Print
 د.نوری تاڵەبانی: پێویستە دەسەڵاتی دادوەریی جێگای متمانەی هاوڵاتیان بێت
Thursday, May 12, 2011

سازدانی: بەهادین یوسف
د.نوری تاڵه‌بانی مامۆستای قانون و ئه‌ندامی کارای ئه‌کادیمیای کوردی، ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی له‌ 17ی شوباتدا رویدا، ده‌بو دادگای لێکۆڵینه‌وه‌ لێی بکۆڵێته‌وه‌، نه‌ک به‌بڕیاری حکومه‌ت، یان په‌رله‌مان لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌تی بۆ دروست بکرێت، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات که‌ ناکرێت په‌رله‌مان به‌پێچه‌وانه‌ی بڕیاری خۆی قانونێک به‌ زۆرینه‌ په‌سه‌ند بکات که‌ ره‌هه‌ندی نیشتیمانی هه‌بێت، تا ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌ یان هه‌موار نه‌کرێت.

رۆژنامە: لەماوەی دو مانگی رابردودا چهندین کهس لە كوردستان دەستگیركراون، بێ بڕیاری دادگا و ئازار و ئەشكەنجەش دراون، دواتر هەر بەبێ بڕیاری دادوەر ئازادكراون، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم دۆخە چییە؟
د.نوری تاڵەبانی: گرفتی ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا ئەوەیە، كارەكان كراون بە سیاسەت، هەتا ئەوانەش كە پەیوەندییان بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە هەیە، كە دەبو ئەو دەسەڵاتە یەكلاییان بكاتەوە، لێرەدا ئاماژە بۆ كارێك دەكەم، كە بەهۆی روداوەكانی رۆژی (17)ی شوباتی (2011) و رۆژانی دواتر ده‌ستی پێکرد، بەپێی قانون، ئەگەر تاوانێك لە جێگایەك رویدا، دەبێت دادگای ئەو جێگایە لێی بكۆڵێتەوە، ئەگەر لایەنێك لە شێوەی ئەنجامدانی ئەو لێكۆڵینەوەیە ناڕازیی بو، دەتوانێت لەبەردەم دادگایەكی پایەبەرزدا تانەی لێ بدات، تا دەگاتە دادگای پێداچونەوە (تەمییز)، ئەوەی لە (17)ی شوبات و رۆژانی دواتردا رویدا، دەبو دادگای لێكۆڵینەوەی ئەو جێگایەی ئەو تاوانەی تێداكراوە، لێی بكۆڵێتەوە، نەك بە بڕیاری حكومەت، یان پەرلەمان لیژنەی لێكۆڵینەوەی تایبەتی بۆ دروست بكرێت، ئەگەر لە سەرەتاوە بەپێی ئەو پرەنسیپە قانونییە لێكۆڵینەوە بكرابا، كەسێك نەیدەتوانی تۆمەتی دەستێوەردان لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەریی بخاتە پاڵ كەسێك، یان دەسەڵاتێكی تر، یاخود باس لە دەستگیركردنی بەبێ بڕیاری دادگا، یان ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوەكان بكرێت.

قانون، مافی تۆمەتپێكراوی دەستەبەركردوە، تا بتوانێت داكۆكی لەخۆی بكات لە قۆناغی لێكۆڵینەوە و لە قۆناغی پاشتریش، تا بڕیار لەسەر كەیسەكەی دەدرێت، قانون دەسەڵاتی لێكۆڵینەوەی بە دادگای ئەو جێگایەی تاوانەكەی تێداكراوە، داوە، چونكە بەڵگەكان لەوێ كۆدەكرێنەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی دەرخستنی راستییەكان و دۆزینەوەی تاوانباری راستەقینە، بۆ ئەوەی بەزوترین كات بە سزای رەوای خۆی بگات. بەوجۆرە متمانەی هاوڵاتیان بە دەسەڵاتی دادوەریی دەمێنێت و زیاتر دەبێت، ئەو روداوانەی لەو ماوەیهدا رویانداوە، كاری ناقانونین، بەڵام لەڕوی قانونییەوە نەگەیشتونەتە رادەی ئەوە بە بەرپاكردنی حاڵەتی لەناكاو لەقەڵەم بدرێن.

رۆژنامە: بە بۆچونی بەڕێزتان، لەم ماوەیەدا؛ تا چەند دادگا توانیویەتی رۆڵی خۆی ببینێت و سەروەریی قانون بپارێزێت؟
د.نوری تاڵەبانی: ئەركی سەرەكی دەسەڵاتی دادوەریی، جێبەجێكردنی حوكمی قانونە، بەپێی ئەو قانونانەی كاریان پێ دەكرێت، پێویستە ئەو دەسەڵاتە جێگای متمانەی هاوڵاتیان بێت، بەڵام سەروەریی حوكمی قانون هەر دروشم نییە، دەبێت ئەو دەسەڵاتەی جێبەجێكردنی حوكمی قانونی پێ سپێردراوە، جێگای متمانهی هاوڵاتیان بێت، چ ئەوانەی تاوانیان لەگەڵ دەكرێت، یان كاری ناقانونی دیكە، دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق و لە هەرێمی كوردستاندا ماوەیەكی زۆر لەژێر دەسەڵاتی حوكمی دڕندانەی بەعسدا بو، بەشێك لە كادیرە باشەكانی دەركران، یان دورخرانەوە. كاراكردنی دەسەڵاتی دادوەریی هەر بە زیادكردنی موچە ناكرێت، پێویستە كەسانی شارەزا و چاونەترس لەناو دەسەڵاتی دادوەریی كوردستاندا جێگایان هەبێت، هەتا ئەگەر لەبەر تەمەنیش خانەنشین كرابن، لەكاتی ئامادەكردنی پرۆژەی قانونی دەسەڵاتی دادوەریی لە لیژنەی قانونی خولی دوەمی پەرلەماندا، چاومان بە كۆمەڵێك دادوەری كۆن و تازە كەوت، پێشنیازی ئەوەمكرد؛ لەبەر تەمەن، دادوەر (باسی مامۆستای زانكۆشم كرد)، خانەنشین نەكرێت، لە وڵاتە پێشكەوتوەكانی جیهاندا، دادوەر و مامۆستای زانكۆ لەبەر تەمەن خانەنشین ناكرێن، پێشنیازەكەم قبوڵ نەكرا، بۆیە لەكاتی دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژەیە لەناو هۆڵی پەرلەمان دەنگم بۆ نەدا، سەرۆكی پەرلەمان پرسیاری هۆی ئەو هەڵوێستەی لێكردم، وتم؛ دادوەر، یان مامۆستای زانكۆ، لەبەر تەمەنیان نابێ خانەنشین بكرێن، ئەگەر دەسەڵاتی دادوەریی چالاك و كاریگەر نەبێت، هاوڵاتیانیش رێز لە قانون ناگرن. جێبەجێكردنی بەشی زۆری قانونەكان بەندە بە بونی دادوەری شارەزا و چاونەترس، دەستەی نەزاهە ئەگەر دەسەڵاتی دادوەریی هاوكاریی نەكات، سەركەوتو نابێت لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەرشانی، چونكە ئەو دەستەیە هەر كاری لێپێچینەوە و لێكۆڵینەوە دەكات، دەسەڵاتی دادوەریی بڕیار لەسەر بەتاوانكردنی كەسی تۆمەتپێكراو بە گەندەڵیی دەدات.

رۆژنامە: بەپێی بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی (2011)ی پەرلەمانی كوردستان، ئەو قانون و بڕیارانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، بە سازان (توافق) لەنێوان سەرجەم فراكسیۆنەكاندا دەردەچن، بەڵام لەدوای ئەو بڕیارە، بەبێ ئامادەبونی ئۆپۆزسیۆن، چەند قانونێكی گرنگ بە زۆرینە پەسەند كراون، ئەوە پێشێلی بڕیار و قانونەكان نییە؟
د.نوری تاڵەبانی: قبوڵكردنی بڕیاری زۆرینە لەناو پەرلەماندا، یەكێكە لە پرەنسیپەكانی دیموكراسییەت، بۆیە بە زۆرینەی دەنگەكان لەسەر پەسەندكردنی قانون و بڕیار كارێكی ئاساییە، مەگەر لە مادەیەكی دەستوریی، یان لە قانونێكدا مەرجی بەدەستهێنانی رێژەیەكی تایبەت دانرابێت، بەڵام پەرلەمانی كوردستان لەو بڕیارەی، كە بە تێكڕای دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند كراوە، سەبارەت بە چاكسازیی لە هەرێمی كوردستان و شێوەی جێبەجێكردنی، لە خاڵێكی ئەو بڕیارەی خۆی پابەند كردوە بەوەی، ئەو پرۆژە قانونانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە نابێت بە زۆرینە پەسەند بكرێن، ئەو بڕیارە حوكمی قانونیی هەیە، بۆیە ناكرێت پەرلەمان بە پێچەوانەی ئەو بڕیارەی قانونێك بە زۆرینە پەسەند بكات، كە رەهەندی نیشتمانیی هەبێت، تا ئەو بڕیارەی پەرلەمان هەڵنەوەشێتەوە، یان هەموار نەكرێت، نابێت پرۆژەقانونێك، یان بڕیارێك كە رەهەندی نیشتمانیی هەبێت بە زۆرینە پەسەند بكرێت، دەرچونی هەمو قانونێك، یان بڕیارێك لەبەر هۆیەكی تایبەت پەسەند دەكرێت، كە پێی دەوترێت؛ هۆكاری قانوندانان (الاسباب الموجبە للقانون)، هۆی پەسەندكردنی ئەو بڕیارەی پەرلەمان ئەو بارودۆخە ناهەموارە بو، كە پەرلەمانی ناچار كرد ئەو بڕیارە بەتێكڕای دەنگ پەسەند بكات. بەداخەوە ئەو بارودۆخە تائێستا ماوە، بهڵكو ئاڵۆزتر بوه، لەڕوی سیاسیشەوە ئەو قانون و بڕیارانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، چاكترە بە زۆرینە پەسەند نەكرێن، چونكە دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم دیالۆگ و پێكەوە دانیشتن، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. تا ئەو بڕیارەی پەرلەمان هەڵنەوەشێتەوە بەپەسەندكردنی بڕیارێكی دیكە، پەرلەمان نابێت قانونێك بە پێچەوانەی ئەو بڕیارە پەسەند بكات، ئەو قانونانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، لەبەر هەمان هۆكار دەبێت بە تەوافوق پەسەند بكرێن، وەك پرۆژەی قانونی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و ئەو كۆمسیۆن و دەستانەی لە پرۆژەی دەستوریی هەرێم بە سەربەخۆ پێناسە كراون. بەداخەوە كێشەكانی كوردستان تائێستا چارەسەر نەكراون، پەسەندكردنی ئەو قانونانە، ئەگەر لەڕێگەی سازان لەنێو فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان نەبێت، كێشەكان بەرەو چارەسەركردن نابات.

رۆژنامە: لەماوەی رابردودا پەرلەمانی كوردستانیش هەندێك پشێویی تێكەوت و كار گەیشتە وەرگرتنەوەی حەسانە و سزادانی پەرلەمانتار، رای بەڕێزتان چییە لەسەر ئەدای ئەم ماوەیەی پەرلەمان، بەشێك بوە لە چارەسەر، یان بەشێك بوە لە كێشەكان؟
د.نوری تاڵەبانی: هۆی سەرنەكەوتنی خولی سێیەمی پەرلەمان لە جێبەجێكردنی بەشێك لە ئەركەكانی سەرشانی، په‌یڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە، كە لە ساڵی (1992)دا پەسەند كراوە، ئەو په‌یڕەوە دەسەڵاتێكی زۆری بە دەستەی سەرۆكایەتی داوە، لە خولی دوەمی پەرلەماندا، لیژنەی قانونی بەهاوكاریی لیژنەكانی دیكە پرۆژەیەكی ئامادەكرد و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەیخستە  سەر بەرنامەی كار، چونكە نەیدەویست دەسەڵاتە رەهاكانی كەمبكرێنەوە، لەوە دەچێت دەستەی سەرۆكایەتی خولی سێیەمیش نەیەوێت دەسەڵاتەكانی كەم بكرێنەوە، بۆیە ئەو پرۆژەیەی تائێستا نەخستوەتە سەركاری پەرلەمان، یان كاری بۆ ئامادەكردنی پرۆژەیەكی نوێ نەكردوە، بە پێچەوانەی هەڵوێستی ئەنجومەنی تازە هەڵبژێراوی عێراق، كە كاری یەكەمی ناولێنانی لیژنەیەكی تایبەت بو بۆ ئامادەكردنی په‌یڕەوێكی تازە، لە ماوەیهكی كەمدا، لێكۆڵینەوەی لەسەركراو پەسەند كرا. ئەگەر په‌یڕەوێكی ناوخۆی تازە بۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پەسەند بكرێت، تێیدا دەسەڵاتەكانی دەستەی سەرۆكایەتی كەمبكرێنەوە، پەرلەمان چالاكتر دەبێت لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەرشانی.

سەبارەت بە وەرگرتنەوەی حەسانەی پەرلەمانیی لە پەرلەمانتارێكی سەر بە ئۆپۆزسیۆن، ئەو كارە دەبو بەشێوەی (ابغض الحلال) چارهسهر بكرێت، ئەوە لە مێژوی خولی سێیەمی پەرلەماندا دەنوسرێتەوە. لە خولی دوەمی پەرلەماندا كاری ناقانونیی كراوە، بەڵام سزای هیچ پەرلەمانتارێك نەدراوە لەبەر هۆی سیاسیی. بۆ نمونە، پەرلەمانتارێك زیاتر لە ساڵێك لەبەر هۆی سیاسیی بەشداریی لە كۆبونەوەكانی پەرلەمان نەكرد، هەرخۆشی لەبەردەم میدیادا هۆی بەشداریی نەكردنی لە دانیشتنەكانی پەرلەمان خستەڕو، بەڵام ئیجرائاتی قانونیی لەگەڵدا نەكرا، كەدەبو لەڕوی قانونییەوە بكرێت، بەڵام لەڕوی سیاسییەوە كارێكی ژیرانە بو كە سەرۆكایەتی پەرلەمان هیچ ئیجرائاتێكی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارەدا نەكرد.
ئەوەی لەناو پەرلەمانی كوردستان لەو رۆژەدا رویدا، لەناو پەرلەمانی فەرەنسا لە ساڵی (1965)دا، بەشێوەیەكی تر چه‌ند جارێک رویداوه، لەبەر ئەوەی لە وڵاتێكەوە رومکردبوه فەرەنسا، كە كەلتورێكی لەو جۆرەی تێدا نەبوە، ئەو رەفتارانەی پەرلەمانتارانی فەرەنسام لا سەیر بو، ئێمە جارێ زۆرمان ماوە ئەو جۆرە كەلتورە لەلامان قبوڵ بكرێت، دیموكراسییەت بە رۆژ و ساڵ و چەند ساڵێك جێگیر نابێت، كێشەی ئێمە كێشەی سیستمی حوكمڕانییە، چونكە كورد نزیكەی (20) ساڵە حوكمی خۆی دەكات، بەڵام بەبێ دەستور، لایەنە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانیش، هەمو دان بەوەدا دەنێن؛ كە وڵاتەكەمان كۆمەڵێك كێشەی سیاسیی و ئیداریی و ئابوریی هەیە و پێویستە چارەسەربكرێن، ناكۆكیی لەسەر شێوازی چارەسەركردنیانە، نەك دیاریكردنی كێشەكان، ئەوەش هەر بە دیالۆگ و پێكەوە دانیشتن چارەسەر دەكرێن. بەكارهێنانی توندوتیژیی و شەڕی میدیای ناڕەوا، كێشەكان بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار دەبات، ساڵەكانی ناوەڕاستی نەوەدەكانمان بەبیر دەخاتەوە.

Sbeiy.com © 2007