Print
 نه‌خێر... ئه‌و گه‌نجانه‌ ئاژاوه‌گێڕ ‌و فیتنه‌چی نین
Thursday, February 24, 2011

هه‌ورامان وریا قانع  
      
  ئه‌مڕۆ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، له‌سه‌ر كوچه‌ ‌و كۆڵان ‌و شه‌قامه‌كان راوه‌ستاون، نه‌ ئاژاوه‌گێڕن نه‌ تێكده‌ر نه‌ فیتنه‌چین. ئه‌و نه‌وه‌یه‌ كه‌ رژاونه‌ته‌ به‌رده‌ركی سه‌را‌و سرودی ئه‌ی ره‌قیب ‌و خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی ده‌ڵێنه‌وه‌‌و پڕ به‌ گه‌رویان داوای چاكسازی ‌و نه‌مانی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن ‌و پاشان گۆڕه‌پانه‌كه‌ پاكده‌كه‌نه‌وه‌، زۆر له‌و به‌رپرسانه‌ نیشتیمانپه‌روه‌رترن كه‌ ته‌نها له‌یه‌ك شتدا شاره‌زا‌و لێهاتون ئه‌ویش بردن‌و داگیركردنی سه‌روه‌ت‌و سامانی وڵاته‌. ئه‌م گه‌نجانه‌ كه‌ پڕن له‌ خه‌ون‌و خولیا، زۆر له‌ ئێمه‌‌و له‌ باوكه‌ سیاسییه‌كان ‌و له‌ به‌رپرسانی ئه‌م هه‌رێمه‌، دڵسۆزتر‌و به‌ڕێزترن.

ئه‌وان له‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌ گه‌نده‌ڵانه‌ پاك ‌و بێگه‌ردترن كه‌ وڵاتیان كردوه‌ به‌ ده‌خیله‌ی تایبه‌تی بۆ خۆیان ‌و منداڵ ‌و كه‌سوكاریان ‌و كوردستانیان وه‌ك ئه‌وه‌ی موڵكی بنه‌ماڵه‌كانیان بێت بۆخۆیان دابه‌شكردوه‌. ئه‌م لاوانه‌ كه‌ هاتونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان ‌و ده‌سه‌ڵاتی كوردی ‌و حیزبه‌كانی، ته‌قه‌یان لێده‌كه‌ن ‌و هه‌م شه‌هید ‌و هه‌م برینداریان ئه‌كه‌ن، مانای وانییه‌ ئه‌وانه‌ ژیانیان خۆشناوێت ‌و په‌رۆشی نیشتیمان نین، مانای وانییه‌ ئه‌وانه‌ باند‌و تاقمی ئاژه‌وه‌گێڕی‌و په‌شێوی نانه‌وه‌ن. ئه‌وان كه‌ به‌ ده‌ستی خاڵی‌و جاربه‌جار به‌ به‌رد‌و دار‌و ده‌به‌ی ئاوی به‌تاڵه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر كڵاشینكۆفی سه‌ربازه‌ حیزبییه‌كان‌و ده‌مانچه‌ی به‌رپرسه‌كاندا راوه‌ستاون ‌و فیشه‌كه‌كان به‌ر سه‌ر‌و سنگ ‌و قاچیان ده‌كه‌وێ، مانای وانییه‌ له‌ ژیان تۆراون‌و مه‌رگیان خۆشده‌وێت ‌و مردنیان له‌ زینده‌گی پێباشتره‌. مانای وانییه‌ ئه‌مانه‌ هه‌رزه‌كارن ‌و هیچ له‌ دنیا تێناگه‌ن ‌و به‌ته‌نگ مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانه‌وه‌ نایه‌ن. نا نه‌خێر ئه‌وانه‌ هه‌رگیز ئه‌و گه‌نجانه‌نین كه‌ میدیای حیزبی به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاست ‌و زۆر بێویژدانانه‌ وه‌سفیان ده‌كات. ئه‌م گه‌نجانه‌ هیچ نه‌بێت ده‌ستیان به‌خوێنی هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌ سورنه‌كردوه‌، لانی كه‌م به‌شداری شه‌ڕی ناوخۆ ‌و شه‌ڕه‌كانی دیكه‌یان نه‌كردوه‌، ئه‌رزوئاوی نیشتیمانیان تاڵاننه‌كردوه‌، تا پێیان بوترێت ئاژاوه‌گێڕ ‌و فیتنه‌چی.

ئه‌م لاوانه‌ بیست ساڵه‌ ته‌ماشای ناعه‌داله‌تی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن ‌و بێده‌نگن، بیست ساڵه‌ ته‌ماشای كاره‌ نایاساییه‌كانی حیزب ده‌كه‌ن ‌و بێده‌نگن. بیست ساڵه‌ له‌و ناحه‌قییه‌ ده‌ڕوانن كه‌ ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ ژماره‌یه‌كی زۆری خێزانی شه‌هیدان ‌و ئه‌نفالكراوه‌كان ده‌كرێت ‌و بێده‌نگن. قه‌هر ‌و خه‌می نیشتیمان كه‌ به‌و شێوه‌ دزێوه‌ له‌لایه‌ن حكومڕانانی هه‌رێمه‌وه‌ تاڵانده‌كرێت، له‌ناخیاندا په‌نگیخواردوه‌ته‌وه‌‌و رۆژ به‌ڕۆژ گه‌وره‌ترده‌بێت. لێره‌وه‌ ئه‌م گه‌نجانه‌ حه‌زێكی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌ هه‌مو شێوه‌كانی گه‌نده‌ڵی‌و نایه‌كسانی‌و حیزبایه‌تی. خه‌می ئه‌مان خه‌می ژیانێكی جوانتر‌و دادپه‌روه‌رانه‌تره‌، ئه‌مان داوای دنیایه‌ك ده‌كه‌ن تێیدا ئومێد شوێنی نائومێدی، یاسا شوێنی نایاسایی، گه‌شبینی شوێنی ره‌شبینی، كۆمه‌ڵگا شوێنی بنه‌ماڵه‌، ئازادی شوێنی سه‌ركوتكردن، گفتوگۆ شوێنی فیشه‌ك، ئاشتی شوێنی ئاژاوه‌گێڕی، ئاهه‌نگ شوێنی ماته‌مینی، كاركردن شوێنی بێكاری، یه‌كسانی شوێنی نایه‌كسانی، شاره‌زایی‌و لێهاتویی شوێنی خزمخزمێنه‌، رێز شوێنی بێڕێزی، راستگۆیی شوێنی درۆ، بگرێته‌وه‌. به‌ڵێ ئه‌م لاوه‌ جوامێر‌و خوێنگه‌رمانه‌ دنیایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌یان ده‌وێ، بۆیه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات پێویسته‌ بۆ ساتێك واز له‌ داتاشین ‌و دروستكردنی تۆمه‌تی ناڕه‌وا بۆ ئه‌م گه‌نجانه‌ بهێنێت‌و باشتره‌ زۆر له‌ نزیكه‌وه‌ گوێیان لێبگرێت‌و داواكارییه‌ ره‌واكانیان جێبه‌جێ بكات.

گه‌نجانی ئازیز‌و لاوانی خۆشه‌ویست، له‌پاڵ ئه‌و راستیانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، تكایه‌ هێمنی‌و ئاشتی بپارێزن‌و به‌چاوی رێز‌و برایانه‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌و هێزه‌ چه‌كدارانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ ده‌وروپشتتانن، ئه‌وه‌نده‌ رێز‌و حورمه‌تیان بگرن تا دواجار وایانلێده‌كه‌ن بێنه‌ پاڵ ئێوه‌‌و ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ ناڕه‌زاییه‌كانتان‌و پشتگیری‌و كۆمه‌كتان ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌نده‌ نه‌رم‌و ئه‌وه‌نده‌ میهره‌بانبن له‌گه‌ڵیاندا كه‌ به‌خۆیاندابچنه‌وه‌‌و چه‌ك‌و تێڵاكانیان دانێن‌و په‌یوه‌ندیتان پێوه‌بكه‌ن. بیانكه‌ن به‌ هاوڕێ‌و هاوخه‌می خۆتان، گوڵیان بده‌نێ، له‌ئامێزیان بگرن، به‌توندی ده‌ستیان بگوشتن‌و سڵاویان لێبكه‌ن. به‌چاوی رق‌و نه‌یاره‌وه‌ لێیانمه‌ڕوانن، ئه‌وانیش وه‌ك ئێوه‌ له‌ناخه‌وه‌ پڕن له‌ ناڕه‌زایی‌و پڕن له‌ نائومێدی، ئێوه‌ به‌ میهره‌بانی خۆتان دڵنیایان بكه‌نه‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی ئێوه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا نییه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌و سیستمه‌دایه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌كه‌ن به‌دارده‌ستی خۆیان‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاریانده‌هێنن‌و ئێوه‌ی پێ سه‌ركوت ده‌كه‌ن.

ئێوه‌ش برایانی چه‌كدار‌و هێزی پێشمه‌رگه‌، ئه‌مڕۆ كاتی ئه‌وه‌یه‌ چیتر لوله‌ی تفه‌نگه‌كانتان نه‌كه‌نه‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه‌ برا‌و خزم‌و كه‌سوكاری خۆتانن. چیتر رازیمه‌بن خوێنی ئه‌و لاوانه‌ بڕژێت كه‌ ته‌نها ده‌یانه‌وێ خێر‌و بێری وڵات بۆ هه‌مو لایه‌ك بێت‌و به‌یه‌كسانی دابه‌شبكرێت. چیتر باوكان‌و دایكانی ئه‌م وڵاته‌ ره‌شپۆش مه‌كه‌ن. ماڵه‌كان پڕ مه‌كه‌ن له‌ هاوار‌و ناڵه‌ی دایك‌و خوشكی جگه‌رسوتا‌و. پرسه‌ی زیاتر مه‌خه‌نه‌ مزگه‌وته‌كانه‌وه‌. با ده‌ستی ئێوه‌ ده‌ستێكی سپی بێت وه‌ك ده‌ستی منداڵانی ئه‌م گۆڕه‌پانه‌، پاكبێت وه‌ك رۆحی ئه‌م گه‌نجانه‌. بۆ ساتێك زامنی تفه‌نگه‌كانتان دابخه‌ن‌و گوێ له‌ هاواری ئه‌و گه‌نجانه‌ بگرن كه‌ پڕه‌ له‌ حه‌ق‌و له‌ ره‌وایی‌و له‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیان. گوێبگرن بزانن ئه‌و گه‌نجه‌ خێرنه‌دیوانه‌ چه‌ند دڵسۆزانه‌ بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیییه‌كان‌و هێنانه‌دی دنیایه‌كی تازه‌‌و پڕ یه‌كسانی تێده‌كۆشن. ئه‌و گه‌نجانه‌ هه‌رگیز دوژمنی ئه‌م نیشتیمانه‌نین‌و پێویست ناكات بدرێنه‌ به‌ر ته‌قه‌‌و ده‌ستڕێژی گولله‌. ئێوه‌ ئه‌ركێكی مێژویی‌و ئه‌خلاقی گه‌وره‌تان له‌سه‌ره‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ پاراستنی گیانی ئه‌و لاوانه‌، بریتییه‌ له‌وه‌ی ئێوه‌ش ئامێزیان بۆ بكه‌نه‌وه‌‌و پێكه‌وه‌‌و شانبه‌شانی یه‌ك تێكۆشن بۆ هێنانه‌دی كوردستانێك هی هه‌موان بێت‌و بۆ هه‌موان بێت.

له‌كۆتایدا خۆپیشانده‌رانی ئازیز ئه‌گه‌ر كه‌سێك، ئیدی ئه‌و كه‌سه‌ نوسه‌ربێت یان نا، رۆشنبیربێت یان نا، پێشتر به‌رامبه‌ر به‌م شاره‌ تێكۆشه‌ره‌ ناحه‌قییه‌كی كردبێت ‌و هه‌ڵوێستێكی جیاوازی هه‌بوبێت‌و له‌ ئێستادا بیه‌وێت له‌و هه‌ڵوێسته‌ی په‌شیمانبێته‌وه‌‌و بیه‌وێت لێره‌وه‌‌و له‌م گۆڕه‌پانی ئازادییه‌وه‌ په‌یامێك بگه‌یه‌نێت، تكایه‌ رێگری لێمه‌كه‌ن‌و لێگه‌ڕێن قسه‌ی خۆی بكات. ئه‌گه‌ر قسه‌كانیمان به‌دڵ بو ئه‌وا سوپاسی ده‌كه‌ین‌و چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌ده‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر قسه‌كانیمان به‌دڵ نه‌بو، ئه‌وا دیسانه‌وه‌ هه‌ر سوپاسی ده‌كه‌ین‌و ماڵی ئاوابێت. هیوادارم ئێره‌ بكه‌نه‌ سه‌كۆی هه‌مو ده‌نگه‌كان، به‌و ده‌نگانه‌ش كه‌ پێشتر به‌ نه‌غمه‌یه‌كی دیكه‌ قسه‌یان كردوه‌. تا بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی بیسه‌لمێنن ئێوه‌ی نه‌وه‌ی دواڕۆژ، چ نه‌وه‌یه‌كی میهره‌بان‌و سنگفراوان‌و ئاشتیخوازن‌و چه‌ند په‌رۆشی ئاشتی‌و برایه‌تیین‌و چه‌ند دورن له‌كاری ئاژاوه‌گێڕی‌و تێكده‌رانه‌.

رێزی زۆرم بۆ یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌تان هه‌یه‌‌و هیوادارم له‌م خۆپیشاندانه‌ ئاشتیانه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتوبن.

Sbeiy.com © 2007