Print
 کێشه‌ی که‌رکوک، هه‌ڵوێستی خه‌ڵکی کوردستان ‌و سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد له‌نێوان دوێنێ ‌و ئه‌مڕۆدا
Tuesday, August 28, 2007
شۆرش حاجی

کێ هه‌یه‌ له‌یه‌که‌م ئه‌لفوبێی کوردایه‌تیدا‌ له‌ کوردستانی عیراق به‌وه‌ فرچک نه‌درابێت، که‌ که‌رکوک به‌شێکه‌ له‌ خاکی کوردستان ‌و حکومه‌ته‌ شۆڤینیسته‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی عيراق ته‌عریبیان کردووه‌‌، بۆیه‌ ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موومانه‌ خه‌بات بۆ ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌رکوک بگه‌ڕێته‌‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان؟
ده‌یان هه‌زار کورد له‌ پێناوی ئه‌و راستییه ‌‌‌‌و ئه‌و ئامانجه‌ ره‌وایه‌دا گیانیان به‌خت کردووه‌ و ده‌یان‌ و بگره‌ سه‌دان هه‌زاری تریش‌ هه‌ر له‌‌م رێگایه‌‌دا بریندار ‌و زه‌ره‌رمه‌ندبوون‌. ئه‌و زه‌ره‌روزیانه‌ ئابوورییه‌‌ش که‌ له‌ په‌نجا ساڵی رابوردوودا به‌هۆی ئه‌و هاوکێشه‌ ساده‌یه‌‌وه‌ له‌ کورد که‌وتووه،‌ له‌ سه‌دان ملیار‌ دۆلاریش تێپه‌ڕیوه‌‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر جێگای سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه،‌ که‌ دوای زیاتر له‌ چوار ساڵ کۆتاییهاتنی رژێمی تۆتالیتاری له‌ عيراق ‌و هاتنه‌کایه‌ی "به‌ حیساب" حکومه‌تی ده‌ستور ‌و پارله‌مانی هه‌ڵبژێردراو و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ زۆره‌ی که‌ کورد ئه‌مڕۆ له‌ به‌غدا هه‌یه‌تی، هێشتا که‌رکوک نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ باوه‌شی کوردستان. له‌وه‌ش ناخۆشتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ راستییه‌کان به‌ پێچه‌وانه‌ی ئیدیعای سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورده‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن، که‌ نازانرێت ئایا که‌رکوک له‌م وه‌زعه‌ی ئێستادا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌‌ر هه‌رێمی کوردستان‌ یان نا!
که‌رکوک به‌ درێژایی مێژووی پتر له‌ په‌نجا ساڵی رابوردوو، خاڵی هه‌ره‌ زه‌قی ناکۆکی نێوان جوڵانه‌وه‌ی کورد ‌و حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی عيراق بووه‌، هه‌‌روه‌ها یه‌کێک بووه‌ له‌ هۆ‌ سه‌ره‌کییه‌کانی تێکچوونی هه‌موو ئه‌و گفتوگۆ‌و دانوستاندنانه‌‌ی‌ نێوان جوڵانه‌وه‌ی کورد ‌و حکومه‌تی به‌غدا. چه‌ندین جار له‌ ئه‌نجامی سوربوونی کورد له‌سه‌ر داواکردنی که‌رکوک ‌‌و قبووڵنه‌کردنی حکومه‌تی عيراقدا شه‌ڕێکی دژوار له‌ نێوان کورد ‌و رژێمی به‌غدا ده‌ستیپێکردووه ‌‌و بۆته‌ مایه‌ی ئه‌و هه‌موو زه‌ره‌روزیانه‌ گیانی ‌و ماڵییه‌ی له‌ کورد که‌وتووه‌.‌
شیکردنه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ئێستا و رابوردووی کوردستانی عيراق چه‌ند پرسیارێک ده‌وروژێنێت، که‌ گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن‌:
یه‌که‌م - بۆچی سه‌رکردایه‌تیی سیاسیی کورد جاران ئاماده‌بوون له‌سه‌ر که‌رکوک کۆتایی به‌گفتوگۆ بهێنن ‌و بڕیاری شه‌ڕکردنه‌وه بده‌ن‌‌، له‌کاتێکدا ده‌یانزانی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه‌‌ی ئه‌وان چ ماڵوێرانییه‌ک به‌سه‌ر گه‌لی کوردا ده‌هێنێت‌، به‌ڵام ئێستا هه‌ر هه‌مان سه‌رکردایه‌تی ئاماده‌نین‌ له‌سه‌ر که‌رکوک ده‌نگه‌ ده‌نگێکیش بکه‌ن ‌و ته‌نها جارێک نه‌ک به‌غدا به‌ڵکو ژووری گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا‌ و لێپرسراوانی عه‌ره‌بی سوننه ‌و شیعه‌‌ به‌جێبهێڵن؟
دووه‌م - تاکه‌ی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وه‌ قبووڵده‌که‌ن که‌ دوای ئه‌و‌ هه‌موو قوربانیدان ‌و فیداکارییه‌ که‌رکوک نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان؟ سێیه‌م - ئایا ئه‌گه‌ر که‌رکوک نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان گه‌لی کورد چی ده‌کات؟
‌له‌ جێی خۆیه‌تی بپرسین بۆچی سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد ئه‌و هه‌ڵوێسته‌‌‌ی جارانیان سه‌باره‌ت به‌ که‌رکوک نه‌ماوه‌؟ ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ هه‌لومه‌رجه‌کان زۆر له‌ جاران له‌بارترن ‌و هیچ هه‌ڵوێستێک نابێته‌ مایه‌ی چه‌ند یه‌کی ئه‌و زه‌ره‌روزیانه‌ی جاران له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌وان به‌‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌گه‌یشت.
تۆ بڵێی ئێستا بیر له‌و زه‌ره‌روزیانانه‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌ ره‌نگه‌ له‌ ‌خۆیان ‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانییان بکه‌وێت؟ یان ئێستا له‌ جاران زیاتر به‌ته‌نگ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکه‌وه‌ن ‌و نایانه‌وێت جۆره‌ هه‌ڵوێستێک‌ وه‌رگرن که‌ خه‌ڵک تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند بێت! یاخود بڕوایان به‌ ڕه‌وایی دۆزی کورد ‌و کێشه‌ی که‌رکوک نه‌ماوه‌!
سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد له‌ دوای رووخانی رژێمی سه‌دام داوای پشتیوانییان له‌ خه‌ڵکی کوردستان ‌کرد، ئه‌وان له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عيراق ‌و کوردستان ‌و ده‌نگدان له‌سه‌ر ده‌ستووری عيراقدا پێویستیان به‌ پشتیوانيی خه‌ڵک هه‌بوو. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پشتیوانییه‌ی خه‌ڵکدا بانگه‌شه‌یان بۆ گێڕانه‌وه‌ی که‌رکوک ‌و شوێنه‌ دابڕاوه‌کانی تری کوردستان ده‌کرد، هه‌ر بۆیه‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌وپه‌ری توانایانه‌وه‌ پشتیوانيیان لێکردن ‌و هه‌رچی ئه‌وان له‌م رووه‌وه‌ گه‌ره‌کیان بوو خه‌ڵک بۆی دابینکردن‌.
حه‌ق وایه‌ سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد ئه‌وه‌ بزانن ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌ خه‌ڵکیان داوه‌ جێبه‌جێی نه‌که‌ن، خه‌ڵکیش جارێکی تر پشتیوانییان لێناکات.
کورد وتویه‌تی: "بۆیه‌ پێت ده‌ڵێم مامه که‌ چۆله‌که‌م بۆ بگریت".
ده‌مێکه‌ له‌ سه‌ر لاپةڕه‌ی رۆژنامه ‌‌و ماڵپةڕ‌ه‌ ئه‌له‌کترۆنی ‌و که‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌کاندا باسی هه‌ڵوێستی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد سه‌باره‌ت به‌ که‌رکوک ‌و جێبه‌جێکردنی مادده‌ی سه‌دوچل ده‌کرێت ‌و هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئه‌و کێشه‌یه‌ له‌لایه‌ن نووسه‌ر ‌‌و رۆشنبیر ‌و دڵسۆز ‌و خه‌مخۆرانی گه‌له‌که‌مانه‌وه‌ تاووتوێ ده‌کرێن. زۆر جاریش سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له‌ ده‌زگاکانی راگه‌یاندندا‌ ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر ئه‌‌وه‌ کردۆته‌وه‌ که‌ ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر داواکارییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ که‌رکوک. هه‌روه‌ها خه‌ڵکی کوردستانییان له‌وه‌ دڵنیا کردۆته‌وه که‌ مادده‌ی سه‌دوچل له‌ واده‌ی خۆیدا جێبه‌جێده‌کرێت. جار جاریش،‌ کار گه‌یشتۆته‌ به‌کارهێنانی ته‌سریحاتی ئاگرین ‌و هه‌ڕه‌شه‌کردن، که‌ گوایه‌ هه‌ر کاتێک پێویست بکات ئه‌وان ئاماده‌ن له‌سه‌ر که‌رکوک هه‌ڵوێستێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه وه‌ر‌گرن!
ئێستا وا دوو واده‌ی دوو قۆناغی جێبه‌جێکردنی مادده‌ی سه‌دوچل به‌سه‌رچوو، بێئه‌وه‌ی هیچ شتێکی هیچ قۆناغێکیان جێبه‌جێکرابێت، به‌ڵام تائێستا سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد هیچ هه‌ڵوێستێکی جددی وه‌رنه‌گرتووه‌!
ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه نه‌ده‌بوو ئه‌وان بچنه‌ ژێر باری ئه‌وه‌‌وه‌ که‌ گێڕانه‌وه‌ی که‌رکوک ‌و شوێنه‌ دابڕاوه‌کانی تری کوردستان به‌و شێوه‌یه‌ ئاڵۆزبکرێت ‌و بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه. سةڕه‌رای ئه‌وه‌ش چه‌ند جارێک هه‌لی زۆر له‌بار بۆ کورد هه‌ڵکه‌وتووه ‌و ده‌توانرا داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بچه‌سپێنرێت، به‌ڵام دیسان سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد نه‌یانتوانی سوود له‌و بارودۆخه‌ وه‌ربگرن، بۆیه‌ ئۆباڵی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک ‌و شوێنه‌ دابڕاوه‌کانی تری کوردستان بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان به‌ پله‌ی یه‌که‌م له‌ ئه‌ستۆی سه‌رکردایه‌تیی سیاسی کورد دایه‌.‌
سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد ئێستاش ده‌توانێت هه‌ڕه‌شه‌ی کشانه‌وه‌ له‌ حکومه‌تی به‌غدا بکات ‌و هه‌ر کاتێکیش پێویستبکات هه‌ڕه‌شه‌که‌ی جێبه‌جێبکات. به‌مه‌ش فشارێکی ئه‌وتۆ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر حکومه‌تی به‌غدا‌ و ئیداره‌ی ئه‌مریکا، که‌ به‌ که‌مترین زه‌ره‌ر ‌و به ‌زووترین کات کێشه‌ی که‌رکوک چاره‌سه‌ربکرێت. ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌وه‌ نه‌که‌ن‌ ده‌بێت خۆیان بۆ ئه‌گه‌رێکی ئاڵۆزی تریش ئاماده‌بکه‌ن، که‌ ده‌ستێوه‌ردانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه له‌ کێشه‌ی که‌رکوکدا‌. ئه‌و کاته‌ ئه‌و کارته‌شیان له‌ده‌ستدا نامێنێت تا به‌کاریبهێنین. ئه‌گه‌ر کێشه‌ی ‌که‌رکوک‌ به‌ره‌و ڕووی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ‌بکرێته‌‌‌وه، ئه‌و کاته‌‌‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌‌ زۆر ئاڵۆزتر ده‌بێت ‌و دۆزی که‌رکوکیش چه‌ندین ساڵ به‌ره‌و دواوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ چیتر خه‌ڵکی کوردستان به‌دوای‌ تراوگه‌دا‌ رانه‌که‌ن‌ و به‌ قسه‌و به‌ڵێنی بێبناغه‌‌ بڕوا نه‌که‌ن. حه‌ق وایه‌ خه‌ڵک زوڵاڵتر داوای به‌رهه‌می ده‌یان ساڵی خه‌بات‌ و ده‌یان هه‌زار قوربانيی ‌و ئه‌و هه‌موو زه‌ره‌روزیانه‌ بکه‌ن، که‌ به‌ هۆی داواکردنی که‌رکوکه‌وه‌ لێیان که‌وتووه‌. خه‌ڵکی کوردستان ده‌بێت له‌ سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد بگه‌یه‌نن که‌ ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌وان ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا پێیان دابوون جێبه‌جێیان نه‌که‌ن ئه‌وانیش له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوودا پشتیوانییان لێناکه‌ن. هه‌روه‌ها خه‌ڵكی کوردستان ده‌بێت بیر لةڕێگای تر بکه‌نه‌وه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی که‌رکوک ‌و شوێنه‌ دابڕاوه‌کانی تری کوردستان.
ئاسانترین رێگا که‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌توانن له‌م قۆناغه‌دا بیگرنه‌ به‌ر ئیعتیسامی مه‌ده‌نییه‌. شێوه‌یه‌کی ئه‌و ئیعتیسامه‌ش‌ بریتیه‌ له‌ داخستنی دوکان ‌و بازاڕ و دایه‌ره ‌و مه‌كته‌ب‌ و ده‌وام نه‌کردن؛ ئینجا ده‌کرێت هه‌‌نگاوی دووه‌م موقاته‌عه‌کردنی لێپرسراوانی به‌غدا ‌و هه‌رێمی کوردستان ‌و ده‌زگا هه‌واڵگری ‌و سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانان بێت له‌ کوردستان‌. خه‌ڵک ده‌توانن هه‌موو جۆره‌ مامه‌ڵه‌‌یه‌کیان له‌گه‌ڵ راگرن تاکێشه‌ی که‌رکوک چاره‌سه‌ر ده‌کرێت.
رێکخراوی خوێندکاران ‌و ژنان‌ و لاوان‌ و قوربانییانی ئه‌نفال ‌و رۆشنبیرانی گه‌له‌که‌مان ده‌بێت سه‌رمه‌شقی ئه‌و هه‌وڵانه‌ بن، ئه‌و‌ نیشتمان په‌روه‌رانه‌ی که‌ ئه‌ندامی خواره‌وه‌ی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانن ده‌توانن رۆڵێکی زۆر سه‌ربه‌رزانه‌ له‌م بواره‌دا ببینن.
‌گه‌لانی دنیا له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی ئاو و‌ کاره‌‌‌با و سووته‌مه‌نی ئه‌و جۆره‌ رێگایانه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر و گه‌ر داواکه‌یان جێبه‌جێنه‌کرێت حکومه‌ته‌کانیان ده‌ڕووخێنن، به‌ڵام گه‌له‌که‌ی ئێمه‌ تائێستا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی وا چاره‌نووسسازیش هه‌ڵوێستی له‌و جۆره‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌. بێگومان گرتنه‌به‌ری رێگای ئیعتیسامی مه‌ده‌نیش نرخی خۆی هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌و زه‌ره‌روزیانه‌‌‌ی که‌ ره‌نگه‌ به‌م هه‌‌ڵوێسته‌‌ له‌ خه‌ڵک بکه‌وێت زۆر که‌مترن له‌وه‌ی پێشتر گه‌له‌که‌مان کردویه‌تی‌ و زۆر که‌متریش ده‌بێت له‌و‌ زه‌ره‌روزیانه‌ی له‌داهاتوودا ده‌یکه‌ین ئه‌گه‌ر بێتو خه‌ڵکی کوردستان جارێکی تر ناچار بکرێن رێگا‌ی توندوتیژ بگرنه‌به‌ر بۆ به‌رگریکردن له‌ داوا ره‌واکانیان.‌ ئه‌و کاته‌ش ئۆباڵی هه‌موو ئه‌و زه‌ره‌روزیانانه‌ له‌ ئه‌ستۆی سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کوردا ده‌بێت‌.
Sbeiy.com © 2007