Print
 جەزا سەرسپی: نامرۆڤانە ئه‌شکه‌نجه‌یان داین
Thursday, April 28, 2011

دیمانە: ئاوارە هەردی
جەزا عەبدولواحید ئەحمەد (ناسراو بە جەزا سەرسپی) لە دایکبوی ساڵی 1959، دەرچوی ئامادەیی بازرگانی شاری سلێمانیە، لە ساڵی 1976 په‌یوەندی کردوە بە کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستانەوە، لە ساڵی 1979 چوەتە ریزیەکانی هێزی پێشمەرگەری کوردستانەوە، هەتا راپەڕین بەردەوام دەبێت، واتە 13 ساڵ پێشمەرگەی شاخ بوە لە ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دوای ئەوەی کە سەرجەم 33 ساڵ لە ریزەکانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا درێژەی بە خەبات داوە، لەبەرئەوەی کە دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە یه‌کێتی وەک حیزبێک بۆ خزمەتکردنی میلەتەکەی لەگەڵ بیروباوەڕی ئەودا ناگونجێ، لە هەمان کاتدا بە هاتنە ئارای بزوتنەوەی گۆڕان، لە یه‌کێتی نیشتمانی دادەبڕێت و په‌یوەندی بە گۆڕانەوە دەکات.
جەزا سەرسپی مرۆڤێکی قسەخۆشە و بە گوڕ و تینەوە قسە دەکات و ئێستاش هەر ئەو گوڕ و تینەی پێشمەرگەکانی شاخی تێدا بەدی دەکرێت، بەردەوام پێداگری لەوە دەکات کە وتەبێژی گۆڕان نییە، بەڵکو تاکێکی گۆڕانخوازە، ئەوەی کە هاندەربو بۆ ئەم دیمانەیە، دەستبەسەرکردنی جەزا سه‌رسپی بو لەلایەن چەند چەکدارێکی ئاسایشەوە لە چەند رۆژی رابردودا بۆ ماوەی 12 سەعات، هەروەها وه‌ک خۆی باس دەکات، دەڵێت من جارێکی دیکە بەعسم بۆ زیندو بوەوە، لەکاتی دەستبەسەربونیشیدا زۆر نامرۆڤانە تەعامولی لەگەڵ کراوە و بەرەوڕوی ئەشکەنجەیەکی زۆر دڕندانە بوەتەوە.

سبه‌ی: بەپێی ئەو جیاوازیانەی گۆڕان لەگەڵ دەسەڵات و ئەوەی کە هەر لە سەره‌تای دەسپێکی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، گۆڕان پێداگری لەسەر کردوە، ئەم کەشەی ئێستا چۆن لێک دەدەنەوە؟
جەزا سەرسپی: پێموایە گۆڕان ئەو بیروباوەڕی هەڵی بژاردوە خزمەتکردنە بەو خەڵکە، گۆڕان توانیویەتی هەمو خاڵە لاوازەکانی ئەو دو حیزبە گەورەیەی کە تائێستا جڵەوی دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە لە کوردستان، بپێکێت و توانیویەتی شێوەی واقعیانە بدۆزێتەوە بۆ چارەسەرکردنی گەندەڵی، ئەمڕۆ خەڵک ناڕازیە لە شێوەی ئەداکردنی حوکمڕانی ئەم دو حیزبە، ئەمانە تێوەگلاون لە گەندەڵیەکی زۆر خراپ کە بە راستی گۆڕان توانیویەتی بە مەعنای کەلیمە چارەسەر بۆ هەمو بوارەکانی ژیان و چارەسەرکردنی گەندەڵی لە کوردستاندا بدۆزێتەوە. بۆیە لە هەرێمی کوردستان و پارچەکانی تری کوردستاندا جەماوەرێکی بەرفراوانی هەیە.

سبه‌ی: ئەگەر دەسەڵات لەسەر هەڵوێستی توندوتیژیەی سور بێت ئایا هەمان چارەنوسی دەسەڵاتەکانی تونیس و میسریش بەرۆک بەمان ناگرێت؟
جەزا سەرسپی: دیارە رەنگە هەلومەرجی وڵاتێک تا وڵاتێکی دیکە جیاوازی هەبێت، دو هۆکار هەیە؛ هۆکاری یەکەم: زروفی مەوزوعی کوردستانە کە خۆی لەبارە بۆئەوەی کە گۆڕانکاری دروست بێت، لەبەرئەوەی خەڵک بە تەواوی مانا ناڕازییە و پێش ئەوەی ئەم گۆڕانکاریانە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا رو بدات لە کوردستاندا خەڵک دەرکێکی بەهێزی کردوە بە هەبونی گەندەڵی و بە ناڕەزایی، هۆکاری دوهەم: ئەم وەزع و زروف و گۆڕانکاریانەی کە لە وڵاتانی دەوروبەری کوردستان دروست بو کە بتەوێت و نەتەوێت نەک ئەم دەسەڵاتانە، بەڵکو لەهەر کوێیەک گۆڕانکاری هەبێت کاریگەری دەبێت لە سەر وڵاتەکانی دەوروپشت، لەکۆدا بە بۆچونی من ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا روی داوە ناڕاستەوخۆ کاریگەری خۆی داناوە، بە پێی ئەوانە دڵنیام گۆڕانکاریش لە سەر دەسەڵات لە کوردستاندا پێک دێت.

سبه‌ی: ئەو دەسەڵاتەی کە گۆڕان دەیەوێت، پێکهاتەکەی چۆن بێت؟
جەزا سەرسپی: بە رای من، ئەو دو حیزبە ئیسلامیە و ئێمە وەکو گۆڕان کە رەنگە بیروباوەڕێکی جیاوازمان هەبێت، بەڵام زۆر ئاسایی لەگەڵ ئەوان یان لەگەڵ هەر حیزبێکی دیکەدا تەحالوفمان هەبێت لە ئەمڕۆدا، ئەم دو حیزبە چەندین ساڵە لەگەڵ یه‌کێتی و پارتیدا لە حوکمڕانیدان و زۆر ئاساییە کە لەگەڵ ئێمەدا لە چەند ساڵی داهاتودا بەیەکەوە خەبات بکەین، بۆچی؟، لەبەرئەوەی ئەمانە چەنێک جەماوەریان هەیە، چەنێ پێگەیان هەیە، بایی ئەوە کورسیان دەبێت، تۆش لە داهاتودا دەتەوێت لەم وڵاتەی ئێمەدا دیموکراتیەت حوکم بکات، ئەمانە چەنێک کورسیان هەبێت بەپێی کورسیەکانیان دەسەڵاتیان دەبێت، کاتێ کە زۆرترین کورسیان هێنا ئەمانە حوکم پێکدەهێنن، جەماوەر رو دەکاتە هەر لایەک ئەو لایە دەسەڵات پێک دەهێنێت، ئەوەشمان لە بیر نەچێت لەو کاتەشدا یه‌کێتی و پارتیش لە ئارادان، بە رای ئێمە هەر کەس بە پێی کورسیەکان، بەپێی پێگەی جەماوەری خۆی، لە دیاریکردنی دەسەڵاتی کوردستاندا مافی ئەبێت، چوار کورسی چوار کورسی، چل کورسی چل کورسی، هەمو کورسیەکان هەمو کورسیەکان، هەر حیزبێک و لایەنێک، ئیسلامیە یان عیلمانیە بە پێی کورسی و بە پێی قاعیدە جەماوەریەکەی خۆی، لە داهاتودا دەسەڵاتی دەبێت.

سبه‌ی: دەسەڵات بانگەشە بۆ دیالۆگ دەکات و گۆڕانیش بانگەشە بۆ دیالۆگ دەکات، کام لایەن درۆ دەکات و ئاقارەکە بەرەو توندوتیژی دەبات؟
جەزا سەرسپی: لەو باوەڕەدام دەسەڵات باوەڕی بە دیالۆگ نییە، بە عەکسەوە گۆڕان زۆر باش بڕوای بە دیالۆگە، دەسەڵات بانگەشە دەکات بۆ دیالۆگ، بەڵام بە کردەوە بڕاوی پێی نییە، ئەوان دیالۆگێکیان قەبوڵ نییە کە لە کورسیەکان و هەیمەنەی خۆیان کەم کاتەوە، دیالۆگێکیان قەبوڵە کە بە مانای کەلیمە لە دەسەڵات و پێگە و پایەی ئەوان کەم نەکاتەوە.

سبه‌ی: دەسەڵات بەردەوام باس لە دەستی دەرەکی دەکات، تا چ رادەیەک ئەوە راستە؟
جەزا سەرسپی: بە رای من ئەمە بەلاڕێدابردنی راستیەکانە، ئەمە یەکەم جار نییە دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆن و هەر جوڵەیەکی دیموکراتیانە و مەدەنی کە لە دەسەڵاتی ئەوان کەم کاتەوە تاوانباری دەکەن، من دڵنیام کە هیچ دەستێکی دەرەکی لە پشتەوە نییە، ئەمە جوڵانەوەیەکی خۆڕسکی جەماوەریە، ئەمە کۆبونەوە و کەڵەکەبونی هەمو ناڕەزاییەکانی خەڵکە، ئەمە کەڵەکەبونی ئەم هەمو ئاخەیە کە خەڵک هەڵیدەکێشێت لەم گەندەڵیە و دزینی سەروەت و سامانەی ئەم میلەتەی کە بە هەدەر دەبرێت، کە کەس نازانێت چی لێ دێت، لەم ناعەدالەتییەی کە بە راستی ئاسمان تا سەر ئەرزی فەرقە لەنێوان دەسەڵاتداران و خەڵکانی چەوساوەدا، و ئەمەش یەکەم جار نییە کە دەسەڵات دەستی تاوان بۆ ئۆپۆزسیۆن درێژ دەکات و دەڵێ دەستی دەرەکی لە پشتە، کە بەڕای من بەس بەلاڕێدابردنی راستیەکانە کە کەس گەندەڵیەکانی خۆیان نەبینێت.

سبه‌ی: گۆڕان لە سەرەتاوە بە دروشمی چاکسازیەوە لە دایک بو، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەسەڵات بەردەوام باس لە چاکسازی دەکات، جیاوازی چاکسازی گۆڕان و دەسەڵات لە چیدایە؟
جەزا سەرسپی: ئەو چاکسازیەی کە گۆڕان داوای دەکات گۆڕانکاریە لە سیستەمدا، بەڵام چاکسازیەکەی دەسەڵات پینە و پەڕۆیە و لە کۆڵکردنی شتەکان و دەم کوت کردنی خەڵکە.

سبه‌ی: هەموان ئاگادارن ئێوە بەر ئەو شاڵاوی توندوتیژیەی دەسەڵات کەوتن و دەسەڵات ئێوەی دەستبەسەر کرد، واتە پێشمەرگەیەکی دێرین دەچێتە زیندانی دەسەڵاتی کوردیەوە، گیرانەکەی ئێوە بە چ شێوەیەک بو؟
جەزا سەرسپی: بە هۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی بەرده‌م سه‌رای ئازادی و پشتگیریکردنی جەماوەر لە پەنای ئۆپۆزسیۆندا، دیارە ئەمەش بەلای دەسەڵاتەوە شایانی قەبوڵکردن نییە، لە 20ی مانگدا، بەرەو بازاڕ دەرۆیشتم، دو چەکدار کە بە جلەکانیاندا دیار بو ئەمانە ئاسایشن، بانگیان کردم و گوتیان کاک خالید کاری پێتە، منیش لام زۆر ئیعتیادی بو، بەڵام نەمزانی کاک خالید کێیە، کە رۆشتم قەمەرەیەکی خسوسی هۆندام بینی، بینیم کە هەندێ چەکداری دیکەی تێدایە، لەو کاتەدا لە مەوزوعەکە تێگەیشتم و سەریان خستم و چاویان بەستم و بردمیان بۆ ئاسایش، لە ئاسایش بۆ ماوەی 2 بۆ 3 خوله‌کێک کڵاوەکەیان لە سەر داکەندم لە بەرئەوەی کە لە قادرمەکانەوە سەر کەوم، دواتر بردمیانە ژورێکەوە، لام زۆر ئیعتیادی بو، پێم وابو کە بە هەڵە لە من تێگەیشتون و رەنگە هەندێ پرسیارم لێ بکەن و بەڕێزەوە بەڕێم بکەن و داوای لێبوردن بکەن، لە ژورەکەدا ئه‌فسه‌رێک دانیشتبو یەک دو نەجمەی هەبو، مەرحەبام کرد و وتم خوا قەوه‌تت بدا، بەڵام هیچ وەڵامی نەدایەوە، بە خێرایی کڵاوەکەیان کردە سەرم، بەبێ ئەوەی هیچ تەحقیقێک و پرسیارێکم لێ بکەن دەستیان کرد بە کاره‌با لێدان و بە لێدان بە بۆکس و بە شەق، بە ئسلوبێکی زۆر ناشرین و بە ئیهانەکردنێکی زۆر نامەردانە کە بە راستی ئەوەی من تەسەورم نەدەکرد یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان کە من چەند ساڵە بەجێم هێشتوە، ئاوەهای لێهاتبێ، کە ئەمە تەسەڕوفی ئاسایشەکەی و چەکدارەکەی بێت کە خۆی بە پارێزەری سەر و ماڵی خەڵک دەزانێت.

سبه‌ی: باشە بەبێ لێپرسینەوە و تەحقیق؟
جەزا سەرسپی: بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک، دواتر هاوارم کرد کاکە گیان، پیم بڵێن لەسەرچی منتان گرتوە و لەبەرچی منتان هێناوە بۆ ئێرە، غەڵەتەکەم پێ بڵێن بۆئەوەی غەڵەتەکەم دوبارە نەکەمەوە، لە وەڵامدا، وتیان دەمت داخە و دواتر سێ چوار کارەبای تریان لێدام، بەڵام ئەوە لام سەیرە کە ئەوەی شەق و بۆکسی لە من ئەدا؛ کۆنە بەعسیە، کۆنە تەواریە، چییە؟چونکه‌ وه‌ک ئه‌وان بون، هەر 2 بۆ 3 خوله‌ک جارێک دو سێ کارەبایان لێ ئەدام، پێیان ئەوتم کە تۆ سایەق پاسی، منیش لە وەڵامدا دەمگوت، من خانەنشینی پێشمەرگەم.
لەوێ دڵنیا بوم کە ئەو دیموکراتیەی کە بانگەشەی بۆ دەکەن، هیچ نییە جگە لە درۆیەکی شاخدار نەبێت. کە ئاوەها تەعامول لەگەل خەڵک و بگرە پێشمەرگەیەکی دێرین دەکەن.
دواتر بە ماوەی 20 خوله‌کێک لەوێ مامەوە، دواتر کابرا ئه‌فسه‌ره‌که‌ هەندێ پرسیاری لێ کردم، لەسەرئەوەی کە ناوم چییە و خەڵکی کوێم و... دواتر کەسێکی تر وتی: تۆ 300 پێشمەرگەت بردوە بۆ سەرا، وتم بەڵێ جا ئەوە چ غەڵەتێکی تێدایە؟ من کە خۆم بە غەڵەتی نازانم... دیار بو کە داخی ئەمە لە دڵیاندا بو، ئەمە هۆکاری گرتنەکەی من بو، من لەلایەن ئەوانەوە دەستنیشان کرابوم.
دواتر هەمان پرسیارەکانیان دوپات کردوە و لە کۆتاییدا کەسێکیان وتی: ئێستا چیت؟ وتم خانەنشینی پێشمەرگەم، دیاربو کە ئەویست بیر و بڕوام بزانێ، وتی: نە لەگەڵ کامە لایەنی؟، وتم راستت دەوێ لە 76وە کۆمەڵەم، لە 79وە پێشمەرگەم، و 33 ساڵ پێشمەرگەی یه‌کێتی بوم، بەڵام ئێستا گۆڕانم، وتی: جا حەرام نییە کە ئەو موچه‌یه‌ لە یه‌کێتی وەرئەگریت؟ وتم ئەوە هیلاکی و ماندوبون و رۆشتنی تەمەنی گەنجی خۆمە کە ئێستا موچه‌ وەرئەگرم.
دیارە ئەوانەی لەوێ ئیش ئەکەن لەبەرئەوەی کە خۆیان چڵکاوخۆرن، وا هەست دەکەن ئەو پارەیەش کە دەدرێت بە من چڵکاوە، بەس من پارەی چڵکاو وەرناگرم، پارەی خەباتی خۆم وەرئەگرم، ئەوانە پارەی چڵکاو وەردەگرن کە بەم ئوسلوبە تەسەڕوف دەکەن و هەڵسوکەوتیان ناشرینە لەگەڵ خەڵک و لەگەڵ جەماوەری کوردستاندا، ئەبێ باشیش بزانن کە ئەمە تا سەر بۆیان نالوێت.
دواتر بردیانین بۆ پەنای سەیارەیەکی کەپس، کە لە ناوەوە، یەک مەتر و نیو بە یەک مەتر و نیو دەبو، یازدە کەس بوین کە کردمانیانە نێو ئەو سەیارە کەپسەوە، یەک سەعات ده‌رگایان لەسەر داخستین، من لە نێو ئەو یازدە کەسەدا بە تەمەن بوم، بەڵام هەمویان گەنج بون. دوای یەک سەعات بردیانین بۆ فەرماندەیی، بەڵام لەو سجنەی فەرماندەیی کەسی باشی تێدا بو، وەک ئینسان تەعامولیان لەگەڵ کردین، تەسەڕوفی ئاسایش لەگەڵ فەرماندەیی زۆر جیاواز بو، بەڵام خۆزگە بمزانیایە ئەوانەی ئاسایش پەروەردەی چ بیر و باوەڕێکن، چ حیزبێک پەروەردەی کردون؟ ئایا یه‌کێتی پەروەردەی کردن ئەو یه‌کێتیەی کە ئێمە بە جێمان هێشت؟ زۆر سەیرە لە لام من لەو حیزبەدا کە خەباتم کردوە ئێستە وای لێهاتوە کە ئاوەها تەسەڕوف دەکەن، پرسیاری ئه‌وه‌ هات به‌ مێشکمدا ئەگەر منیش ئێستا هەر لە یه‌کێتیدا بومایه‌ لەوانەبو منیش هەر وەکو ئەمان بومایه‌؟

سبه‌ی: لەو کاتەوەی کە دەستبەسەر کرایت تا ئەو کاتەی کە ئازادکرایت چەنێکی خایاند؟
جەزا سەرسپی: 2:00ی پاشنیوەڕۆ دەستبەسەر کرام و 2:00ی نیوەشەو ئازادیان کردم، واتە 12 سەعات.

سبه‌ی: ئێوە بە بڕیاری حاکم گیرابون؟
جەزا سەرسپی: نەخێر، بە بڕیاری برادەرانی یه‌کێتی، نەک حاکم.

سبه‌ی: بۆ دەسەڵات دەست دەداتە توندوتیژیەکی ئاوەها؟
جەزا سەرسپی: دەسەڵات دەزانێ کە هیچ مەجالێکی نەماوە بۆیە پەنا دەباتە ئەم توندوتیژیە، بەڵام ئەمە چەند ئەخایەنێت، ئەوە توانی تا مانگێک، بگرە شەش مانگی دیکەش وا بێت، دواتر چی دەکات، جەماوەر چۆکی بۆ سەدام حسێن دانەدا؟، لە میسر حوسنی موبارەک هێز و دەبابە و تۆپ و تەیارەی هەبو، بەڵام لە بەرامبەر ئیرادەی جەماوەردا چۆکی دادا، لەوانەیە دەسەڵات بتوانێ بۆ فەترەیەکی کەم سەرکوتی بکات، بەڵام ئامانجی سەرەکی دەسەڵات ئەوەیە کە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و شەقام بەرەو توندوتیژی هان بدات، بەڵام ئەبێ باش بزانێت کە توندوتیژی بە قازانجی میللەت نییە. دڵنیام قەد جەماوەر پەنا ناباتە توندوتیژی لەبەرئەوەی کە جەماوەر خۆڕاگرە، بەڵام ئەم هێزەی ئەمان لەبەر ئەم بەفر و باران و سەرمایەدا چەنێک دەتوانن خۆیان بگرن، دەسەڵات هێزەکانی خۆی بە پارە راگیر کردوە، بەڵام هێزی جەماوەر، هێزی ورە و بیروباوەڕە. لەوەش دڵنیام کە ئەو هێزەی ئێستا لەگەڵ دەسەڵاتدایە نیوەی لەگەڵ جەماوەردایە، چونكه‌ ئەو چەکدارانە کوڕی ئەو خەڵکەن. لەبەرئەوە دڵنیام کە دەسەڵات سەرکەوتو نابێت.
دڵنیام کە جه‌ماوه‌ر و ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتن بە دەست دەهێنێنن، چونكه‌ جەماوەر پشت و پەنای ئۆپۆزسیۆنە و ئۆپۆزسیۆنیش پشت و پەنای جەماوەرە و لە داهاتودا داواکاریەکانی شەقام و ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتن بەدەست دەهێنێ.

Sbeiy.com © 2007