Print
 خەتەری رۆژێ
Sunday, February 20, 2011

روناک ئه‌حمه‌د  
      
ئەو روداوانەی رۆژهەڵاتی ناوین و روخانی دو دیکتاتۆر لەو ناوچانەدا و بەئاگا هێنانەوەی جەماوەری وڵاتانی وەک یەمەن، لیبیا، بەحرێن، ئێران و عێراق... چەندین دەسەڵاتی توشی شۆک کردوە، بەتایبەت ئەو وڵات و هەرێمانەی هێزی دیکتاتۆر دەیانبات بەڕێوە، ئەم روداوانە کاریگەریان لەسەر خەڵک و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیش داناوە، لە کاتێکدا چین و توێژە جیاجیاکان داوای چاکسازی لە سیستەمی ئابوری و سیاسی دەکەن، لە بەرانبەریشیا کاردانەوەی دەسەڵاتی کوردی (پارتی)ش بەتوندی بۆ دەمکوت کردنی ئازادی را دەربرین و دەمکوت کردنی رۆژنامەنوسان، تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسان و تێکشکانی بزوتنەوەی جەماوەری و سزا لە دژی رۆژنامەنوسان بە تۆمەتی شتی بێ مانا، تا نەتوانن بیر و بۆچونیان فراوان بێت و لە بازنەیەکدا قەتیسیان بکەن، بۆئەوەی تەنها بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن.

حامیها حرامیها، ئەمە وتەیەکی عەرەبیە کە دەڵێ پاسەوانی لێ دەکاو دزیشی لێ دەکات، ئەم وتە عەرەبیە زۆر لە کردارەکانی پارتییەوە نزیکە، هەر وەک چۆن دەیبینین لە 17-2 کۆمەڵێ کەسی سڤیل بۆ داوا رەواکانی خۆیان خۆپیشاندانێکیان کرد، وێرای ئەوەی هەندێک لە خۆپیشاندەران دەڵێن بەرد هەڵدانەکە دەستکیسەی ده‌سه‌ڵات خۆی بوە، بە هەرحاڵ ئەگه‌ر ئەو گەنجە بێکارانە بۆ داوای رەوای خۆیان هەڵەیەکێش بکەن، پارتی ئەبێ ئاوا بە گولە تیرۆریان بکات؟ ئەی ئەگەر ئەمە تیرۆر نەبێ ئەی تیرۆر مانای چییە؟ ئەی ئەگەر ئەمە تۆقاندن و دەمکوت کردنی ئازادی نەبێ، ئەی ئازادی مانای چییە؟ دیارە ئەو بارە سەقام گیرییەی کە پارتی باسی دەکات ئەبێ ئەوان دیکتاتۆر بن و خەڵکیش گوێگری بەڕێز بێت؟ یان بە دیوێکی تردا ئارامی و سەقامگیری ئەبێ ئەوە بێ ئەوان بە ئارەزوی خۆیان سوکایەتی بە میللەت بکەن و میللەتیش بە پیاهەڵدان و شعر و شانامە وەڵامیان باتەوە. ئەوانیش بە ئارەزوی خۆیان تەراتێن بە داهات و شعوری میلەتەوە بکەن؟.

ئەگەر خۆپێشاندانێکیش کرا بۆ رای گشتی رایگەیەنن کە میللەت توندوتیژە دەست بۆ دەستکەوتی نیشتیمانی و ئاسایشی نیشتمانی دەبات، چونکە لە کەلتور و میتۆدی پارتیدا بنەماڵە و ناوچە و حیزبی پارتی دەستکەوتی نیشتیمانیە، بۆیە پارتی بەو شێوە بە گولە وەڵامی دانەوە، بێگومان ئەمە ئەوە ئەسەلمێنێ کە ناتوانری جیاوازی بکرێت له‌نێوان ئێره‌ و سیستمه‌ دیکتاکتۆرییه‌کانی که‌ لە ئێستادا هەن، گومانی تێدا نییە ئەگەر ئەو گەنجانە هەمو کوردستانیان بسوتاندایە بۆ پارتی گرنگ نەبو، بەڵام چونکە دەستیان بۆ لقی چواری پارتی بردوە ئەوە هێڵی سورە، وەک قوربانییه‌کانی پێشو، قوربانیانی ئەم روداوەش کە کۆمەڵێ خەڵکی سڤیلن، کراون بە ئاژاوەگێڕ!، گەنجانی ئەم وڵاتە دەسکەوتی نیشتیمانین نەک لقی ٤، ئەوە کارەساتە ئەوە بە هەدەربردنی دەسکەوتی نیشتیمانیە کە لاوانی نەتەوەکەت خەڵتانی خوێن بکەیت بۆ پاراستنی حیزب.

Sbeiy.com © 2007