ئاریان كامیل
له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق و هاتنی ئه‌مه‌ریكا بۆ ناچه‌كه و روخاندنی دڕندانه‌ترین دكتاتۆری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، زۆر كه‌س له‌و بڕوایه‌دابون به دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراتی له عێراقدا ره‌نگدانه‌وه‌ی له ته‌واوی ناوچه‌كه‌دا ده‌بێت و ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ له گۆڕنانی ده‌سه‌ڵاته دكتاتۆریه‌كان.
به‌ڵام روداوه تیرۆریستی و توندوتیژیه‌كانی ناو عێراق و ئه‌و گه‌نده‌ڵیه ئیدارییه‌ی سه‌رتاپای عێراقی گرتۆته‌وه، دڵنه‌واییه‌كی زۆر باش بو بۆ ئه‌و سه‌رۆكانه‌ی كه ده‌یان ساڵه به ئاگر و ئاسن ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌سه‌ر گه‌له‌كانیاندا سه‌پاندوه.
دیموكراتیه‌كه‌ی عێراق نه‌ك هه‌ر نه‌بوه جێگای مه‌ترسی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاته دكتاتۆریه‌كانی ناوچه‌كه، به‌ڵكو هێنده‌ی تر ده‌سه‌ڵاته‌كانیانی پته‌و و به‌هێزتر كردن، به‌هۆی ئه‌و نمونه ناشرینه‌ی كه پێشكه‌شی كرد له دیموكراتیدا.
دیموكراتیه‌كه‌ی عێراق نه‌ك هه‌ر كاریگه‌ری دروست نه‌كرد له جیهانی عه‌ره‌بی و ناوچه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه هه‌وڵی دامه‌زراندی ده‌سه‌ڵاتێكی هاوشێوه‌ی عێراق بده‌ن، به‌ڵكو نمونه‌یه‌كی ناشرینی دیموكراتی بو گه‌لانی هه‌ندێ له وڵاتانی دیكتاتۆری ناچاركرد رازی بن به به‌شی خۆیان و هه‌رگیز بیر له گۆڕینیان نه‌كه‌نه‌وه.
روداوه‌كانی دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق، شكستی به بڵاوبونه‌وه‌ی بیری دیموكراتی هێنا له ناوچه‌كه‌دا، پێده‌چێت ئه‌مه‌ریكای ناچار كردبێت جارێكی تر له رێی به‌كارهێنانی هێزه‌وه بیر له روخاندنی هیچ دیكتاتۆرێكی تری نه‌یاری خۆی نه‌كاته‌وه.
شێوازی حكومڕانی عێراق له دوای روخانی حیزبی به‌عس وایكرد هه‌ندیك ناوه‌ند داوا له ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن جارێكی تر ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆریانه له عێراقدا دابمه‌زرێنێت، هاوشێوه‌ی داواكه‌ی حوسنی موباره‌كی سه‌رۆكی میسر كه له به‌ڵگه نامه‌كانی ویكلیكسدا بڵاوكرایه‌وه كه داوای له ئه‌مه‌ریكا كردبو ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆریانه‌ی دادپه‌روه‌ر له عێراقدا دابمه‌زرێنێت.
به‌ڵام له‌دوای خۆسوتاندنه‌كه‌ی محه‌مه‌د بو عه‌زیزی له تونس و خۆپیشاندانه‌كه‌ی هاوڵاتیانی ئه‌و وڵاته، كه به هه‌ڵاتنی زه‌ین عابدین بن عه‌لی كۆتاییهات، هه‌ست ده‌كرێت ئه‌و روداوه كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر وڵاتانی عه‌ره‌بی و جیهان دروستكردوه.
پێچه‌وانه‌ی روداوه‌كانی دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق، تونس توانی سه‌ره‌تایه‌كی زۆر باش له ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری پێشكه‌شی جیهان بكات و توانی بۆ یه‌كه‌م جار له مێژوی مرۆڤایه‌تیدا له ماوه‌ی ته‌نها مانگێكدا كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆری بهێنێت، بێ ده‌ستوه‌ردان و به‌كارهێنانی هێزی ده‌ره‌كی.
له ئێستادا ده‌توانرێت خۆپیشاندانه یه‌ك مانگیه‌كه‌ی تونس هاوتا بكرێت به شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له داهاتودا تێروانینه‌كانی گه‌لانی جیهان سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵات بگۆڕێت، به شێوه‌یه‌ك له دوای ئه‌و روداوه گه‌لانی جیهانی جارێكی تر به ئاگا هێنایه‌وه كه له توانیاندا هه‌یه دڕندانه ترین ده‌سه‌ڵات له كورتترین ماوه‌دا بڕوخێنن.
هه‌ستیش ده‌كرێت خۆپیشاندانه‌كه‌ی تونس ره‌نگدانه‌وه‌ی له زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا دروستكردوه كه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان هاوشێوه‌ی تونسه و بۆ په‌له كردنیش رۆژانه چه‌ندین لاو خۆیان ده‌سوتێنن تا هاوشێوه‌ی تونس رزگاریان ببێت وه‌ك ئه‌و خۆسوتاندنانه‌ی له میسر و جه‌زائیر و مۆریتانیا به‌دیكرا.
تونس توانی له ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا نیوه‌ی رێگاكه ببڕێت و كاردانه‌وه له‌زۆربه‌ی وڵاته دیكتاتۆریه‌كاندا دروست بكات، به‌ڵام نیوه‌ی رێگاكه‌ی تریش گرنگه كه رێگا نه‌دات جارێكی تر ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ردا بسه‌پێنن كه له‌گه‌ڵ خواسته‌كانی ئه‌و گه‌له‌دا یه‌كنه‌گرێته‌وه، به‌ڵكو زۆر گرنگه بتوانێت ده‌سه‌لاتێك دابمه‌زرێنێت كه ره‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی گه‌لی تونس بێت، بۆ ئه‌وه‌ی به پێچه‌وانه‌ی عێراق ببێته نمونه‌یه‌كی جوانی دیموكراتی.