Print
 ئینته‌رنێت... دێوه‌زمه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عه‌ره‌ب
Wednesday, January 19, 2011
تیبو لیوراد

له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌: نامق رسول

ئینته‌رنێت بۆته‌ دێوه‌زمه‌ی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ عه‌ره‌بیانه‌ی‌ روبه‌ڕوی‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان بونه‌ته‌وه‌، له‌ ئێستادا سایته‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ جیهانی‌ عه‌ره‌بیدا بونه‌ته‌ شوێنێكی‌ نمونه‌یی‌ بۆ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ و داواكردنی‌ باشتكردنی‌ ژیان و گوزه‌ران و ئازادی‌ زیاتر، ئه‌وه‌ش بۆته‌ مایه‌ی‌ دڵه‌ڕاوكێ‌ و توڕه‌یی‌ ئه‌و رژێمه‌ عه‌ره‌بیانه‌ی‌ كه‌ بۆ وه‌ستاندنی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ نوێیه‌ی‌ كه‌ له‌ جیهانی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ ده‌ربڕیندا ده‌ستیپێكردوه‌ روبه‌ڕوی‌ گرفتی‌ گه‌وره‌ ده‌بنه‌وه‌.

سایته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ وه‌ك فه‌یس بوك و تویته‌ر و یوتیوب، له‌م دواییانه‌دا له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بدا بونه‌ته‌ باشترین و سه‌ركه‌وتوترین رێگا بۆ ده‌ربڕیی‌ رقی‌ جه‌ماوه‌ر، به‌ تایبه‌تیش له‌ چینی‌ لاواندا بۆ ناڕه‌زایه‌تی‌ ده‌ربڕین له‌دژی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌كه‌ی‌ تێیدا ده‌ژین، كه‌ دوچاری‌ چه‌ندین گرفتی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سه‌ركوتكردن و به‌رسه‌تكردنه‌وه‌ی‌ ئازادییه‌كان بون. له‌ ئێستاشدا حكومه‌تی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ بۆ وه‌ستاندنی‌ ئه‌و رێگا نوێیه‌ی‌ بواری‌ په‌یوندیكردن و ناڕه‌زایه‌تی‌ ده‌ربڕین و سانسۆركردنی‌ كارێكی‌ قورسیان كه‌وتۆته‌ سه‌رشان.

له‌ جه‌زائیره‌وه‌ بۆ تونس له‌وێشه‌وه‌ بۆ میسر، به‌كارهێنه‌رانی‌ ئه‌و سایتانه‌ گرنگی‌ ئه‌وتۆیان به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ تا ئاستێك ئه‌و دیارده‌یه‌ رژێمی‌ عه‌ره‌بیه‌كانی‌ دوچاری‌ دڵه‌ڕاوكێ كردوه‌، تا له‌و وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌ ده‌گمه‌نانه‌شی‌ كه‌ به‌ دابینكردن و پاراستنی‌ ئازادییه‌ گشتییه‌كان بۆ هاوڵاتیانیان خۆیان ده‌نازن.

سێیه‌كی‌ هاوڵاتیانی‌ تونس ئینته‌رنێت به‌كارده‌هێنن:
به‌پێی‌ زانیارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌كۆی‌ 12 ملیۆن سێیه‌كی‌ دانیشتوانی‌ تونس ئینه‌رنێت به‌كارده‌هێنن و زیاتر له‌ 200 هه‌زار هاوڵاتی‌ ئه‌و وڵاته‌ش له‌ سایتی‌ فه‌یسوبكدا په‌یجیان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش وایكرد ئه‌و سایته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ببێته‌ شوێنێكی‌ نمونه‌یی‌ ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی‌ كه‌ دژ به‌ رژێمی‌ زه‌ینولعابدین بن عه‌لی‌ ده‌ستیپێكرد، به‌ وته‌ی‌ لوسی‌ مۆریۆن به‌رپرسی‌ هۆكاره‌ نوێكانی‌ بواری‌ په‌یوه‌ندی له‌ رێكخراوی‌ په‌یامنێرانی‌ بێسنور، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ تونس له‌ لوتكه‌ی‌ روبه‌روبونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ گه‌لدا نه‌یانتوانی‌ له‌ ترسی‌ خۆشكردنی‌ ئاگری‌ توندوتیژی‌ سه‌رشه‌قامه‌كان ئه‌و سایته‌نه‌ دابخه‌ن.

میسر گه‌وره‌ترین وڵاتی‌ عه‌ره‌بییه‌ له‌ روی‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ تۆڕی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌:
له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ دیكه‌دا ئه‌و تۆڕه‌ جاڵجاڵۆكه‌ییه‌ بایه‌خێكی‌ زۆری‌ هه‌یه‌، میسر كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین وڵاتی‌ عه‌ره‌ب داده‌نرێت له‌ روی‌ ژماره‌ی‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ ئینته‌رنێتدان 17 ملیۆن كه‌س ئینته‌رنێت به‌كارده‌هێنن و به‌كارهێنه‌رانی‌ سات به‌سات له‌ رێگه‌ی‌ شاشه‌ی‌ كۆمپیوته‌ر و سایته‌كانی‌ فه‌یسبوك و تویته‌ره‌وه‌ چاودێری‌ بارودۆخی‌ تونسیان ده‌كرد، هه‌ندێك له‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ ئینته‌رنێت خه‌ونی‌ ئه‌وه‌یان ده‌بینی‌ كه‌ بارودۆخی‌ وڵاته‌كیان هاوشێوه‌ی‌ تونس گۆڕانی‌ به‌سه‌ردابێت، ئه‌وه‌ش بوه‌ هۆی‌ هه‌ڵگیرسانی‌ رقی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ میسر، كه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ تونسی‌ پێش شۆڕشه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ سانسۆریان خستۆته‌سه‌ر تۆڕی‌ ئینته‌رنێت، به‌ڵام هیچ ناسڵه‌مێته‌وه‌ له‌ راوه‌دوانی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌سه‌ر تۆڕی‌ ئینته‌رنێت دژایه‌تی‌ رژێمی‌ حوسنی‌ موباره‌ك ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش ئه‌و گورزانه‌ی‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ موباره‌كه‌وه‌ تێیان ده‌سره‌وێنرێت ده‌قۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێگه‌ و جموجوڵی خۆیانی‌ له‌دژی‌ ده‌سه‌ڵات پێ به‌هێزترن بكه‌ن، هه‌روه‌ك چۆن مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردو خالید سه‌عیدی‌ هاوڵاتی‌ میسری‌ بوه‌ ره‌مزی‌ ناڕه‌زاتییه‌كان، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ گرته‌یه‌كی‌ له‌سه‌ر تۆڕی‌ ئینه‌ته‌رنێت بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ پیاوانی‌ پۆلیسی‌ میسر نیشانده‌دات كاتێك به‌رتیل وه‌ده‌گرن، به‌وه‌ش ئه‌شكه‌نجه‌درا تا مردن و به‌وه‌ش ژماره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ به‌ لاپه‌ڕه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر فه‌یسبوك سه‌رسام بون گه‌یشته‌ 370 هه‌زار كه‌س.

ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ جه‌زائیر ته‌شویش ده‌خه‌نه‌سه‌ر فه‌یسبوك و تویته‌ر
به‌كارهێنه‌رانی‌ ئینته‌رنێت له‌ جه‌زائیردا ده‌گاته‌ نزیكه‌ی‌ 5 ملیۆن كه‌س، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌و وڵاته‌ش دوشه‌ممه‌ رابردو و دوای‌ چه‌ند رۆژێك له‌سه‌رهه‌ڵدانی‌ چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ له‌ جه‌زائیری‌ پایته‌خت ناڕه‌زایی‌ له‌ دژی‌ به‌رزبونه‌وه‌ی‌ نرخ و قورس بونی‌ گوزه‌ران ده‌ستیان كرد به‌ ته‌شویش خسته‌سه‌ر سایتی‌ فه‌یسبوك و تویته‌ر خزمه‌تگوزاری‌ كورته‌نامه‌ی‌ مۆبایلیشیان په‌كخست.

چاودێرێكی‌ سایتی‌ فرانس 24 له‌ جه‌زائیر ده‌ڵێت، كه‌ حكومه‌ت ده‌ترسێت له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ كاسێتی‌ خۆپیشاندان و روداوه‌كانی‌ تونس و كاریگه‌ری‌ بۆ سه‌ر ناخی‌ هاوڵاتیانی‌ جه‌زائیر، كه‌ ئه‌وانیش له‌ئێستادا له‌ دژی‌ گرانی ده‌نگی‌ ناڕه‌زایه‌تیان به‌رزكردۆته‌وه‌و چاودێرێكی‌ تریش ده‌ڵێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ جه‌زائیر هه‌مو رۆژێك رێگایه‌كی‌ نوێ بۆ سانسۆركردنی‌ و ته‌شویش خسته‌سه‌ر ئینته‌رنێت داده‌هێنن.

واده‌رده‌كه‌وێت كه‌ شه‌ڕی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عه‌ره‌ب له‌دژی‌ ئینته‌رنێت ئه‌م نزیكانه‌ كۆتایی‌ پێ نایات، ئایا سیناریۆكه‌ی‌ تونس له‌ میسر و جه‌زائیر دوباره‌ده‌بێته‌وه‌؟ یان پێویسته‌ گوێ له‌ له‌یلا عه‌له‌می‌ رۆمانوسی‌ مه‌غریبی‌، كه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا نیشته‌جێیه‌ بگیرێت كه‌ ده‌ڵێت: وازبهێنن له‌و وته‌یه‌كی‌ كه‌ ده‌وترێت ویكیلیكس و تویته‌ر و یوتیوب رژێمی‌ بن عه‌لیان روخاند، ئه‌وه‌ی‌ رژێمی‌ تونسی‌ روخاند گه‌لی‌ تونس بو.


سه‌رچاوه‌: سایتی‌ فرانس 24

Sbeiy.com © 2007