Print
 
 ئایا خه‌ڵك ده‌نگ به‌ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌م واقیعه‌ گه‌نده‌ڵه‌ ده‌دات، یان به‌ پرۆژه‌ی‌ گۆڕانكاریی‌؟
نوسه‌ر:  سیروان ره‌شید
Tuesday, July 7, 2009

چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌سه‌ڵات كه‌وتوه‌ته‌ دابه‌شكردنی‌ زه‌ویی‌ وڵات بۆ بانگه‌شه‌ی‌ لیستی‌ كوردستانی‌‌و هه‌ڕاجكردنی‌ هه‌زاران فۆرمی‌ دامه‌زراندن‌و پاره‌به‌خشینه‌وه‌و دابه‌شكردنی‌ ئه‌و (10)هه‌زار ده‌مانچه‌یه‌ی‌ كه‌ یه‌كێتی‌ له‌كۆمپانیایه‌كی‌ كرواتی كڕیویه‌تی‌‌و وه‌ك به‌رتیلی‌ ده‌نگ كۆكردنه‌وه‌ به‌ هاوڵاتییان‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت‌و كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ ده‌دات «هه‌واڵی‌ كڕینی‌ ئه‌و 10 هه‌زار ده‌مانچه‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێزان سه‌عدی‌ پیره‌و مسته‌فا چاوڕه‌شه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ بارزان پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌».

 ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌مومان له‌میدیاكانه‌وه‌ بینیمان كه‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ كه‌وتونه‌ته‌ ده‌ركردن‌و موحاسه‌به‌كردنی‌ ئه‌و كارمه‌نده‌ حكومییانه‌ی‌ (مه‌ده‌نی‌‌و سه‌ربازی‌) كه‌ نایانه‌وێت ده‌نگ به‌لیسته‌كه‌ی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ بده‌ن. جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌ڵسوڕاوانی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسانی‌ حیزبی‌‌و موختارو ئه‌نجومه‌نی‌ گه‌ڕه‌كه‌كان سه‌ردانی‌ ماڵان ده‌كه‌ن‌و ناچاریان ده‌كه‌ن لایه‌نگیرییان بۆلیسته‌كان ئاشكرابكه‌ن‌و داواشیان لێده‌كه‌ن ده‌نگ به‌لیستی‌ كوردستانی‌ بده‌ن. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دو پێوه‌ری‌ جیهانی هه‌یه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی‌ هه‌ڵبژاردن: یه‌كه‌میان، ئازادی‌‌و دوه‌میان، نه‌زیهییه‌، ئازادییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێگری‌ له‌كه‌س نه‌كرێت‌و نه‌خرێته‌ ژێرفشاره‌وه‌‌و ده‌نگی‌ هاوڵاتییان نه‌كڕرێت، نه‌زیهییش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لیسته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌‌و پیشه‌ییانه‌ كاربكه‌ن.

له‌راستیدا كێشه‌ی‌ من ئه‌وه‌نییه‌ خه‌ڵك ده‌نگده‌دات به‌فڵانه‌ لیست‌و نایدات به‌لیستێكی‌ دیكه‌، به‌ڵكو كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ به‌هۆی‌ ئه‌و سیستمه‌ ناته‌ندروسته‌ی‌ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان دروستیانكردوه‌، ئه‌مڕۆ نانی‌ خه‌ڵكییان كه‌وتوه‌ته‌ چنگ‌و له‌ هه‌وڵی‌ ملكه‌چیپێكردن‌و به‌كۆیله‌كردنی‌ خه‌ڵكدان‌و ئیراده‌و ویژدانیان ده‌كڕن.

ئێوه‌ سه‌یركه‌ن یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌نیازی‌ چین؟ به‌پێی‌ زانیارییه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كان یه‌كێتی‌ (100)ملیۆن دۆلارو پارتییش له‌ ده‌وروبه‌ری‌ ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ی‌ بۆ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌رخانكردوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌ به‌گه‌ڕخستنی‌ داموده‌زگایه‌كی‌ زه‌به‌لاحی‌ راگه‌یاندنی‌ وه‌ك (6) كه‌ناڵی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ ئاسمانی‌‌و زیاتر له‌ (35) ته‌له‌فزیۆنی‌ ناوخۆیی‌‌و زیاتر له‌ (120)رادیۆی‌ مه‌ركه‌زی‌‌و لۆكاڵی‌‌و (5) رۆژنامه‌ی‌ رۆژانه‌و زیاتر له‌ (100)هه‌فته‌نامه‌و گۆڤار له‌ شاروشارۆچكه‌كان، جگه‌ له‌ له‌شكرێك كارمه‌ندی‌ ئیعلامی‌، كه‌ خۆی‌ له‌نزیكه‌ی‌ (15)هه‌زار كه‌س ده‌دات، پێده‌چێت ئه‌مه‌ له‌وسۆنگه‌یه‌وه‌بێت كه‌ هه‌ستیان به‌وه‌كردبێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌ستێره‌ی‌ به‌ختیان ده‌كوژێنێته‌وه‌.

له‌زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ دنیادا، ده‌نگده‌ر ده‌نگ به‌به‌رنامه‌ی‌ لیسته‌كان ده‌دات، زۆرگرنگه‌ هاوڵاتییانی‌ هه‌رێمیش ده‌نگ به‌به‌رنامه‌ی‌ لیسته‌كان بده‌ن‌و ویژدانیان سه‌نگی‌ مه‌حه‌ك بێت بۆهه‌ڵبژاردن‌و ده‌نگدان به‌لیسته‌كان، به‌جیاوازی‌ ئینتیمای‌ سیاسیی‌‌و بێلایه‌نییانه‌وه‌ پێویسته‌ به‌شداری‌ بكه‌ن له‌ده‌نگداندا، چونكه‌ به‌شداری‌ نه‌كردن واته‌ خۆسڕكردن.

هه‌ڵبژاردنی‌ (25)ی‌ ته‌مموز له‌نێوان دو بژاره‌دایه‌؛ كه‌ یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ ئایا هاوڵاتییان ده‌یانه‌وێت ده‌نگ به‌پرۆژه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و مانه‌وه‌ی‌ ئه‌م واقیعه‌ی‌ ئێستا بده‌ن‌و ده‌یانه‌وێت هه‌رێمی‌ كوردستان داموده‌زگاكانی‌ (حكومه‌ت، په‌رله‌مان، ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌) به‌م شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌‌و بۆچوارساڵی‌ دیكه‌ به‌رده‌وام بێت؟، یاخود ده‌یانه‌وێت ده‌نگ به‌پرۆژه‌ی‌  گۆڕان‌و چاكسازی‌ بده‌ن له‌داموده‌زگاكانی‌ هه‌رێمدا؟، كه‌ له‌راستیدا ده‌نگی‌ هاوڵاتییان ده‌چێته‌ خزمه‌تی‌ ئه‌م دو پرۆژه‌یه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌شێوازه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌ی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك ده‌ڵێن به‌پێودانگی‌ ئه‌وه‌ی‌ (هه‌رچی‌ هه‌ڵبژێرین له‌پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ باشترنابن‌و به‌دیل نییه‌!)‌و ده‌نگ به‌لیستی‌ ئه‌و دو هێزه‌ سیاسییه‌ بده‌ن، ئه‌وه‌ ئیتر پێویست ناكات له‌مه‌ودوا خه‌ڵكی‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ سه‌یداوای‌ هه‌ولێرو كانی سپیكه‌ی‌ سلێمانی‌ له‌بن دیواره‌كاندا ناڕه‌زایی‌ ده‌رببڕن‌و بۆڵه‌بۆڵ بكه‌ن، چونكه‌ هاوڵاتییان خۆیان ده‌بنه‌وه‌ خولقێنه‌ری‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ كه‌ (18)ساڵه‌ ته‌نیا تاقمێكی‌ كه‌می‌ بنه‌ماڵه‌و ده‌سه‌ڵاتداران لێی‌ سودمه‌ندبون.

 

Sbeiy.com © 2007