ی ناو جه‌رگی بو به‌ ئاو به‌دوای (بوتڵه‌غازو پێنج لیتر نه‌وتدا) تاوه‌کو بتوانێ خواردنی پێئاماده‌ بکات یاخود مه‌نجه‌ڵێک ئاوی پێگه‌رم بکات بۆ خۆشتن، سه‌یره‌ ئێستا به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێده‌درێت بۆری غازیان بۆ رابکێشرێت بۆ ناو ماڵه‌کانیان! بۆری غاز!؟ سه‌یره‌ تا ئێستا له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیادا ئه‌و خزمه‌تگوزاریه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی هه‌مو مالێک سود مه‌ندبێت له‌وه‌ی بۆری غاز له‌ ناو ماڵه‌که‌یدا هه‌بێت.

‌خه‌ریکه‌ به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ شتی وا روبدات له‌ کوردستاندا له‌ بیری هیچ مرۆڤێکدا نه‌ بوبێت ته‌نها مه‌گه‌ر له‌ فیلمی هندیدا به‌ دی کرابێت.

شپرزه‌یی ده‌سه‌ڵاتداران وای لێهاتوه‌ بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان به‌س ئه‌و به‌ڵێنه‌ ماوه‌ بیده‌ن به‌ خه‌ڵکی کوردستان پێیان بڵێن سه‌رجه‌م شه‌هیده‌کانتان‌و که‌سوکاره‌ ونبوه‌کانتان بۆ زیندو ده‌که‌ینه‌وه‌ به‌س ده‌نگمان پێبده‌ن، گه‌ر بۆ یان بكرایه‌ به‌ شیعره‌وه‌ وته‌کانیان پێشکه‌ش به‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌کرد.

هه‌ر هه‌مو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ش که‌ ده‌درێت به‌و میلله‌ته‌ هه‌ژاره‌ ته‌نها ئه‌م ماوه‌ کورته‌یه‌ تا ده‌نگه‌کان مسۆگه‌ر ده‌که‌ن،‌ دوای ئه‌وه‌ی ده‌نگی زۆریان به‌دستهێناو جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌وه‌ ده‌ست بۆ چوار ساڵی تر، سه‌رله‌نوێ دۆزه‌غێکی مۆدێرن تر بۆ جه‌ماوه‌ری کوردستان دا ده‌خه‌نه‌وه‌و وه‌ک چۆن بینیمان له‌ ماوه‌ی 18 ساڵی ده‌سه‌ڵاتی رابوردویاندا به‌ چ جۆرێک لوتیان به‌رز بوبو ئه‌و ره‌فتاره‌ی ئه‌وان ده‌یان کرد (ئزرایل) نه‌یده‌کرد که‌ توانای رۆحکێشانی هه‌مو گیان له‌برێکی هه‌یه‌ له‌سه‌ر گۆی زه‌ویدا.

 گه‌لی گورد چیتر به‌و قسانه‌ له‌خشته‌ نابرێت‌و مێژوی رابوردویه‌کی تاڵ هه‌روا زو بیر ناچیته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رپرسانه‌ی که‌ چۆن مامه‌ڵه‌یان ده‌کرد له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی شۆڕشگێڕو فه‌قیرو هه‌ژاردا، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ فڕوفێڵی بانگه‌شه‌ی پێش هه‌ڵبژاردن‌و چه‌ند خزمه‌تگوزارییه‌کی بێبه‌رنامه‌ خه‌ڵکی کوردستان نه‌که‌ونه‌ هه‌ڵه‌یه‌کی مێژویی گه‌وره‌وه‌و خۆیان نه‌خه‌نه‌ چوار ساڵ زیندانی دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌‌.

 گه‌ر ژیرانه‌ش مامه‌ڵه‌ت نه‌کرد له‌ گه‌ڵ ویژانی خۆت‌و خوێنی پیرۆزی شه‌هیداندا ئه‌وا ئه‌و چوار ساڵه‌ی دوای هه‌ڵبژاردن وه‌ک کورد وته‌نی که‌ گوتویانه‌ ده‌بێت کاڵه‌ک به‌ ئه‌ژنوی خۆت بشکێنیت‌و ئه‌وسا ده‌زانیت که‌ چ تاوانێکت کردوه‌ له‌گه‌ڵ خوێنی شه‌هیدان‌و میلله‌ته‌که‌تدا که‌ کاریش له‌ کارترازا په‌شیمان بونه‌وه‌ دادی هیچ لایه‌ک نادات.

وه‌ک چۆن ( خیام) ده‌ڵێت:
به‌ده‌ستی خۆت که‌ جامت خسته‌ سه‌ر لێوت غه‌شیمانه‌
ئه‌گه‌ر زه‌هریشی تێدا بێت گوناهی خۆته‌ بیزانه‌
هه‌ڵه‌ یاخود گوناهت کرد له‌ کاتێگدا که‌ بێهۆشی
سزاو تاڵاوی هه‌رچی بێت ده‌بێت وه‌ک باده‌ بینۆشی

Sbeiy.com © 2007