Print
 ئایا رزگارکەر لە گۆڕدا نوستوە؟
Wednesday, February 23, 2011

د.چۆمان هەردی  
      ساڵەها بو لە وڵاتە عەرەبیەکاندا بەرپرسیارێتی کێشە ناوخۆییەکان لەلایەک دەخرایە ئەستۆی ئیستیعماری ئەوروپیی کە 'نەتەوەی یەکگرتو'ی عەرەبیان پارچەپارچەکرد و لەلایەکی تریشەوە زایۆنیزم کە بە خۆسەپاندنی لەناوجەرگەی دەوڵەتە عەرەبیەکاندا پەرەی بەهەمان پرۆگرامی ئیستیعمار دەدا. سیاسی و خوێندەوارە عەرەبەکان ئیستیعمار و ئیسرائیلیان بەو دو دەستە نهێنینە دەزانی کە لەپشت هەمو کێشەکانەوە بون. دەمێکیش بو هەمومان لە بەهانەکانی سیاسەتمەدار و تاکی عەرەبیی بێزار بوبوین کە ئەوەندەی ئامادەبون بێنە سەرشەقامەکان لە دژی ئەمه‌ریکا و ئیسرائیل ئامادەیی ئەوەیان تیا نەبو روبەڕوی دیکتاتۆرە عەرەبەکان ببنەوە کە ساڵەها بو بەرپرسیاری یەکەم بون لە بەربڵاوی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و نەبونی ئازادی.

روداوەکانی ئەم دو مانگەی دوایی ناوچەکە، پەرەسەندنی شۆڕش و سەرکەوتنی لە تونس و میسردا (لەگەڵ پەلهاویشتنی بۆ وڵاتەکانی تر) سەرجەمی هاوکێشەکانی گۆڕی. ئەمە ئەو ساتەوەختە مێژوییەیە کە میللەتانێک چیتر بۆ بەهانەی دەرەکی ناگەڕین تا بەرپرسیاری بکەن لە دزێویەکانی کۆمەڵگاکانی خۆیان. ئەم میللەتانە بە راستگۆییەوە لە خۆیان و کێشەکانیان دەڕوانن و بڕیاری گۆڕینی سەرچاوەی ئەم کێشانەش دەدەن. ئەوان لەجیاتی قوڕ بپێون و وەک قوربانی بێ دەسەڵات و زوڵملێکراو خۆیان نمایش بکەن، دەسەڵات دەگرنەدەست و بڕیار دەدەن وگۆڕانکاری بەدیدێنن.

پرسیار لەوەدایە کە ئایا تاک و سەرکردایەتی کوردی گەیشتۆتە ئاستی لەخۆروانین و قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی بۆ کێشە ناوەکیەکانی کۆمەڵگا؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە چیتر رژێمی پێشوی عێراق بەرپرسیارنەکەین لە کێشە هاوچەرخەکانی خۆمان وەک نەبونی خزمەتگوزاری، بەربڵاوی گەندەڵی و نایەکسانی؟

ئەوە ساڵانێکە تاکی کورد لەسەر شەقام و لەناوماڵ و لەرێگەی کەناڵەکانی میدیاوە سکاڵا دەکات و روی گلەیی و داواکاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە نۆزدە ساڵە ئەم ناوچەیە بەڕێوە دەبات. ماوەیەکیشە حکومەتی کوردستان دانی بە بونی ئەم کێشانەدا ناوە و بە هاوڵاتیان دەڵێت کە دەبێت چارەسەربکرێن بەبێ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتیی بۆ ئەم کارە بنێت. لەڕاستیدا پێدەچێت بەربڵاویی ناڕەزایی هاوڵاتیان بوبێتە ئاوازێکی ئاشنا بەگوێی بەرپرسان. ئەوان وەک ئەو مێردانەی کە گلەیی ژنەکانیان بە بۆڵەبەڵێکی تێپەڕ دەبینن، مامەڵە لەگەڵ سکاڵا رەواکانی کۆمەڵگادا دەکەن. کاتێکیش خەڵک لە خەمساردیی دەسەڵاتداران بێزار دەبن و رێگای خۆپیشاندانی جەماوەریی دەگرنەبەر (کە زۆربەی جار لەبەر توڕەیی خەڵک و نەزانیی هێزەکانی ئاسایش لە کۆنترۆڵکردنی حاڵەتی وادا توندوتیژیی لێ دەکەوێتەوە) ئەوا سەرکردەکان پێمان دەڵێن کە ئەمانە کرداری گێرەشوێنین و بەهیچ جۆرێک قوبوڵ ناکرێن. هەمیشەش دوپاتی دەکەنەوە کە ئەم کارانە دەستی دەرەکییان لە پشتە. ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە لەپاش کارەساتی ١٧/٢ سەرکردایەتی گۆڕانیش، کە خۆی بە جیاواز لە سەرکردەکانی تر دەبینی و بە نوێنەری راستەقینەی بەشە زوڵملێکراو و پەراوێزخراوەکەی کۆمەڵگەی کوردی، بەهەمان زمان قسەی لەسەر کێشەکە کرد. ئەو رایگەیاند کە گۆڕان بەرپرسیار نیە لەم کردە گێرەشێوێنیانە کە دیارە دەستێکی دەرەکییان لە پشتە.

پێدەچێت سەرکردایەتی کوردیی ئێستەش قبوڵی نەکردبێت کە خەڵکێکی زۆر لێیان ناڕازیە و بە بەرپرسیاریان دەزانێت بەرامبەر بە کەموکورتیەکانی ژیانی رۆژانەی خۆیان. ئەوان لە خەیاڵی خۆیاندا هێشتاش ئەو وێنە شۆڕشگێرانەیان لەسەر خۆیان پاراستوە کە پێش ١٩٩١ هەیانبو. پێیان وایە کە ئەوان قارەمان و رزگارکەریی ئەم میللەتەن و بۆیە تا ئەبەد مافی رەوای حوکمڕانیی و سەرورییان هەیە. پێیان وایە میللەت دەبێت تا ئەبەد سوپاسگوزاری قوربانیەکانی ئەوان بێت و بەهانە بۆ کەموکورتیەکان بێنێتەوە. بەڵام با لێرەدا ئیستێک بکەین و بپرسین کێ دەتوانێت بەرپرسیارێتیی هەڵگرێت؟

بەبڕوای ئەرستۆ، کە یەکەمین کەس بو کە تیۆری بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی بەرهەمهێنا، تاکەکان تەنها ئەو کاتە لەڕوی ئەخلاقیەوە بەرپرسیارن کە ئازاد و عەقلانیی بن. بەمانایەکی تر ئەو کەسەی کە مەجبور دەکرێت کارێک بکات یا کێشەی دەرونی سەختی هەیە و خاوەنی عەقڵی خۆی نیە ناتوانێت هەڵگری بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی بێت. گەر لە سیاقی کوردستاندا سەیر بکەین دەبینین کە ساڵەهایە بەهانەی سەرکردایەتی کوردیی بۆ هەمو کەموکوڕیەکان ئەوەبوە کە حکومەتی عێراق هەمو شتێکی وێران کردبو و ئەمان بەسەر وێرانەدا هاتن و حکومەتی کوردستان ساوایە. تا پێش ٢٠٠٣ش کە کێشەکان نەدەتەقینەوە بەشێکی لەبەر ئەوە بو کە خەڵک لەوە دەترسان حکومەتی کوردستان لاوازتر ببێت و دەوڵەتی عێراق (یا هەر دەوڵەتێكی تری ئیقلیم) جارێکی تر دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرێت. بەڵام لەپاش ٢٠٠٣وە چیتر مەترسی گەڕانەوەی بەعس نەما و ئەوە ساڵەهاشە سەرکردایەتی کوردیی ئەزمونی حوکومڕانی و ئیداریی هەیە و چیتر حکومەتەکە نەک هەر ساوا نیە بەڵکو هەرزەکاریشی تێپەڕاندوە.

کاتی ئەوە هاتوە سەرکردایەتی کوردی بە راستگۆیی لە خۆی بڕوانێت و دزێویەکانی خۆی ببینێت. لێرەدا لەجیاتی ئەوەی پرسیاری ئەوە بکەن کێ خۆپیشاندانی ١٧/٢ی رێکخست و چ دەستێک لە پشت ئەو روداوانەوەیە، باشتر وایە دان بەوەدا بنێن کە سکاڵای بەردەوامی ئەم هەمو هاوڵاتیە واتە هەبونی کێشەی گەورە کە پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتیە. دواجار هەرکەسێک خۆپیشاندانی ١٧/٢ رێکخستبێت (یان خۆپیشاندانی ١٦/٣/٢٠٠٦ لە هەڵەبجە) کەسان و گروپێکی زۆر بەشداربون کە سەر بە هیچ حیزب و رێکخراوێک نین. ئەوان تەنها کۆمەڵێک هاوڵاتی ناڕازین و کۆڵیان لەوە داوە کە گوێیان لێ بگێردرێ بۆیە بەرد دەهاون. کاتی ئەوە هاتوە سەرکردایەتی کوردی خۆی لەو سەرکردە عەرەبانە دورخاتەوە کە ساڵەها نکۆڵییان لە بەپرسیاریی خۆیان دەکرد و سەرەنجام لەلایەن میللەتەوە وەدەرنران. تاکی کورد دەیەوێت گۆڕانکاریی ببینێت، پرسینەوە لە گەندەڵیی هەبێت، یەکسانی هەبێت، کاری بۆ فەراهەم بکرێت ئەگەرنا سەرکردەکان بەردەوام خەریکی پینەوپەڕۆکردنی ناڕەزایی دەبن. گەر گۆڕانکاریی رونەدات ئەوا کوردیش وەک میللەتە راپەڕیوەکانی دەوربەری پێویستی بە رزگارکەرێکی کاریزمیی نامێنێت بەڵکو سەرەنجام ئەوە نەوەی نوێی کۆمەڵگای کوردیە کە ئاراستەی روداوەکان دیاریدەکات.

تێبینی: 'رزگارکەر لە گۆڕدا نوستوە' دێڕێکی فروغ فرخزادە.
 

Sbeiy.com © 2007